Accessibility links

عومەر کۆچەر: ئەمجارەش یەکگرتووی ئیسلامی هەر حیزبی دووەم دەبێت لە بادینان


عومەر کۆچەر

عومەر کۆچەر یەکێک لەو کاندیدانەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی دەکات لەم وتووێژەدا وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت بەهەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە."

"دۆخی یەکگرتوو زۆر باشە، چاوەڕێی ئەنجامی دڵخۆشکەرین"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا عومەر کۆچەر دەربارەی ئەوەی بۆچی یەکگرتوو دەڵێت پشتیوانی کاندیدەکان دەکەن و بەفەرمی بەناوی ئەو حیزبە (یەکگرتووەوە) خۆتان تۆمار نەکردووە؟ وتی" دیاره‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ یاسایه‌كه‌ زیاتر ڕۆڵ ده‌دات به‌ كاندیده‌كان، لیستی لابردووه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان ته‌نها كاندیدیان هه‌یه‌ و بۆئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ زیاتر ده‌رفه‌ت بده‌ن به‌ كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن، ئێمه‌ شه‌ش كاندیدین، کاندید کراوین کە یەکگرتووی ئیسلامی پشتیوانیمان دەکات، دووانیان كاندیدی پێشووتر بوون شتێكی زۆر ئاساییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌وانه‌یه‌ زیاتر ئه‌زموون و زیاتر شاره‌زاییان هه‌بێت."

عومەر کۆچەر ئەوەشی وت" دۆخی یەکگرتوو زۆر زۆر باشه‌، خه‌ڵک ده‌بینێت كه‌ ده‌سه‌ڵات چه‌ند ناخۆشی و ده‌رده‌سه‌ری هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئومێدمان هه‌یه‌، خه‌ڵكی ئێمه‌ دڵی خۆش بێت كه‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رز له‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنین به‌و متمانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ ئینشائه‌ڵا ئومێدی سه‌ركه‌وتنمان هه‌یه‌."

سەبارەت بە پێشبینییان بۆ ئەنجامی ئەو کورسیانەی چاوەڕێ دەکەن بەدەستیبهێنن، عومەر کۆچەر وتی" ئه‌نجامه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ كاندیدی به‌هێزن له‌به‌رئه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌رین، ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ بازنه‌ی خۆمان له‌ زاخۆ و سمێل و ده‌وروبه‌ری ئومێد ده‌كه‌م خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ باش كاندیدی خۆیان بناسن خوا حه‌زبكات ئه‌نجامێكی زۆر دڵخۆشكه‌رمان ده‌بێت، بادینان ته‌نها دوو كاندیدی هه‌یه‌ ئینشائه‌ڵا هه‌ردووکسه‌رده‌كه‌ون."

" جیاوازیه‌كی زۆر زۆره‌ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی وەک یەکگرتوو دوو دڵ نین لەوەی ئەنجامی هەمان ئەو حیزبانەی بەڕەوتی (ئیخوانی) ناسراون لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕووتان ببێتەوە؟ لە وەڵامدا عومەر کۆچەر وتی" جیاوازیه‌كی زۆر زۆره‌، واقیعی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ی ده‌وڵه‌تان، ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین یه‌كگرتوو كورسیه‌كانی زیاد بكات، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ عێراقه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانین وه‌كو قوتابخانه‌ ئێمه‌ ئیخوانین به‌ڵام یه‌كگرتوو تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌."

"له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگ و كورسی ئێمه‌ زیاد ده‌كات "

عومەر کۆچەر دەشڵێت" ئێمه‌ ئومێد و باوەڕمان هه‌یه‌ به‌ خه‌ڵكی خۆمان کە ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆكاری ناخۆشی و ده‌رده‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی، خه‌ڵكی ئه‌وانه‌ سزابده‌ن."

باشە یەکگرتوو چی کردووە تا خەڵک دەنگی پێبدات؟ لە وەڵامدا عومەر کۆچەر وتی" یه‌كگرتوو سێ ساڵه‌ خه‌ریكی په‌روه‌رده‌ و خزمه‌تكاری خه‌ڵكه‌ ڕۆژانه‌ ئێمه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکده‌كه‌ین، ئێمه‌ هه‌ندێک گه‌نج و لاومان په‌روه‌رده‌ كردووه‌ كه‌ باشترین سه‌روه‌ت و سامانن بۆ ماڵی خۆیان ،بۆ خێزانی خۆیان و بۆ میلله‌تی خۆیان نه‌ ماڵ به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن و نه‌ قومارچین، نه‌ سزادراون له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی به‌ڵكو هه‌ندێكجار سزا دراون له‌سه‌ر خزمه‌ت و له‌سه‌ر چاكسازی و داخوازی مووچه‌ی خه‌ڵكی و غه‌در له‌ خه‌ڵكی نه‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵک باش ده‌مانناسێت و سومعه‌یه‌كی باشمان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگی ئێمه‌ زیاد ده‌كات و كورسی ئێمه‌ زیاد ده‌كات."

"هه‌میشه‌ یه‌كگرتوو حیزبی دووه‌مه‌ لەبادینان ئەم هەڵبژاردنەش هەروا دەمێنێتەوە "

بەڵام لە دواین هەڵبژاردنەکان یەکگرتوو ڕێژەی دەنگەکان و کورسییەکانی کەمیکرد، لە وەڵامدا جەمال کۆچەر هۆکارەکەی بەمجۆرە باسکرد و وتی" كه‌مكردنی كورسیه‌كان شتێكی كاتی بووه‌ و له‌به‌ر هه‌ندێک بارودۆخی كوردستان كه‌ دابه‌ش بوو به‌سه‌ر زۆنی زه‌رد و زۆنی سه‌وز یه‌كگرتوو و خه‌ڵكی كوردستان زۆرجار قوربانی ئه‌و دابه‌شكارییه‌ و دوو ئیدارییه‌ یه‌كگرتوو زۆرجار بووته‌ قوربانی له‌به‌رئه‌وه‌ی میلله‌تی خۆمان توشی ده‌ردو كاره‌سات نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر خوێنی ئه‌و میلله‌ته‌ به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌ن."

هەروەها وتیشی" پێشتر یه‌كگرتوو دوو كورسی هه‌بووه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق هیوادارین جارێكی تر هه‌ردوو كورسیه‌كه‌ی خۆی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌."

ئەو کاندیدەی یەکگرتووی ئیسلامی لە بادینان پشتیوانی دەکات لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە، یەکگرتوو ئەمجارەش وەک حیزبی دووەمی بادینان دەمێنێتەوە و ڕێژەی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت لە پلەی دووەمدا لەو ڕوەوە وتی" هه‌میشه‌ یه‌كگرتوو حیزبی دووه‌مه‌ له‌ بادینان غه‌یری یه‌كگرتوو نه‌بۆته‌ حیزبی دووه‌م هه‌تا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق غه‌یری یه‌كگرتوو نه‌بۆته‌ حیزبی دووه‌م، ئەمجارەش هەروا دەمێنێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:18 0:00



XS
SM
MD
LG