Accessibility links

سەفین دزەیی: وەزیرێکی ئەڵمانی بەفەرمی پێی وتین وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لەلایەن ئەڵمانیەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە


سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لە زاری وەزیرێکی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت” ئەو وەزیرە پێی وتین ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە، دەشڵێت” ئێمە لە گەڵ لایەنەکانی ئەوروپی دەمێکە باسی ئەوە دەکەین، ئەگەر بیانەوێت خەڵک ڕووییان تێ نەکات پێویستە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە کۆمەڵێک بواردا، مەسەلەی ئابورییە، پێشکەوتنی کۆمەڵگایە، هەروەها بابەتی ئاسایشە، تا خەڵک دووچاری دڵەڕاوکێ نەبێت، وە کۆمەڵێک شتی تریش هەیە دەتوانن هاوکارمان بن تا خەڵک بیر لە چوونە دەرەوە نەکاتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا خەڵک خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و بە پێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو کەس ئازادە لە سەفەرکردن. ”

” هۆکاری زەق کردنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان کۆمەڵێک شیکردنەوە هەڵدەگرێت ڕەنگە لە کاتی خۆیدا باس بکرێت ”

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ” بابەتی کۆچ لە هەموو کاتێک و شوێنێکدا هەبووە، ئەوەی کە ئەمڕۆ بە زەقی باسی لێوەدەکرێت بەتەنها خەڵکانی هەرێمی کوردستان نین کە لە سنور گیرییان خواردووە بەڵکو ئەفغانی، سوری، لیبی و هەروەها یەمەنی و کۆمەڵێک نەتەوەی تریشی تێدایە، بەڵام هۆکاری زەق کردنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان کۆمەڵێک شیکردنەوە هەڵدەگرێت ڕەنگە لە کاتی خۆیدا باس بکرێت. ”

لەو ڕووەوە سەفین دزەیی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ” ئەو خەڵکەی سەفەرییان کردووە بە ڕێگای فەرمی و بەڤیزای گەشتیاری کۆچیان بۆ بیلاڕوسیا کردووە، لەسەرەتاوە دیارە لەڕێگای تۆڕی قاچاخچی و مافیاکان لەسەرتاسەری کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان تۆڕێکی فراوانیان هەیە ئەو خەڵکەیان بە لاڕێدا بردووە بەوەی بردویاننەتە بیلاڕوسیا و پێیان وتون لەوێوە پاس چاوەڕێتان دەکات بەپاس دەگوازرێنەوە بۆ سنورەکانی پۆڵەندا، وە لەوێوێشەوە بەچەند ڕۆژێک دەبرێنە ئەڵمانیا یا هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، جگە لەوەی لە بونەتە قوربانی ململانێی نێوان بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا، ئەو خەڵکانە هی نەتەوەی تریشن ئێمە زۆر پەرۆشین بۆیان. ”

” نزیکەی 500 کەسی تر خۆیان ناونوس کردووە ”

دەربارەی کاری حکومەتی هەرێم بۆ ئەو کۆچبەرانە؟ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وتی” ئێمە نوێنەرایەتیمان لە بیلاڕوسیا نیە، بەڵام لە ڕێگای باڵوێزخانەی عێراق لە ڕوسیا هەوڵدراوە ئەو کەسانەی بەخواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناونوس بکرێن و پاسپۆڕتی گەڕانەوەیان بۆ بکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو 431 بەوشێوەیە گەڕانەوە، تا ئێستاش ناونوسین بەردەوامە کۆتا جاریش کە زانیاریمان وەرگرت لە باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ کە تیمێکی ترییان ڕەوانەی مینسک کردووە نزیکەی 500 کەسی تر خۆیان ناونوس کردووە.”

دزەیی ئەوەشی وت” لە دوو ڕۆژی ڕابردوو کە لە کۆڕبەندی مەنامە-لە بەحرەین بوین، وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەوێ بوو، لە دانیشتنێکی خۆمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق،( د.فوئاد حسێن) جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ هەموو هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەر خواستی خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە. ”

” نە بەغداد ئەو بودجەیەی دیاری کردووە نە لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە هەیە ”

پێشتر ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو" نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هیچ کامیان هاوکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان نەکردووە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەی هەیە تا ئێستا هێلەئاسمانیەکانە کە کۆچبەران دەهێنێتەوە بلیتی فڕۆکەیان بە بێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە، ئەگەرنا ئێمە داوامانکردووە هاوکاری ماددی ئەو هاوڵاتیە کۆچبەرانە بکرێت تا بتوانن ژیانی خۆیان جارێکی تر ڕێکبخەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا چونکە زۆربەیان هەرچییان هەبووە پێش ڕۆیشتن فرۆشتوویانە و لەو ڕێگایە دایانناوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نەکراوە، دەشڵێت" لەسەرەتادا ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر زیاتر بوو لەوەی ئێستا هەیە بەڵام کەس نەهات بەدەمیانەوە."

لای خۆشیەوە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەڕێمی کوردستان دەڵێت ” لە ڕووی مادییەوە بۆ هاوکاری ئەو کۆچبەرانە لە پاش گەڕانەوەیان، نە بەغداد ئەو بودجەیەی دیاری کردووە نە لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە هەیە، ئەوانەی کۆچییان کردووە هەرکەسە و بە هۆکاڕێک کۆچی کردووە من نامەوێت بچمە ناو وردەکاری بەڵام نە لە ژێر فشار نە لە ژێر هەڕەشەدا بووە کۆچ کردنیان، لەهەمانکاتیشدا کە دێنەوە وڵاتی خۆیانە ئێمە پێشوازییان لێدەکەین. ”

” ئێمە لە گەڵ لایەنەکانی ئەوروپی دەمێکە باسی ئەوە دەکەین ئەگەر بیانەوێت خەڵک ڕووییان تێ نەکات پێویستە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن ”

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت”ئێمە لە گەڵ لایەنەکانی ئەوروپی دەمێکە باسی ئەوە دەکەین، ئەگەر بیانەوێت خەڵک ڕووییان تێ نەکات پێویستە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە کۆمەڵێک بواردا، مەسەلەی ئابورییە، پێشکەوتنی کۆمەڵگایە، هەروەها بابەتی ئاسایشە تا خەڵک دووچاری دڵەڕاوکێ نەبێت، وە کۆمەڵێک شتی تریش هەیە دەتوانن هاوکارمان بن تا خەڵک بیر لە چوونە دەرەوە نەکاتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا خەڵک خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کەس ئازادە لە سەفەرکردن،ڕاستە ئەوەی هەیە بەناوی گەشتیاری ڤیزا وەرگیراوە لەهەمانکاتدا هەوڵدراوە بە نایاسایی سنوری وڵاتانی تر ببەزێنرێت. ”

” وەزیرە ئەڵمانیەکە زۆر بە فەرمی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و وتی هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە ”

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە هەندێک میدیاوە بڵاوکرایەوە، گوایە لە دوای پەیوەندییە تیلفۆنیەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی بیلاڕوسیا بڕیاردراوە بەوەی ئەڵمانیا 2000 لەو کۆچبەرانە بە فەرمی وەربگرێت. ”

سەفین دزەیی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وتی ”لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، لە میانەی کۆنگرەکەی مەنامە وەزیرێکی ئەڵمانیامان بە فەرمی بینی ئەو بابەتەمان لەگەڵ باسکرد، وەزیرە ئەڵمانیەکە زۆر بە فەرمی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و وتی هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە. ”

” هەوڵێک لە ئارادایە لە نێوان هەولێر و بەغداد تا ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن”

لە کۆتایی قسەکانیدا سەفین دزەیی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند ”ئەو تۆڕە قاچاغچیەی هەیە، هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتەکانی داوە، بەڵام پاش ئەوەی حکومەتی عێراقی بڕیاری داخستنی کۆنسڵیەی فەخری لە بەغداد و هەولێر دا، ئەو تۆڕە قاچاغچیە پاسپۆڕتی هاوڵاتیەکانیان کۆدەکردەوە و دەیانبردە وڵاتانی دراوسێ بۆ وەرگرتنی ڤیزا، یاخود بە ڕێگای ترانزەیت لە ڕێگای ئیماراتەوە کۆچیان دەکرد، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام بوو بۆ دەستنیشانکردنی بەشێک لەو تۆڕەی کە لەهەرێمی کوردستانن بەردەوام بوو، وە هەوڵێک لە ئارادایە لە نێوان هەولێر و بەغداد تا ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن کە بە قاچاغ خەڵک دەبەنە وڵاتان، وە هەندێکیشیان دەستگیرکراون تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان. ”

XS
SM
MD
LG