Accessibility links

حەیدەر عەبادی وەزیری کارەبای عێراقی لە کارەکەی لابرد


سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی
سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی

سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی وەزیری کارەبای عێراق قاسم فەهداوی لە کارەکەی دوورخستەوە، ئەمەش دوای سێ هەفتە لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە باشووری عێراق دژی گەندەڵی و کەمی کارەبا لە وڵاتەکەدا.

ماوەی سێ هەفتەیە خۆپیشاندانەکان لە دژی گەندەڵی و نەبوونی کارەبای پێویست و کەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و کەمیی ئاو و خراپ بەڕێوەبردن و دەستوەردانی دەرەکی بەردوامن.

لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا 14 خۆپیشاندەر کوژراون، هەروەها دوورخستنەوەی وەزیری کارەبا کە شکستی هێناوە لە دابینکردنی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی فەرمانی دەرکردووە بە لابردنی وەزیری کارەبا لە پۆستەکەی بەهۆی جێبەجێ نەکردنی کارەکانیەوە بەپێی پێویست."

بەرپرسێکی عێراقی بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی وت " فەرمانی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکان و دامەزراندن و پڕۆژە جێبەجێ نەکراوەکان."

وەزیری کارەبای عێراق قاسم فەهداوی پێشوازی لە بڕیارەکەی عەبادی کردوو و لە لێدوانێکدا داوای لە کادرە باڵاکانی وەزارەت کرد هاریکاری هەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بکەن بە ئامانجی گەیاندنی ڕاستییەکان.

ئێستا وەزیری کارەبا لە عێراقدا چاوی کەمی لەسەرە چونکە هەر کەسێک لەو پۆستەدا کاری کاری کردبێت بەڵێنەکانی چارەسەری کێشەی کارەبای نەبردۆتە سەر. لە ساڵی 2003 ەوە هیچ وەزیرێکی کارەبای عێراق ماوەکەی خۆی لەو پۆستەدا تەواو نەکردووە، هەندێکیان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و هەندێکی دیکەیان دەستیان لە کارەکانیان کێشاوەتەوە، هەندێکی تریشیان دوای ئەوەی تۆمەتی گەندەڵیان خراوەتە پاڵ وڵاتەکەیان جێ ‌هێشتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG