Accessibility links

هەردوو فڕۆکەوانی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق لە ئاسماندا شەڕدەکەن


لە ڕووداوێکی کەم وێنەدا هەردوو فڕۆکەوانی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە ئاسماندا بەشەڕدێن و ژیانی سەرنشینانی فڕۆکەکە دەخەنە بەرمەترسیـیەوە.

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق کە بە 157 سەرنشینەوە لە شاری مەشهەدی ئێرانەوە هەستابوو، لە پاش یەک کاژمێر لە ئاسماندا و لە بەرزایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر، فڕۆکەوانەکە و یاریدەدەرەکەی دەبێت بە شەڕیان و دەکەونە گیانی یەکتر هەتا ئەو کاتەی ئاسایشی فڕۆکەکە لە یەکیان جیادەکەنەوە.

بەپـێی سەرنشینەکان کە بۆ میدیاکان لێدوانیان داوە، شەڕەکە هێندە توندبووە تەنانەت زیانیش بە هەندێک بەشی ژوری فڕۆکەوانی فڕۆکەکە کەوتووە. هەروەها دەڵێن سەرنشینێک لە ترسا هاواری کردووە "کێ فڕۆکەکە لێدەخوڕێت."

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فورات نیوز دەڵێت بەپـێی قسەی یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە شەڕەکە لەسەر ژەمێک خواردن بووە. دەڵێت فڕۆکەوانەکە ڕێگەی پـێنەداوە نانەکەی بخوات.

هێڵی ئاسمانی عێراق لەسەر فەیسبوکەکەی هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی کازم فنجان ئەلحەمامی وەزیر گواستنەوە پـێکهێنراوە، بڕیاری داوە مۆڵەتی فڕۆکەوانی لە هەردوو فڕۆکەوانەکە بسەنرێتەوە و ئەو باجانەیان لێبسێننەوە کە ڕێگەیان پـێدەدات بچنە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا و هەموو فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق. هەروەها یەک لە فڕۆکەوانەکان لە کارەکەی دەردەکرێت و ئەوی دیکەیان خانەنشین دەکرێت.

XS
SM
MD
LG