Accessibility links

گەورە تێرۆریستێکی عێراق دەستگیر دەکرێت


عێراق دەڵێت بەرپرسی یەکەم و داڕێژەری تەقینەوە خوێناوییەکەی ساڵی 2016ی بازاڕێکی بەغدای دەستگیرکردووە کە نزیکەی 300 کەسی تیادا کوژران و 250 کەسیش برینداربوون.

ئەو هێرشە خۆکوژیەی لەڕێی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە کرا لەناوجەرگەی ناوچەی کەڕادەی بەغدادا و خوێناویترین هێرشی خۆکوژی بووە لە پایتەختی عێراق لەوەتای ساڵی 2003وە کە هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر عێراق و ڕژێمەکەی سەدام حوسەینی دیکتاتۆر ڕوخێندرا.

2 کاربەدەستی هەواڵگری عێراق دەڵێن، ئەو کەسە "غەزوان ئەلزەوبەعی"یە و لە کردەیەکی ئاڵۆزدا دەستگیرکراوە بە هاوکاری وڵاتێکی دراوسێ و چەند مانگێکە لەژێر چاودێریدا بووە، بەڵام ناڵێن بە هاوکاری چ وڵاتێک بووە.

ئەو دوو کاربەدەستە بەو مەرجەی ناویان نەهێنرێت چونکە ناتوانن لێدوان بدەن، بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێسیان وتووە، غەزوان لە وڵاتێکی بیانیدا دەستگیرکراوە و دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.

غەزوان ئەلزەوبەعی، تەمەن 29 ساڵ میلیشیایەکی سەر بە ئەلقاعیدە بووە ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیر دەکرێت و لە زیندان دەنرێت و تا ساڵی 2008 لە زیندانی کرۆپەر دەبێت و لە ساڵی 2013دا لە زیندانی ئەبوغرێب ڕادەکات. دواتر غەزوان پەیوەندی دەکات بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

ئەو دوو کاربەدەستە عێراقییە دەڵێن، غەزوان پیلانی چەندان هێرشی داناوە لە عێراقدا و لە هەمووشیان خوێناوی تر، ئەو هێرشەی ساڵی 2016ی ناوچەی کەڕادە بووە و ناوە نهێنییەکەیشی "ئەلیاس ئەبو عوبەیدە" بووە.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەسەر ئەو دەستگیرکردنە پەیامێکی نوسیوە و غەزوان وەها دەناسێنێت کە تێرۆریستی سەرەکی پشت هێرشە خوێناوییەکەی کەڕادە و زۆر هێرشی تریشە.

دەستگیرکردنی غەزوان ئەلزەوبەعی، دووهەم کردەی دەستگیرکردنە لەلایەن دەزگای نیشتمانی هەواڵگری عێراقەوە لەوەتای هەڵبژاردنە گشتییەکەی ڕۆژی 10ی مانگی 10 کرا.

کاربەدەستانی عێراقی دەڵێن، سامی جاسم، یەکێکە لە سەرکردەکانی داعش، ڕۆژی دووشەممەی پێشوو لە کردەیەکی هاوشێوەدا دەستگیرکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاداشتی 5 ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە مایەی دەستگیرکردن یان کوژرانی جاسم.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جاسم بە ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی ناودێر دەکاتلە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی بۆ کارە تێرۆریستییەکانی داعش.

XS
SM
MD
LG