Accessibility links

حسێن قائیدی: تا ئێستا 3550 ئێزیدی ڕفێنراومان ئازادکردووە، 2763 ئێزیدی تریش بێسەروشوێنن


حسێن قائیدی بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنروانی ئێزیدی\نوسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی

حسێن قائیدی بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنروانی ئێزیدی لەم وتووێژەدا باس لە هەوڵەکانی نوسینگەکەیان دەکات بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی ئێزیدییەکان، هەروەها ئامارێک لەوڕووەوە دەخاتەڕوو ."

" ئامارەکان "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا حسێن قائیدی ئاماژەیکرد" ئێمه‌ وه‌کو نوسینگه‌ی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدی، ئه‌م نوسینگه‌یه‌ له‌ساڵی 2014 له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ر له‌سه‌ر بڕیاری "به‌ڕێز کاک نێچیره‌ڤان بارزانی" کرایه‌وه‌، کاری ئه‌م نوسینگه‌یه‌ ڕزگارکردنی که‌سوکارانی ئێمه‌یه‌، له‌سه‌رجه‌می شه‌ش هه‌زار چوارسه‌د و حه‌ڤده‌ که‌س که‌ ئه‌وانه‌ که‌وتبوونه‌ ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ئێمه‌ وه‌کو نوسینگه‌ توانیمان هه‌تا ئێستا 3550 که‌س ڕزگار بکه‌ین له‌وانه‌ 1206-ییان ئافره‌تن ، سێ سه‌د و سی و نۆ پیاون ، 1049 مناڵی کچن ، 956 مناڵی کوڕن، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ تائێستا 2763 که‌س بێسەروشوێنن ، به‌پێی ڕێنمایی به‌ڕێز کاک نێچره‌ڤان بارزانی کاری نوسینگه‌که‌مان به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت هه‌تا یه‌ک که‌س مابێت له‌وانه‌."

" هه‌رشوێنێک بزانیین یان گومانمان هه‌بێت که‌سوکاری ئێمه‌ی تێدایه‌ دۆسیه‌یه‌کی بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ "

قائیدی ئەوەشی وت" ئێمه‌ هه‌رشوێنێک بزانیین یان گومانمان هه‌بێت که‌سوکاری ئێمه‌ی تێدایه‌ دۆسیه‌یه‌کی بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆنموونه‌ وه‌کو له‌ ڕۆژئاوای کوردستان که‌مپی هۆڵ که‌ ئه‌م که‌مپه‌ خێزانه‌کانی تیرۆریستانی داعش له‌ناو ئه‌و که‌مپه‌دان له‌نێوان 70-80 هه‌زار که‌سی له‌ناودایه‌، ئێمه‌ گومانمان هه‌بوو له‌و مناڵ و کچ و ژنان له‌ناو ئه‌و که‌مپه‌دا بن، ئێمه‌ هه‌ستاین دۆسیه‌ک بکه‌ینه‌وه‌، له‌ کۆتایی دۆسیه‌که‌ بۆمان ده‌رکه‌وت ژماره‌یه‌کی زۆر کە 400-ن که‌س هه‌تا ئێستا له‌ناو که‌مپی هۆڵ دان، ئێمه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ک هه‌بێت بتوانین ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ناو ئه‌و که‌مپه‌دان یان له‌ شوێنه‌کانی تردان بیانگه‌ڕێنینه‌وه‌، یه‌که‌مجار بزانیین له‌ کوێن و دووه‌میش هه‌وڵده‌ده‌ین ڕزگاریان بکه‌ین."

بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنروانی ئێزیدی ڕونیکردەوە" ئێستا زیاتر کارمان له‌ وڵاتی سوریادایه‌ به‌ڵام گومانمان هه‌یه‌ له‌ عێراقیش هه‌ندێک که‌سوکاری ئێمه‌ هه‌بێت به‌تایبه‌تیش ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ پێش ئێستا له‌ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدا بوون."

"کاریگەری کۆرۆنا لەسەر پڕۆسەکە "

دەربارەی کاریگەری ڤایرەسی کۆرۆنا لەسەر پڕۆسەی بێسەروشوێنانی ئێزیدی، حسێن قائیدی دەڵێت" ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین که‌سوکاره‌کانی خۆمان ڕزگار بکه‌ین به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت، بێگومان کاریگه‌ری ڤایڕه‌سی کۆرۆنا له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بوو ئێمه‌ش به‌شێکین له‌و جیهانه‌ که‌ ڤایڕه‌سی کۆرۆنا له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕوویدا بێگومان نه‌مانتوانی وه‌کو پێویست هاتوچۆ بکه‌ین له‌نێوان پارێزگاکان یان له‌نێوان سنوره‌کانی ده‌وڵه‌تان به‌تایبه‌تیش سنوری ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌وڵه‌تی سوریا بێگومان ئه‌وه‌ش بوویه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا توانیمان ژماره‌یه‌کی زۆرکه‌م ڕزگاربکه‌ین به‌ڵام که‌ ڤایڕه‌سی کۆرۆنا نه‌ما جارێکی تر ئێمه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ و ده‌ستمان به‌کاره‌کانمان کرد و ئێمه‌ش به‌رده‌وامین هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ بەردەوامین."

"هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ 300 هه‌زار که‌س له‌ کوردانی ئێزیدی له‌ژێر خێوه‌ته‌کاندا ده‌ژین "

لە بەشێکی تری وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنروانی ئێزیدی باسی لە دۆخ و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان کرد بۆ زێدی خۆیان لەو ڕوەوە وتی" به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ حه‌وت ساڵ ته‌واو بووه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ 300 هه‌زار که‌س له‌ کوردانی ئێزیدی له‌ژێر خێوه‌ته‌کاندا ده‌ژین له‌به‌ر گه‌رمای هاوین و سه‌رمای زستان و نه‌بوونی که‌ل و په‌لی پێویست، کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێویست بوو به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ڵبستێت و که‌سوکارانی ئێمه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ شوێنه‌کانی خۆیان به‌ڵام نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆیه‌ک یه‌کێک له‌وانه‌ هه‌بوونی چه‌ندین گروپی چه‌کداری ناشه‌رعی له‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری شه‌نگال دیسان هه‌بوونی چه‌ندین خانوونی وه‌کو به‌ عه‌ره‌بی پێی ده‌ڵێن (مخفف) ناتوانن بگه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌و خانووانه‌، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌کان له‌و ناوچانه‌، هاتنی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانەی له‌ده‌وروبه‌ری شه‌نگال-ەوە هاتوون ئه‌مه‌ ئه‌و هۆیانه‌ن که‌ خه‌ڵکی شه‌نگال ناتوانن بگه‌ڕێننه‌وه‌ و ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا کرا حکومه‌تی عێراق هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ خاڵه‌کانی جێبه‌جێ بکات."

هەروەها قائیدی زیاتر وتی" زیاتر له‌ 100 هه‌زار که‌سیش له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و شوێنانی ترن، ئێمه‌ هه‌مووکات داواکارین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ حکومه‌تی عێراق و له‌ وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران هه‌وڵبده‌ن ئه‌و که‌سوکارانه‌ی ئێمه‌ له‌ده‌ست ئه‌و ناخۆشی و نه‌هامه‌تیه‌ ڕزگاربکه‌ن و بیانبه‌نه‌وه‌ بۆ شوێنه‌کانی خۆیان چ له‌ شه‌نگال یان له‌ شوێنه‌کانی تر."


دەربارەی ئەوەی چ هاوکارییەکی دەرونی پێشکەش بە ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکەن؟

حسێن قائیدی وتی" کاری سه‌ره‌کی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕزگارکردنی ئه‌م که‌سوکارانه‌یه‌، ئه‌و کارانه‌ی تر به‌جێی ده‌هێڵین بۆ داموده‌زگای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان حکومه‌تی عێراق و ڕێکخراوه‌کانی UN ڕێکخراوه‌کانی NGO به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا وه‌کو پێویست کاریان بۆ نه‌کراوه‌، وه‌ به‌پێی زانیاری ئێمه‌ که‌ ته‌نها یه‌ک سه‌نته‌ر له‌ پارێزگای دهۆک کراوه‌ته‌وه‌ بۆ (اعاده‌ تأهیل - چاکسازی) ی کچ و ژنانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ ڕزگاربووان و ئه‌و سه‌نته‌ره‌ به‌توانای سنورداره‌وه‌ تائێستا توانیویه‌تی زیاتر له‌ هه‌زار که‌س سه‌ردانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بکه‌ن و چاره‌سه‌ریان بۆ بکرێت."

هەروەها وتیشی" هاوکاری له‌لای ئه‌و سه‌نته‌ره‌ هه‌یه‌ بۆ خانمان، به‌ڵام ژماره‌که‌یان زۆر زۆره‌ و سه‌نته‌ره‌که‌ زۆر گه‌وره‌ نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ چه‌ندین جار که‌ سه‌نته‌ر بکرێته‌وه‌ به‌شێوازی ستانداری نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌رکردنی ده‌رونی ئه‌و کچ و ژنانه‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستا وه‌کو پێویست کار بۆ ئه‌وانه‌ نه‌کراوه‌، ده‌بوایه‌ به‌ پلەی یه‌که‌م ئه‌م ڕێکخراوانه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که‌ قسه‌ده‌که‌ن به‌ناوی ژن هه‌ستابانه‌ به‌ کردنه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌نته‌ر بۆ (اعاده‌ تأهیل - چاکسازی) ئه‌م کچ و ژنانه‌."

" داوامان کرد یارمه‌تی که‌مپه‌کان بدرێت و مه‌سه‌له‌ی پێدانی ڤاکسینیش بۆ هه‌موو هاوڵاتیان وه‌کو یه‌ک بێت "

دەربارەی قەرەبوکردنەوەی ڕزگاربووانی دەستی داعش و ئاوارە ئێزیدییەکان؟ قائیدی دەڵێت" کاری ئێمه‌ وه‌کو نوسینگه‌ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدییه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک شوێنی تر تایبه‌ت بن به‌و ئیشه‌ به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ داواده‌که‌ین که‌ خه‌ڵکی ئێمه‌ قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ بۆماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ له‌ژێر ئه‌و خێوه‌تانه‌ ده‌ژی."

سەبارەت بە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە ئاوارە ئێزیدییەکان لە کەمپدا؟ حسێن قائیدی دەڵێت" به‌ڕاستی زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نییه‌ به‌ڵام پێش ماوه‌یه‌ک من و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کاروباری ئێزیدیه‌کان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای دهۆکمان کرد و داوامان لێکرد یارمه‌تی که‌مپه‌کان بدرێت و مه‌سه‌له‌ی پێدانی ڤاکسینیش بۆ هه‌موو هاوڵاتیان وه‌کو یه‌ک بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:36 0:00


XS
SM
MD
LG