Accessibility links

ڕێبوار حەمەد: لەو بازنانەی کاندیدمان نیە، ڕێنمایی دەدەینە دەنگدەرەکانمان چۆن دەنگ بدەن


ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، لەو بازنانەی هەڵبژاردن کە کاندیدیان هەیە و ژمارەیان 5 بازنەیە، بە چڕی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و چاودێرەکانیان ڕادەسپێرن بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری، ئاماژەبەوەشدەکات مەرج نیە لەو بازنەی کاندیدیان نیە، چاودێریان نەبێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار حەمەد دەڵێت"چاوەڕێی ئەوەین، دەنگەکانمان زیاد بکات و کورسی زیاتر بهێنین، چونکە نوێنەرەکانمان لەبەغدا بەڵێنەکانیان جێبەجێکردووە، نزیکایەتیشمان لەگەڵ خەڵک و چین و توێژەکان پاراستووە."

سەبارەت بە هۆکاری پێکێنەهێنانی هاوپەیمانێتی هێزە ئیسلامیەکان، لەکاتێکدا پێشتر قسەوباسی لەبارەوە کراوە، ڕێبوار حەمەد وتی"ڕەنگە هەوڵدرابێت، بەڵام نە ئێمە و نەهێزە ئیسلامیەکانی تر، بازنەکانمان پڕ نەکردووەتەوە و لەهەموو بازنەیەک کاندیدمان نیە، ئێمە لە 5 بازنە، کاندیدمان هەیە و چاوەڕوانین کاندیدەکانمان سەربخەین، بۆ ئەو بازنانەشی کاندیدمان نیە، ڕێنمایی دەدەینە دەنگدەرەکانمان چۆن دەنگ بدەن."

بەرپرسانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەبەوەدەکەن لەیەکگەیشتنیان لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکان هەیە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی یەکتری لەکاتی هەڵبژاردندا، لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی کۆمەڵی دادگەری وتی"ئێمە لە 5 بازنە کاندیدمان هەیە، لە وادەی خۆیدا، قسەمان بۆ دەنگدەرەکانمان دەبێت."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ڕوونیشیکردەوە، ئامادەکاری بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری دەکەن، چونکە قوربانی دەستی ساختەکاری بوون لەڕابردوودا، وتی"ئەوانەی ساختەکاری دەکەن، هێزە حوکمڕانەکانن و متمانەیان بەدەنگی خەڵک نەماوە، ئەوەی لەڕێگەی کڕینی ئیرادە و هەڕەشە و فشارەوە ناتوانن بیکەن، لە ڕێگەی ساختەکاریەوە دەیانەوێت جێبەجێی بکەن."

دەربارەی چۆنیەتی خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕێگرتن لەساختەکاری، ڕێبوار حەمەد وتی"لەو بازنانەی کاندیدمان هەیە، چاودێر دادەنێین تا بەچڕی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، لەهەڵبژاردنی پێشووی عێراقیشدا ساختەکاری زۆر کرا، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک هێزەکان هەڵوەستەی جدی بکەن، تا هەموومان پێگەوە ڕێگری لەساختەکاری بکەین."

وتیشی"پەیوەست بە سستمی هەڵبژاردن و دەنگدان، ئامادەکاری کراوە بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری، چاودێری بیانی، چاودێری پرۆسەکە دەکەن، پێمانوایە هێزە قوربانیەکانی دەست ساختەکاری، دەبێت هەوڵی جدی بدەن، لەو بازنانەی کاندیدمان هەیە، لەڕێگەی چاودێرەکانمانەوە، هەوڵی ڕێگرتن لە ساختەکاری دەدەین."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار حەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ئاشکراشیکرد، مەرج نیە چاودێریان لەو بازنانە نەبێت، کە کاندیدیان نیە، ئەوان مافی خۆیانە چاودێریەکانیان چڕ بکەنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:58 0:00


XS
SM
MD
LG