Accessibility links

چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پـرۆسەی دەنگدان لە هەولێر


ڕۆژی یەکشەممە لە سەرتانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەدەچێت، و خەڵکی ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ گەیاندنی دەنگی خۆیان.

سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و سەرنج و تێبینی و ڕەخنەکان لەو بارەیەوە، سیروان گەردی سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" کێشەمان لە شێوازی دەنگدانەکە هەیە ئەویش ئەوەیە کە پەنجە مۆرەکە ناخوێنێتەوە، بۆیە لەگەڵ کۆمسیۆن لەسەر هێلین بتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین چونکە خەڵکێکی یەکجار زۆر ناتوانن بەو هۆکارە دەنگ بدەن لەوانەیە ڕێژەکەی بگاتە 5 بۆ 6% کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە. قوتابخانەیەکان هەیە بەناوی تابان بۆ نموونە ئەگەر 100 کەس هاتبێت پەنجەی 10 کەس ناخوێنێتەوە، چاودێری ئەوە دەکەین کە ئەو کێشانە چین لە کۆمسیۆن ڕووبەڕووی خەڵکی دەبنەوە و کێشەی خروقاتی ئەمنی کە ئایا دەبیت یان نا و لە نێوان کیانە سیاسیەکان چی ڕوودەدات، واتا هەموو ئەوانە تۆمار دەکەین و پاشان بە ڕاپۆرتێک بڵاوی دەکەینەوە ".

سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە بنکەکەیان و کێشە و گرفتەکان، سەعدیە عەلی سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانی بارزانی نەمر بە دەنگی ئەمەریکای وت" سەرەتا هەندێک کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکان هەبوو بەڵام چارەسەرمان کرد و ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و خەڵکیش دواناکەوێت بەڵام بەپێی ئامێرە دەبێت چاوەڕێ بکەیت کە کارتەکەی دادەنێیت و زانیاری دێتە سەر شاشە و بارکۆد و پەنجەمۆر وەردەگریت، ئەوپەڕی خولەکێک بۆ دوو خولەکێ پێویستە".

هاوڵاتیان پەیتا پەیتا ڕوویان لە بنەکانی دەنگدان دەکرد و دەنگی خۆیان دەدا، ڕوناک عەبدوڵڵا فەرمانبەرە دوای ئەوەی کە دەنگی خۆی دا، لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای وت" پرۆسەکە زۆر بە ئازادانە بەڕێوەچوو و داوا دەکەین کە ئەوەی میللەت داوا دەکات لە بەغدا بۆمان جێبەجێ بکەن و بتوانن کێشەی میللەتی کورد چارەسەر بکەن".

جێی باسە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە لەو ژمارەیەش 9 کورسی بۆ کۆتاکان دانراون، لە سنووری پارێزگای هەولێر 1159750 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراون و پازدە کورسی پەرلەمانی عێراق و یەک کورسی کۆتای کریستیانەکان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر دانراوە و کاندید و لایەنە سیاسیەکان کێبڕکێی بەدەسهێنانی ئەو کورسیانە دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG