Accessibility links

شێخ جەعفەر: ئێستا مەترسی داعش زیاترە تا کاتی هاتنیان


 جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێم
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێم

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت” داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لە کاتێکدا ئێمە لە عێراقدا سەرۆک کۆمارمان هەیە، وەزیر و پەرلەمانتارمان هەیە کەچی هاتون هێڵی بەرگری بەرامبەر پێشمەرگە دروست دەکەن لەبری ئەوەی بەرامبەر داعش دروستی بکەن، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان ئاڕاستەی حیزبەکانی بەرامبەرییان دەکەن، شێخ جەعفەروتی ” ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات، جیاوازی پێشمەرگەیەک بکەیت کە لەسەنگەردا بێت و شەهید بێت کە لەم ڕۆژانەی دوایدا بەو هاوڵاتیانەوە نۆزدە کەس شەهید بوون داعشێک نەیپرسی کامە پارتیە، یا یەکێتیە، یاخود حیزبێکی ترە، بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ و مەزن و نەفام و بێ عاقڵانە کە ئەوانە وەک ندی و بدی ئەم قسانە دەکەن و بەهەوەسی خۆیان لێدوان دەدەن من هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم. ”

” ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان ”

لەسەرەتای قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند” داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببوەوە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروست کردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نیە. ”

”عێراق لە بری ئەوەی هێزەکانی بێن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەڵام هاتوون هێڵێکی بەرگرییان بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان داناوە”

وتیشی” ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان بکەین، کوردستان ناوچەیەکی ئارامە هیچ جموجۆڵێکی داعش یا هیچ گروپێکی تیرۆریستی تێدا نەبووە، ئەگەر هەشبوبێت ئەوە ڕێگری لێکراوە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئێستا داعش بۆتە مەترسی بۆ سەر خەڵکەکەیی و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بنکەکانی هێزەکانی عێراق ئەو شوێنانەن کە پێشتر داعش لێی دەسەڵاتدار بووە، بەڵام ئێستا بە شێوەی مەفرەزەی بچوک بچوک لەوێن، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە لە نێوان هێڵی بەرگری عێراق و ئێمەدا کە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوون بەڵام ئێستا هێزە عێراقییەکان پڕییان نەکردۆتەوە لەبەر ئەوە بۆتە شوێنێک کە داعش هێرشی لێوەی دزە بکات و هێرشەکانی خۆی بکات دواتر بگەڕێنەوە بۆ پشتی جەیشی عێراقی، ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی هەیە لە پشتی هێزی عێراق لە بری ئەوەی هێزەکانی عێراق بێن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەڵام هاتوون هێڵێکی بەرگرییان بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان داناوە، لە کاتێکدا ئێمە لە عێراقدا سەرۆک کۆمارمان هەیە، وەزیر و پەرلەمانتارمان هەیە کەچی هاتون هێڵی بەرگری بەرامبەر ئێمە دروست دەکەن لەبری ئەوەی بەرامبەر داعش دروستی بکەن، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پێویست دەکات بە هێزی هاوبەشی عێراقی و پێشمەرگە پڕبکرێتەوە، وە ژووری عەمەلیاتی هاوبەش هەبێت لەو ناوچانە بۆ ئەوەی پێکەوە بە هاوکاری هاوپەیمانانیش ڕووبەڕووی داعش ببینەوە. ”

” کەمتەرخەمی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ عێراق کە ناتوانێت ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بکات ”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کێ کەمتەرخەمی سەرەکییە لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی” کەمتەرخەمی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ عێراق کە ناتوانێت ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بکات، هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا داعش بە شێوەی پارتیزانی هێرشەکان دەکەن ، بۆ نمونە ئەوکاتەی ئێمە پێشمەرگە و پارتیزان بوین عێراق خاوەنی گەورەترین سوپا بوو لە ناوچەکە بەڵام نەیتوانیووە چاری پێشمەرگە بشکێنێت یاخود نەیتوانیووە ڕێگری بکات لە چالاکیەکانمان بەو توانا کەمەی هەمانبوو کە زەوی و ئاسمانی نێوان بوو توانیمان سوپای عێراقی هیلاک بکەین، لەبەرئەوە ئەو پارتیزانیانەی کە شەڕی پارتیزانی دەکەن دەگەڕێن زانیاری کۆدەکەنەوە خاڵێکی لاواز دەدۆزنەوە پەلاماری ئەو خاڵە لاوازە دەدەن. ”

” لە شوێنێکدا ئیهمالی هەیە، لە شوێنێکی تریش ژمارەیەکی کەم هەیە ”

خاڵی لاواز چیە جگە لەو بۆشاییە ئەمنیەی باستکرد؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی” خاڵی لاواز لە دنیادا هەیە، بۆ نمونە لێرەدا ئەوەیە، لە شوێنێکدا ئیهمالی هەیە، لە شوێنێکی تریش ژمارەیەکی کەم هەیە، لە شوێنێکدا گونجاوە بۆ پەلاماردان. ”

” پێشمەرگە پێویستی بە مەشقێکی تەواو هەیە ”

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەندێک لە سەرکردەکان دەڵێن هێزەکانی پێشمەرگە ڕاهێنراو نین بەشێک لە کەمتەرخەمییەکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوە؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی ” من پێم وانیە هێزی پێشمەرگە وەکو مرۆڤەکە خۆی کەمتەرخەم بێت و ژیانی خۆی و کەسوکاری خۆی خۆش نەوێت، بێگومان هەندێکجاریش ئیهمالی لەوێوە هەیە، بەڵام ئەگەر ڕاستت دەوێت پێشمەرگە پێویستی بە مەشقێکی تەواو هەیە هەم بۆ بەرگری هەم بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم کارانەی کە ئەمڕۆ داعش ئەنجامی دەدات، لەبەر ئەوە پێشمەرگە پێویستی بە مەشقی بەردەوام هەیە، بەڵام تاکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست مەشقییان پێ نەکراوە، تەنانەت ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان مەشقییان بە هێزەکانی 70 و 80 نەکردووە کە چەندین هەزار شەهید و بریندارییان داوە. ”

”تا ئێستا هاوپەیمانان مەشقییان بە هێزەکانی 70 و80نەکردووە”

بۆچی مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە نەکراوە؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی ” ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە عێراقدا هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن نەهاتوون مەشق بە هێزەکانی 70 و 80 بکەن، تەنانەت لە پێش کۆرۆناوە مەشقەکانیشییان ڕاگرتووە. ”

”ئەو چەک و تەقەمەنی و یارمەتییە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە؟ ”

هەندێک خەڵک دەپرسن ئەو چەک و تەقەمەنی و یارمەتییە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە؟ بۆ ئێستا بەرگری پێناکەن لەبەرامبەر داعش؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی ” ئێمە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هاتنە کوردستان و تیمییان دروستکرد، بەهێزی ئاسمانی هاوکارییان کردین جگە لەوەی هەندێک هاوکاری ترییان کردین، بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە هێزی هاوپەیمانان پێشکەشی پێشمەرگەیان کردووە بابێن حسابی لەسەر بکەن بزانین ئەو هاوکاری و یارمەتییانە هی ئەوەیە کە داعش تێکبشکێنێت؟ پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و بەخوێن ئەو شەڕەی کردووەنەک بەو چەک و تەقەمەنییانە. ”

”هاوکارییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بژی و مەمرە بووە”ڕەنگە داعش لە سوپای عێراق بەهێزتر و شارەزاتر بێت”

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر دواو و وتی” ئێستاش هەندێک چەک و دۆشکە هەن کە پێیان داوین لە شەڕی داعشەوە یەک فیشەکییان پێنەداوین و فیشەکیشی نەماوە، ڕاستە ئەمەریکا چەند لیوایەکی پڕ چەک کردووە و مەشقییان پێدەکات، بەڵام هێشتا هەندێک پێداویستی ماون، بۆ نمونە دوربینێکی (حەراری) کە بەشەو بتوانین چاودێری پێ بکەین با بزانین چەند لەو دوربینانەیان داوە بە پێشمەرگە؟ وە بابشزانین داعش چەند لەو دوربینانەی هەیە کە ئەمڕۆ بەو دوربینە حەرارییانە ئەو عەمەلیە نەوعییانە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش دەکات، لەبەرئەوە ڕاستە هەندێک چەک و تەقەمەنییان پێداوین، بەڵام تەنانەت جیهازێکی وای پێنەداوین کە ئەو بۆمب و مینە چێنراوانە بدۆزێتەوە و کەشف بکات کە سەدان پێشمەرگەی شەهید کردووە و برینداری کردوون، ئێمە دووبارە سوپاسی هاوکاری هاوپەیمانان دەکەین بەڵام هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بژی و مەمرە بووە، هاوکارییەک نەبووە کە هێزێکی تۆکمە و پڕ چەک دروست بکەن بەرامبەر داعش، بەپێچەوانەوە ئێستاش داعش لە هەموو هێزەکانی تر بەهێزترە بەڵام هێزی پێشمەرگە بە بیروباوەڕ شەڕی کردووە ئەگەرنا ئەگەر لەڕووی چەک و شارەزاییەوە ئێستاش ڕەنگە داعش لە سوپای عێراق بەهێزتر و شارەزاتر بێت. ”

”چ هێزەکانی هاوپەیمانان، چ وڵاتانی تر ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکەن ”

باشە بۆچی ئێوە وەک خۆتان پێداویستیە سەرەتاییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابین ناکەن؟ بۆ نمونە وەک دوربینی حەراری وەک دەڵێن نرخەکەی هەرزانە؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی ”لەبەرئەوەی چ هێزەکانی هاوپەیمانان، چ وڵاتانی تر ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکەن، ئەوان دەڵێن کوردستان بەشێکە لە عێراق دەبێت لەسەر ڕەزامەندی عێراق بێت، عێراقیش ڕەزامەندی دەرنابڕێت بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان ئەو پێداویستییانە بهێنین بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. ”

”ئەگەر ئێمە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگە بوینایە هیچ سیمایەکی حیزبایەتی پێوە نەبوایە بێگومان سەرکەوتنی زۆر زۆر گەورەمان بەدەست دەهێنا”

یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕوبەڕووبونەوەی داعش و مەترسییەکان کردووە کە ڕۆژی ڕابردوتر کاک مەسعود بارزانیش ڕایگەیاند ” مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە ”

لە وەڵامدا شێخ جەعفەر دەڵێت ” بێگومان ئێمە ئەگەر حسابی ئەوە بکەین، ڕاستە هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا یەک سەنگەر و یەک سەرکردایەتییان هەبووە وە ئیلتزامی تەواویان هەبووە و لەیەک سەرچاوەوە هاوکاری کراون فیشەک و پێداویستییان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە بۆ دابین کراوە، ئەمە هەمووی ڕاستە بەڵام ئەگەر ئێمە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگەی پڕچەککراو و مەشقپێکراو بوینایە هیچ سیمایەکی حیزبایەتی پێوە نەبوایە بێگومان سەرکەوتنی زۆر زۆر گەورەمان بەدەست دەهێنا وە ڕەنگە زۆربەی ئەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆ هەیە لەناومان ببردنایە. ”

”ئیتر لە دوای داعش چ مەترسییەکی تر دێتە ئاراوە ئەوە بۆخۆی چاوەڕوانکراوە”

سەبارەت بەو مەترسییە گەورانەی باس دەکرێت؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕونیکردەوە ” مەترسی زۆرە، هەرخۆی کە باسی داعش دەکەین بۆ خۆی گەورەترین مەترسییە، ئیتر لە دوای داعش چ مەترسییەکی تر دێتە ئاراوە ئەوە بۆخۆی چاوەڕوانکراوە چونکە ناوچەکە بۆ خۆی هەمووی شەڕە. ”

” ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ”

لە کۆتا بەشی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا, لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان ئاڕاستەی حیزبەکانی بەرامبەرییان دەکەن، شێخ جەعفەر وتی ” ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن، ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات، جیاوازی پێشمەرگەیەک بکەیت کە لەسەنگەردا بێت و شەهید بێت کە لەم ڕۆژانەی دوایدا بەو هاوڵاتیانەوە نۆزدە کەس شەهید بوون داعشێک نەیپرسی کامە پارتیە؟ یا یەکێتیە؟ یاخود حیزبێکی ترە؟ بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ و مەزن و نەفام و بێ عاقڵانە کە ئەوانە وەک ندی و بدی ئەم قسانە دەکەن و بەهەوەسی خۆیان لێدوان دەدەن من هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم. ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:59 0:00


XS
SM
MD
LG