Accessibility links

فارس عیسا:په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆک ماکرۆن ئیجابیه‌ تائێستا هه‌مووان ته‌ئکیدیان کردۆته‌وه‌ بەردەوام بن لە پشتگیری هێزه‌ عێراقیه‌کان و پێشمه‌رگه‌ش


فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لەم وتووێژەدا باس لە گرنگی کۆنگرەی لوتکەی بەغداد دەکات، هەروەها سەبارەت بە بەشداری نەکردنی هیچ یەکێک لە بەرپرسانی باڵای هەرێم لە کۆنگرەی لوتکە، عیسا دەڵێت" ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌کو سه‌رۆکی هه‌موو عێراقه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش کورده‌، نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو عێراق ده‌کات ئەوان به‌شداربوون له‌م مه‌راسیمه‌ ئیتر ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامێکی هه‌بووه‌، دەشڵێت"به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆک ماکرۆن ئیجابیه‌ تائێستا هه‌موو لایه‌نه‌کان ته‌ئکیدیان کردۆته‌وه‌ که‌ بەردەوام بن لە پشتگیری له‌ هێزه‌ عێراقیه‌کان و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌شه‌ڕی دژی داعش. "

"بۆ عێراق و بۆ هه‌رێمی کوردستانیش باشه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەربارەی لوتکەی بەغداد ڕایگەیاند" ئه‌م چالاکیه‌ زۆر زۆر گرنگ بوو بۆ عێراق و ناوچه‌که‌ هەروەها بۆ هه‌رێمی کوردستانیش که‌ به‌شێکه‌ له‌ عێراقی فیدڕاڵ، ئامانج له‌م کۆنگره‌یە ئه‌وه‌ بوو بۆ سه‌قامگیری هه‌م له‌ڕووی سیاسی و هه‌م ئابورییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی ئیجابی ده‌بێت بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستانیش."

وتیشی" مه‌به‌ست له‌م کۆنگره‌یە بۆ سه‌قامگیری بوو له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ له‌وانه‌ش سه‌قامگیری سیاسی و سه‌قامگیری ئابورییه‌، ئاسایشیش به‌شێک بوو له‌و بابه‌تانه‌ بوو که‌ باسکران بۆ هاوکاری عێراق به‌تایبه‌تی له‌شه‌ڕی داعش هه‌موو وڵاته‌کانیش جه‌ختیان له‌وه‌ کرده‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ عێراق باشه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستانیش باشه‌."

"بۆچی بەرپرسانی هەرێم بەشدار نەبوون لە لوتکەی بەغداد ؟ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی هیچ کام لە بەرپرسانی هەرێم (سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت) بەشداری کۆبونەوەی لوتکەی بەغداد نەبوون؟ لە وەڵامدا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد وتی" ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌کو سه‌رۆکی هه‌موو عێراقه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش کورده‌، نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو عێراق ده‌کات ئەوان به‌شداربوون له‌م مه‌راسیمه‌ ئیتر ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامێکی هه‌بووه‌."

فارس عیسا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەرپرسانی هەرێم لە ڕێگای ئێوەوە وەک نوێنەرایەتی بانگهێشی کۆنگرەی لوتکە کرابوون؟ لە وەڵامدا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەڵێت" له‌ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ بانگهێشت نه‌کراون وه‌کو نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌غداد. "

"هه‌موو لایه‌نه‌کانی بەشداری لوتکەی بەغداد داکۆکیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆی بکرێت "

عیسا جەختی لەوەکردەوە ئامانجێکی تری کۆبونەوەی لوتکە، بۆ وەدیهێنانی سەقامگیرییە وەک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێش وەختییەکەی عێراق لە کاتی خۆیدا، لەو ڕووەوە وتی"به‌دڵنیاییه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ کراوه‌ته‌وه‌، دووه‌میش ئه‌مه‌ بابه‌تێکی دوولایه‌نییه‌ و بۆ ئه‌وانیش باشه‌ ئه‌گه‌ر عێراق سه‌قامگیر بێت کاردانه‌وه‌ی ئیجابی له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ش ده‌بێت، ئامانجی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شدابوون له‌ کۆنگره‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دووربێت له‌ ململانێ و ده‌ستێوه‌ردان و ئه‌مانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ عێراق باشه‌ و ئه‌و گره‌نتیان داوه‌، یه‌کێک له‌ ئامانجی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ پشتگیری کردنی عێراق بووه‌ بۆ سه‌قامگیری عێراق له‌ڕووی سیاسی و له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌، وه‌ پاڵپشتیه‌ بۆ عێراق بۆئه‌وه‌ی له‌م ئاڵۆزییه‌ ده‌ربچێت بۆ قۆناغێکی سه‌قامگیرتر بۆ قۆناغێکی ئارامتر. "

فارس عیسا زیاتر ڕونیکردەوە" هه‌موو لایه‌نه‌کانی بەشداری لوتکەی بەغداد داکۆکیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆی بکرێت پێموایه‌ پێشتر پێویست بوو له‌ 10-6 هه‌ڵبژاردن بکرایه‌ به‌ڵام دواخرا بۆ 10-10 دواخستنه‌که‌ سیاسی بووه‌ و هونه‌ری نه‌بووه‌ چونکه‌ کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ته‌ئکیدیان ده‌کرده‌وه‌ له‌ڕووی ئاستی ئاماده‌بوونیان هه‌موویان جێبه‌جێکردووه‌ به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێک کێشه‌ی سیاسی دواخرا بۆ 10-10 هه‌موویان دوپاتیان کردووه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن بکرێت ئه‌مه‌ش هه‌لێکی باشه‌ بۆ عێراق به‌ره‌و دۆخێکی ئاسایتر بڕوات، وه‌ ئێستاش هه‌موو لایه‌نه‌کان خه‌ریکی ئه‌وه‌ن له‌نێوان خۆیان متمانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ و په‌یماننامه‌یه‌کیشیان واژوو کردووه‌ بۆئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موو هاوکاربن و زوو حکومه‌تی تازه‌ ده‌ستبه‌کار بێت و هیچ گرفتێک دروست نه‌بێت زوو عێراق بکه‌وێته‌سه‌ر سکه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی."

"نه‌ک ته‌نها حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمیشه‌وه‌ هه‌مووی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون که‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆی بکرێت"

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی هەرێم لە گەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەدان لە وادەی خۆیدا؟ وەڵامەکەی فارس عیسا بەمجۆرە بوو" نه‌ک ته‌نها حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمیشه‌وه‌ هه‌مووی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون که‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆی بکرێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژادن دوابکه‌وێت کێشه‌کان ئاڵۆزتر ده‌بێت ئه‌وه‌ش خزمه‌تی سه‌قامگیری عێراق ناکات."

" به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م کابینه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد په‌یوه‌ندیه‌کی باش بووە "

دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد؟ فارس عیسا دەڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م کابینه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد په‌یوه‌ندیه‌کی باش بووە، دانوستان به‌رده‌وام بوو له‌هه‌ندێک بواریش گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن هیوادارین له‌ کابینه‌ی داهاتووش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ به‌رده‌وام بن بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی ماون و چاره‌سه‌ر نه‌کراون به‌پێی ده‌ستور به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ر بکرێت و حکومه‌تی داهاتووی عێراق حکومه‌تی هه‌موو عێراقیه‌کان بێت."

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەربارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زیاتر دواو و وتی" ئێستا بابه‌تی مووچه‌ مه‌به‌ستم بابه‌تی دارایی هه‌یه‌، بابه‌تی ئه‌منی هه‌یه‌، بابه‌تی مادده‌ی 140 هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و میحوه‌رانه‌ کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وامه‌، له‌گه‌ڵ دارایی عێراق گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن له‌ بودجه‌ی 2021 ئێستا له‌ قۆناغی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 10 و 11 ن له‌یاسای بودجه‌، هەروەها له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن که‌ دوو لیوای تایبه‌ت پێکبهێنرێت به‌هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای فیدڕاڵی بۆ وه‌رگرتنی لێپرسراوێتی ئه‌و ناوچانه‌ی نێوان هه‌ردوو هێز که‌ پاشماوه‌ی داعشی لێمابوو، له‌سه‌ر مادده‌ی 140 یش لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ئیشوکاری خۆیان."

" هەموو لایه‌نه‌کان ته‌ئکیدیان کردۆته‌وه‌ که‌ بەردەوام بن لە پشتگیری له‌ هێزه‌ عێراقیه‌کان و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌شه‌ڕی دژی داعش "

فارس عیسا باسی لە سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە وەک پەیامێکی پشتیوانی بۆ عێراق و هەرێم لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کرد لای هەندێک لێکدەدرێتەوە، لەو ڕوەوە عیسا دەڵێت"به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆک ماکرۆن ئیجابیه‌، دوپاتکردنه‌وه‌ی سه‌رۆک ماکرۆن و فه‌ڕه‌نسایه‌ بۆ پاڵپشتی هه‌رێمی کوردستان و بۆ پاڵپشتی پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، بۆ به‌رده‌وام بوونی پشتگیری هه‌رێمی کوردستان له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌شه‌ڕی داعش ئه‌مه‌ چه‌ند جارێکه‌ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌."

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەشڵێت" تائێستا هه‌موو لایه‌نه‌کان ته‌ئکیدیان کردۆته‌وه‌ که‌ بەردەوام بن لە پشتگیری له‌ هێزه‌ عێراقیه‌کان و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌شه‌ڕی دژی داعش. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:35 0:00


XS
SM
MD
LG