Accessibility links

وتەبێژی نەوەی نوێ:لەهاوپەیمانێتییەکەماندا بابەتی ناردنی مووچە بۆ هەرێم و جێبەجێکردنی مادەی 140 جێگیرکراوە


Members of the Iraqi parliament
Members of the Iraqi parliament

ڕۆژی ڕابردوتر سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ لە شاری بەغداد (هاوپەیمانی لە پێناو گەل-دا) لەناو پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەم وتووێژەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە وردەکاری هاوپەیمانێتەکە دەکات و دەڵێت” لە هاوپەیمانێتییەکەدا بابەتی ناردنی مووچە بۆ هەرێم و هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی مادەی 140 جێگیرکراوە، چونکە ئەو هێز و پەرلەمانتارانەی کە هاوپەیمانیمان لەگەڵ بەستون بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستور هەیە ئەو داواکارییانەی خەڵکی کوردستانیش سەرجەمیان داواکاری دەستورین.”


”کار بۆ ئەوە دەکەین کە ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بگەیەنینە (40-45)کورسی”

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ (هیمداد شاهین) وتی ”
ئەم هاوپەیمانێتیەی لە نێوان نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەرکەوتووی سەربەخۆ پێکهاتووە وابڕیارە لە داهاتوودا چەند پەرلەمانتارێکی تر بێنە ناو هاوپەیمانێتیەکە. ”

هاوپەیمانێتیەکە لە ژێر ناوی (هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک) لە 28 پەرلەمانتار پێکدێت، بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

وتەبێژی جوڵانەوەی نوێ نیازی بزوتنەوەکەیان بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانێتیەکەیان ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ”لە ئێستادا کار بۆ ئەوە دەکەین کە ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بگەیەنینە (40-45)کورسی پەرلەمان بۆ ئەوەش کار دەکەین، لەو ڕووەوە لە گەڵ هەموو کوتلە و کەسایەتیە سەربەخۆکان بۆ پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین گەورەترین هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەمانی عێراق دروست بکەین. ”

Himdad Shahin
Himdad Shahin

” لە ئێستادا ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، وە لە داهاتوودا بێ هیچ دوو دڵییەک خواستی ئەوەمان هەیە وە کار بۆ ئەوە دەکەین جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات لە عێراق بگرینە دەست بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان ”

بەپێی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتیەکە لە ڕۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک، خاڵی سەرەکیان کارکردنە بۆ خەڵک، لە نێویشیاندا بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جێبەجێکردنی ماددەی 140- و مووچە و مافی پێشمەرگەن. ”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەو لایەنانە چۆن ڕازی بوون بە جێبەجێکردنی مادەی سەد و چل و بابەتەکانی پەیوەندیدارن بە هەرێم؟

هیمداد شاهین وتی ”ئەو گروپ و کەسایەتیە سەربەخۆیانە بەشێکی زۆریان بەرهەمی خۆپیشاندانەکانی تشرین و ناڕەزایەتیەکانی ئەمدواییەی عێراقن و کەسانێکن باوەڕییان بە دیموکراسی و مافی هاوڵاتیان و پێکەوە ژیان هەیە، لەسەروهەموشیەوە باوەڕییان بە جێبەجێکردنی دەستور و مافی هاو هەیە، وەک دەزانرێت مادەی سەد و چل و موچە و بودجەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە بابەتی دەستورین و ئەوانیش بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستور و چەسپاندنی مافەکانی کورد هەیە، بێگومان ئەم هاوپەیمانێتیە بەتەواوی پێچەوانەی ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا گوزەراوە لە عێراق، وە (ان شاء الله) نمونەیەکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون حوکمی وڵاتەکەمان بکەین، لە ئێستادا ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، وە لە داهاتوودا بێ هیچ دوو دڵییەک خواستی ئەوەمان هەیە وە کار بۆ ئەوە دەکەین بەشێک لە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات لە عێراق بگرینە دەست لەگەڵ ئەو گروپ و لایەنانەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی شەقامی عێراقن. ”

” پێشتر لایەنی دەسەڵات داوای کۆبونەوەی لێکردین بەڵام ئێمە وتمان کۆبونەوەی تەشریفاتی و بۆ وێنەگرتن ناکەین... ئەوان وەڵامێکی ئەرێنی ئەو پڕۆژە چاکسازییەیان نەداینەوە ”

وتەبێژی فەرمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربارەی گفتوگۆ کردن لە گەڵ لایەنە کوردییەکان وتی ” ئێمە لە ڕابردوودا پڕۆژەیەکی چاکسازیمان دا بەو لایەنانە کە هەموو خاڵەکانی وەک ئێستا پەیوەندی بەژیانی خەڵک و پێشمەرگە و جێ بەجێکردنی ماددەی سەد و چلەوە هەبوو ئامادەبوین لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین، پێمان وتن لەسەر ئەم بنەمایە ئامەدەن گفتوگۆ بکەن؟ چونکە ئێمە هیچ داواکاری شەخسی و پۆستمان نەبوو، بچوکترین داوای شەخسی حیزبیمان لەو پرۆژەیەدا جێ نەکردبوەوە، بەڵکو هەمووی پەیوەندی بە ژیانی فەرمانبەران و خەڵکەوە هەبوو، بە دڵنیایی بە ئێستاشەوە ئەوان وەڵامێکی ئەرێنی ئەو پڕۆژە چاکسازییەیان نەداینەوە، بەڵام ئێمە لەم هاوپەیمانێتیە وامان کرد کە چەندین پەرلەمانتاری عەرەب بهێنینە ناو هاوپەیمانێتیەکە کە بڕوا بە کێشە و داخوزییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پشتیوان بن. ”

هیمداد شاهین وتی ” پێشتر لایەنی دەسەڵات داوای کۆبونەوەی لێکردین بەڵام ئێمە وتمان کۆبونەوەی تەشریفاتی و بۆ وێنەگرتن ناکەین ئەگەر شتێکی جدی لە پێناو خەڵکدا نەبێت وەڵامی ئەرێنی پڕۆژە چاکسازییەکەمان کە لە پێناوی خەڵکدایە نەدەنەوە، سەرۆکی جوڵانەوەکەش بەردەوام جەختی لەوە کردۆتەوە لە پێناو خەڵکدا کۆبونەوە دەکەین نەک بۆ تەشریفات و وێنە گرتن.”

” هەرگیز خیانەت لەو ئەمانەتە ناکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خستویانەتە ئەستۆمان ”

لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ وتەبێژە فەرمیەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا نەوەی نوێ شتێکی جیاوازتر دەکات کە لایەنە کوردییەکانی تر لە بەغداد لە دوای 2003 وە نەیانکردبێت؟

لە وەڵامدا هیمداد شاهین وتی ” ئەم گفتوگۆیەمان بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەرشتێک لە پێناوی بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی کوردستان بێت ئێمە ئەوە دەکەین و دوو دڵ نابین، وە لێرەشەوە ئەوە زۆر بە ڕوونی دەڵێم هەرگیز خیانەت لەو ئەمانەتە ناکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خستویانەتە ئەستۆمان، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ئێمە لەسەر ئەو هێڵە ڕاستەی خۆمان دەمێنینەوە، داهاتوو بۆ ئەو کەس و لایەن و هێزانەیە کە لەگەڵ میللەتەکەی خۆیان دەمێننەوە و خیانەتیان لێناکەن. ”

XS
SM
MD
LG