Accessibility links

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە بارەی کوردستانەوە چی دەڵێن؟


دەنگی ئەمەریکا- واشنتن:

بەپێی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان، کەمترین دەنگدەر بەشداریـیان لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی عێراقدا کرد و ئەمەش دەریدەخات چەندە خەڵکی نائومێدبوون بەرامبەر هەڵبژاردن لەو وڵاتێکدا کە لە ژێڕ خاکەکەیدا زەریایەک نەوت هەیە.

تەنیا %41 ئەو دەنگدەرانەی ناویان تۆمارکردبوو دەنگیان دا، بەڵام ئەو ژمارەیە کەمترە ئەگەر بێتوو تەواوی ئەو کەسانە وەربگرێت کە مافی دەنگدانیان هەیە و خۆیان تۆمارنەکردووە.

لە دوای بەغدا، کەمترین ڕێژەی دەنگدەر لە سلێمانی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. تەنیا %37 دەنگدەرە تۆمارکراوەکان لەو پارێزگا کوردییە دەنگیان دا، کە بە پایتەختی ڕۆشنبیری دادەنرێت و یەکێکە لەو ناوچانەی عێراق کە ئاستی فرەیی سیاسیی تیایدا بەرزە.

ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکان

لە کوردستان، یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ئەنجام شکستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو کە هیچ یەک لە کاندیدەکانی دەرنەچوون. زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر، گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک سەرکردەی دیکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دامەزرێنرا، دوای ئەوەی وەکو خۆیان گوتیان "نائومێدبوون" لەوەی گۆڕانکاری لەناو یەکێتیدا دروست ببێت.

بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، کە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە، گۆڕان بە لیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیدا دابەزی و ئەمەش هەندێک کەس بە هۆکاری شکستی ئەو بزووتنەوەیەی دادەنێن کە ساڵانێک بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بوو.

لە سۆشیاڵ میدیا هەندێک کەس نوسیوویانە کە بە هاوپەیمانیکردنی لەگەڵ یەکێتی و بەشداریکردن لە حکومەتدا، گۆڕان هۆکارێکی بۆ بوونی خۆی نەهێشتەوە کە لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە دروست بوو. لە بەیاننامەیەکدا، بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتی شکستەکەی گرتە ئەستۆی خۆی.

بەیاننامەکە گوتی، "داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە."

بەیاننامەکە بەڵێنیدا بزووتنەوەکە "گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەی ڕیشەیی" ئەنجامبدات "چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە."

دووەم گەورەترین ئەنجامی سەرسوڕهێنەر ئەدای باشی نەوەی نوێ بوو، ئەو پارتەی کە بزنسمانی بواری عەقارات شاسوار عەبدولواحید سەرکردایەتی دەکات. ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن 9 کورسی لە کۆی 329 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستهێناوە. ئەمەش دوو هێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو کورسیانەی ساڵی 2018 پارتەکە مسۆگەریکرد کاتێک بۆ یەکەمجار بەشداریکرد.

نەوەی نوێ بوو بە دووەم بەهێزترین پارت لە پارێزگای هەولێر دوای ئەوەی 3 کورسی لە پارێزگاکە بردەوە. ئەمەش دوو کورسی زیاترە لەوەی هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) بەدەستیان هێناوە. یەکێتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لە هەولێر ڕەتکردەوە و گوتی سکاڵای بە فەرمی داوەتەوە کۆمسیۆن.

ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەری دیکە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کەمبوونەوەی پشکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بوو. یەکگرتوو ژمارەی کورسییەکانی بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دوو هێندە زیاد کرد بۆ چوار کورسی. ژمارەی کورسییەکانی کۆمەڵ لە دوو کورسییەوە کەمبووەوە بۆ یەک دانە.

ساڵی پار کۆمەڵ وشەی "ئیسلامی" لە ناوەکەی کردەوە و ناوی سەرکردەکەی لە "ئەمیر"ەوە بۆ "سەرۆک" گۆڕی، دیار نییە ئایا ئەم گۆڕانکارییە هۆکاری زوویربوونی دەنگدەرە موحافیزکارەکانی پارتەکە بووە یاخود نا.

ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان

وەکو پێشبینیکرابوو، پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو پارتی حوکمڕانی هەرێمەکە، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو لە کوردستان بە بەدەستهێنانی 32 کورسی، ئەمەش لانی کەم دوو هێندە زیاترە لەو 15 کورسییەی هاوپەیمانی کوردستان مسۆگەری کردووە.7 کورسی زیاترە لەو ژمارەیەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی هەیبوو.

زۆربەی کورسییەکانی پارتی دەکەونە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و نەینەواوە. بەڵام بۆ یەکەم جار پارتی لە شاری کەرکوک بووە خاوەنی دوو کورسی. ساڵی 2018، پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی لە کەرکوک کرد وەکو هەڵوێستوەرگرتن دژی دەرکردنی هێزی پێشمەرگە لە شارەکە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017.

هەرچەندە یەکێتی بە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، سێ کورسی لەدەستداوە، هێشتا وەکو دووەم گەورەترین پارت لە کوردستان ماوەتەوە چونکە خاوەنی 15 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق.

کارییگەری هەڵبژاردنەکان

ئەم هەڵبژاردنانە بە پلەی یەکەم کاریگەرییان لەسەر ئەو پۆستانە دەبێت کە کورد لە بەغدا وەریاندەگرێت. پارتی چاوەڕێ دەکرێت ببێتە خاوەنی پشکی شێری ئەو وەزیرانەی بە ڕێککەوتن هێزە عێراقییەکان بە کوردی دەدەن.

نەوەی نوێ، کە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی پارتی و یەکێتییە لە کوردستان، چاوەڕوان ناکرێت لە بەغدا بچێتە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ ئەو دوو پارتە کوردییە. بەڵام ئایا بە 9 کورسییەوە دەتوانێت لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان ببێتە خاوەنی وەزیرێک؟

هەروەها دیار نییە ئایا سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، کە ئەندامێکی یەکێتییە لە پۆستەکەی خۆی بۆ چوار ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت یاخود نا. ساڵی 2018، پارتی دژی بەرهەم ساڵح بوو ببێتە سەرۆک کۆمار بەڵام هەر پۆستەکەی مسۆگەر کرد چونکە ئەندام پەرلەمانە عەرەبەکان دەنگیان بەودا لە جیاتی کاندیدەکەی پارتی، فوئاد حوسێن.

ئەم جارە پارتی ژمارەی کورسییەکانی زیاترە، ئەمەش دەکرێت کاریگەری گەورەتری لەسەر دانوستانەکان و پشکەکانی کورد لە بەغدا هەبێت، بە پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە.

XS
SM
MD
LG