Accessibility links

هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر دواخستنى ئۆپه‌راسیۆنى هێزه‌کانی عێڕاق بۆ شاخى غه‌ڕه‌ رێككه‌وتن


هێزه‌کانی عێراق
هێزه‌کانی عێراق

دلێر عه‌بدوڵا: "هێزێكى زۆرى پێشمه‌رگه‌ش هێنراوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ به‌رگرتن به‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان، به‌ڵام هێزه‌ عێراقیه‌كان تائێستا جوڵه‌یان نه‌كردووه‌."

حكومه‌تى عێراق هێزێكى زۆرى له‌ ئامرلى و ناوچه‌كانى ترى عێراقه‌وه‌ بردوه‌ته‌ قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین به‌ ئامانجى هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌كداره‌ سونه‌كانى شاخى غه‌ڕه‌ و پێشره‌وى كردن به‌ره‌و ناوچه‌ كوردنیشینه‌كانى ناحیه‌ى نه‌جول، به‌ڵام به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى عێراق بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌.

دلێر عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى نه‌وجول، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"حكومه‌تى عێراق ویستى هێز به‌ره‌و ناحیه‌ى نه‌وجول (زنانه‌) و گونده‌ كوردنیشینه‌كان بجوڵێنێت و نیازى كۆنترۆڵكردنى ناحیه‌كه‌ى هه‌بوو، كه‌ئێستا كورده‌كانى خورماتوى تێدایه‌."

گوتیشى"هێزێكى زۆرى پێشمه‌رگه‌ش هێنراوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ به‌رگرتن به‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان، به‌ڵام هێزه‌ عێراقیه‌كان تائێستا جوڵه‌یان نه‌كردووه‌."

ناحیه‌ى نه‌وجول و ناوچه‌ كوردنیشینه‌كان كه‌ئێستا به‌شێكى زۆر له‌ئاواره‌كانى خورماتویان تێدایه‌، ده‌كه‌ونه‌ باكورى رۆژهه‌ڵاتى خورماتوه‌وه‌ و پاساوى عێراق بۆ پێشره‌وى كردن به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌گوایه‌ چه‌كداره‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌و ناوچانه‌ قه‌زاى خورماتو هاوه‌نباران ده‌كه‌ن.

هێزه‌کانی عێڕاق ئاماده‌ بۆ چوون بۆ شاخی غه‌ڕه‌
هێزه‌کانی عێڕاق ئاماده‌ بۆ چوون بۆ شاخی غه‌ڕه‌

خواستى حكومه‌تى عێراق بۆ پێشره‌ویكردن به‌ره‌و ناوچه‌كوردنیشینه‌كان، له‌كاتێكدایه‌ فرۆكه‌ عێراقیه‌كان له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا چه‌ند جارێك ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌ و شاخى غه‌ره‌یان بۆردومانكردووه‌، كه‌ له‌ئێستادا هێزه‌ سونیه‌كانیان تێدایه‌ كه‌ به‌پاشماوه‌ى داعش ناوده‌برێن.

محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتو، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ئۆپه‌راسیۆنى سوپاى عێراق بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێى رێكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم."

ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندى به‌عه‌لى حسێنى وته‌بێژى میحوه‌رى باكورى عێراقى حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ كرد، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆن دژى چه‌كداره‌ سونه‌كانى شاخى غه‌ره‌ و ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌، داواكارى ئه‌وان بووه‌ له‌حكومه‌تى عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00

XS
SM
MD
LG