Accessibility links

هۆشیار سیوەیلی: شاندەکەی پارتی بۆ دانوستانی فەرمی پێکهێنانی حکومەت نەچونەتە بەغداد


هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت” شاندەکەی پارتی بۆ دانوستانی فەرمی پێکهێنانی حکومەت نەچونەتە بەغداد، بەڵکو هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی لایەنەکان و ڕەوشەکە دەکەن لە بەغداد. ”

” ئەو شاندە بۆ ئەوە نەچوون کە ئەنجامگیرییەک بەدەست بهێنێت بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت ”

لەو بارەیەوە هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستاش لەبەغدادە، گفتوگۆیان لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکان کردووە و ڕاوبۆچونیان وەرگرتووە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەشێوەیەکی گشتی ڕاوبۆچونی ئەو لایەنانە لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەڵبسەنگێنن، وە ئەنجامی ئەو کۆبونەوانە لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی و لایەنە کوردستانییەکان باس بکەن، بەڵام بەداخەوە بە هۆی هێرشی ماڵی سەر کازمی گفتوگۆکان کەمێک دواکەوتوون لەکاتی خۆیدا.”

هۆشیار سیوەیلی لەبارەی ئەنجامەکانی ئەو سەردانەی شاندەکەی پارتی دموکراتی کوردستان وتی” ئەو شاندە بۆ ئەوە نەچوون کە ئەنجامگیرییەک بەدەست بهێنێت بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت تەنها هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوون و ڕەوشەکە دەکەن و دواتر دێنەوە ئەو بابەتانە دەخەنە بەدەست لایەنە کوردستانیەکان بۆ ئەوەی پێکەوە پلاتفۆرمێکی هاوبەش پێکبهێنن تا پێکەوە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی زۆربەی داخوازییە دەستورریەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق جێ بکرێتەوە.”

بەبڕوای سیوەیلی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا کارێکی ئاسان نیە، بەشێوەیەکی گشتی ” هەروەک دەزانرێت پێکهێنانی کابینەی دووەمی (بەڕێز مالکی) هەشت مانگی خایاند، هەروەها بۆ پێکهێنانی کابینەکەی (بەڕێز کازمی) شەش مانگی خایاند، بۆیە ئەمجارەش پێشبینی دەکرێت بە ئاسانی کابینەی نوێی حکومەت پێکنەیەت و گفتوگۆکان درێژە بکێشن. “

بۆچی پارتی بەتەنها سەردانی بەغدادی کرد؟

”پارتی بەرچاو ڕوننیەکی هەیە کە لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم چییان دەوێت و چی بکەن؟ ”

دوای هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی مانگی ڕابردوو، وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و داوای یەکڕیزییان لەو لایەنانە کرد بۆ بەغداد.”

چوونی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنها لەلایەن بەشێک لە خەڵک و لەو حیزبانە ڕەخنەی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەو حیزبە سەردانی کردون و داوای یەکڕیزی لێکردوون بۆ بەغداد بەڵام شاندەکەی پارتی بەتەنها چونەتە بەغداد بێ هیچ لایەنێکی کوردستانی.

هۆشیار سیوەیلی بۆ ئەم ڕەخنانە قسەی حیزبەکەی دەکات و دەڵێت“ نا، خۆی ئەم ساردانەی شاندی پارتی دوای ئەوە هات کە شاندی پارتی لە کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان دانیشتن تا ڕادەیەک تێگەیشتنێکی گشتی لەبارەی داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد و کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، واتە پارتی بەرچاو ڕوننیەکی هەیە کە لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم چییان دەوێت و چی بکەن؟ ئەو شاندە بۆ دانوستانی فەرمی نەچوون بۆ بەغداد بەڵکو تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە چوون، چونکە هێشتا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەفەرمی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەکراوە گفتوگۆی فەرمی پێکهێنانی حکومەتیش تا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەست پێ ناکات، دوای گەڕانەوەی شاندەکەش وەک هەمیشە پارتی دەستپێشخەر دەبێت بۆ ئەوەی لەسەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە تا ئەو ڕەوشەی لەبەغداد هەیە لەگەڵ لایەنەکان بیخەنەڕوو.”

”پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەستپێشخەری بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەرۆکایەتی هەرێم کردووە ”

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت” پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەستپێشخەری بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەرۆکایەتی هەرێم کردووە، پارتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ یەکڕیزی لایەنەکان، بۆ ئەوەی باسی داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان و جێکردنەوەی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بکرێت، جگە لەوەی باس لەو پۆستە گرنگانەش بکرێت کە لە حکومەتی فیدراڵی عێراق ئیستحقاقی کوردن و پێویستە لەسەر شێوازی پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەش شێوە ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت.”

” بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کاندیدی پارتی بێت یاخود یەکێتی گرنگ کۆدەنگی نیشتمانیە لەسەر ئەو کاندیدە ”

دەربارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هۆشیار سیوەیلی وتی” پۆستی سەرۆک کۆماری یەکێکە لە پۆستە گرنگەکان کە ئیستحقاقی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە تایبەت نیە بە لایەێکی سیاسی و حیزبێک، بەڵکو تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بۆیە هیوادارین لەو کۆبونەوانەی لەسەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت بەجدی باس لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و پڕکردنەوەی بکرێت و کۆدەنگیەکی کوردستانی و نیشتمانی لەسەر ئەو کاندیدەی پۆستەکە وەردەگرێت جا کاندیدی پارتیە یاخود یەکێتی گرنگ کۆدەنگی نیشتمانیە لەسەر ئەو کاندیدە.”

لە هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ ی مانگی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە پلەی یەکەمدایە و ٣٣ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:27 0:00


XS
SM
MD
LG