Accessibility links

هیمان:هیچ هاوپەیمانێتیەک بەفەرمی داوای گۆڕینی سەرۆکەکەی لە کۆمسیۆن نەکردووە،گۆڕینی سەرۆکی هەر هاوپەیمانێتییەکیش دەبێت بەڕەزامەندی کۆمسیۆن بێ


هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" کۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا، هیچ لیست و لایەنێکیش تا ئێستا بەفەرمی بەڕەوتی سەدریشەوە داوای کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە، دەربارەی گۆڕینی سەرۆکی هاوپەیمانێتی لایەنەکان، بەتایبەت هاوپەیمانی کوردستانی، بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەڵێت "هه‌تا ئه‌م ساته‌ هیچ داواکاریه‌کمان پێشکه‌ش نه‌کراوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواکاریمان پێشکه‌ش بکرێت له‌لایه‌نی ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی که‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یان دروستکردووه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئێمه‌ دراسه‌ی ئه‌و داواکاریه‌ ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هیچ لاریه‌کی یاسایی نه‌بێت قبوڵی ده‌که‌ین، بێگومان ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی کۆمیسیۆن هه‌بێت به‌تایبه‌تی فه‌رمانگه‌ی کاروباری پارته‌ سیاسیه‌کان بۆ گۆڕینی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتی پێویسته‌ له‌و حیزبانه‌وه‌ پێشکه‌ش بکرێت که‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یان دروستکردووه‌."

" به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری نابێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی" کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا که‌ ڕۆژی 10-10-2021، هه‌موو ئاماده‌کاریه‌کمان کردووه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌."


دەربارەی بانگەشەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بۆ کشانەوەی ڕەوتەکەی لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق؟ هیمان تەحسین بەگ وتی" به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری نابێت وه‌ک پرۆسه‌، ئێمه‌ وه‌ک کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادن به‌رده‌وامین له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانەی که‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێکیش بکشێته‌وه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیه‌ هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت به‌شداری بکات یان هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت بکشێته‌وه‌ ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌."


بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختیکردەوە" هه‌تا ئه‌م ساته‌ به‌فه‌رمی هیچ لایه‌نێک نه‌ ڕه‌وتی سه‌در نه‌ لایه‌نێکی تر هیچ داواکاریه‌کیان پێشکه‌ش نه‌کردووه‌ به‌ فه‌رمانگه‌که‌ی ئێمه‌ به‌ڵێ ته‌نانه‌ت ڕه‌وتی سه‌دریش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌تا ئه‌م ساته‌ به‌فه‌رمی هیچ داواکارییه‌ک پێشکه‌شی ئێمه‌ نه‌کراوه‌."

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی" ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ وه‌ک کۆمیسیۆن هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌شداربن له‌م پرۆسه‌یه‌ چونکه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی عێراق ده‌کات له‌ باکوره‌وه‌ هه‌تا باشور، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک نیین و ئێمه‌ بێلایه‌نین کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق بێلایه‌نه‌ و هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت به‌شداری بکات له‌م پرۆسه‌یه‌ زۆر زۆر ئاساییه‌، وه‌ هه‌رکه‌سێکیش بیه‌وێت بکشێته‌وه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و شتانه‌ ناکه‌ین."

"پابه‌ندین به‌و بڕیاره‌ی که‌ دامانناوه‌ له‌ ڕۆژی 10-10-2021 ده‌بێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین "

هیمان تەحسین بەگ زیاتر ڕونیکردەوە" ئێمه‌ وه‌ک کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق پابه‌ندین به‌و بڕیاره‌ی که‌ دامانناوه‌ له‌ ڕۆژی 10-10-2021 ده‌بێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئێمه‌ 1-5 مان دانا به‌ دوامۆڵه‌ت بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر داواکارییه‌ک له‌ هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی بێت بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتی سیاسی یان به‌شداریکردن له‌م پرۆسه‌یه‌، له‌دوای 1-5 به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێت نه‌به‌شداربێت و نه‌ بکشێته‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌کو پارته‌کان بۆی نییه‌ بکشێته‌وه‌ هه‌تا دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ وه‌کو فه‌رمانگه‌ی پارته‌ سیاسیه‌کان ناتوانین هیچ داواکارییه‌ک وه‌ربگرین بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتی سیاسی یان کشانه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی سیاسی."

"له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا کاته‌که‌ی به‌سه‌رچووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رشتێکی ئاوا کتوپڕ دروست بێت هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی بیه‌وێت بکشێته‌وه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌بێت بابه‌ته‌که‌ پێشکه‌شی ئه‌نجوومه‌نی کۆمیسیۆن بکرێت ئینجا ئه‌نجوومه‌نی کۆمیسیۆن کۆبوونه‌وه‌ی خۆی ده‌کات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، بۆیە به‌ڵێ ناتوانن بکشێننه‌وه‌ به‌ڵام بۆیان هه‌یه‌ به‌شداری نه‌که‌ن له‌ پرۆسه‌که‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتییه‌ و ئێمه‌ ناتوانیین فشار له‌ خه‌ڵک بکه‌ین بڵێن به‌زۆر ده‌بێت هه‌ڵبژێرن یان به‌شداری بکه‌ن."

" کاریگەری دۆخی ئەمنی "

دەربارەی کاریگەری دۆخی ئەمنی لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن؟ بەرپرسە باڵاکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" بێگومان دۆخی ئه‌منی و به‌رقه‌رابوونی ئاسایش له‌هه‌موو شاره‌کانی عێراق زۆر گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ وه‌ک کۆمیسیۆن بۆئه‌وه‌ی هه‌موو کادره‌کانی خۆمان بتوانن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ڕێکوپێکی ئه‌نجام بده‌ن بۆیه‌ دۆخی ئه‌منی له‌لایه‌نی ئێمه‌وه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ له‌هه‌موو شاره‌کان به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ندێک له‌شاره‌کانی باشوری عێراق به‌ڕاستی کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ دروستبووه‌ به‌ڵام حکومه‌تی عێراقی زۆر هه‌وڵده‌دات، وه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌کی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کۆمیسیۆن و پاڵپشتی کۆمیسیۆنی کردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌که‌ بکرێت له‌کاتی خۆیدا."

" گۆڕینی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانێتییەکان "

شەوی ڕابردوو (لاهوڕ شێخ جەنگی) سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا ڕایگەیاند" لە سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە دەکشێتەوە."

کشانەوەی لاهوڕی شێخ جەنگی لە پاش سەرهەڵدانی کێشە ناوخۆییەکانی نێوحیزبەکەیەوە لە 8ی تەموزەوەیە، دوای ئەوەش لە هەفتەی ڕابردوو پاش کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی ڕایگەیاند" دەستبەرداری سەرجەم دەسەڵاتەکانی بووە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ هاوسەرۆکەکەی تری حیزبەکەی (بافڵ تاڵەبانی)."

سەبارەت بە گۆڕینی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان( هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)؟

بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" ئێمه‌ وه‌کو کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنی عێراق و به‌تایبه‌تی وه‌ک فه‌رمانگه‌ی کاروباری پارته‌ سیاسیه‌کان هه‌تا ئه‌م ساته‌ هیچ داواکاریه‌کمان پێشکه‌ش نه‌کراوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواکاریمان پێشکه‌ش بکرێت له‌لایه‌نی ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی که‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یان دروستکردووه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئێمه‌ دراسه‌ی ئه‌و داواکاریه‌ ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هیچ لاریه‌کی یاسایی نه‌بێت قبوڵی ده‌که‌ین، بێگومان ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی کۆمیسیۆن هه‌بێت به‌تایبه‌تی فه‌رمانگه‌ی کاروباری پارته‌ سیاسیه‌کان بۆ گۆڕینی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتی پێویسته‌ له‌و حیزبانه‌وه‌ پێشکه‌ش بکرێت که‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یان دروستکردووه‌، بەڵام وه‌کو باسمکرد ئه‌و که‌سه‌ی ده‌بێته‌ سه‌رۆکی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ ده‌بێت له‌لایه‌نی به‌ڵگه‌ی تاوانی هیچی له‌سه‌رنه‌بێت و له‌لایه‌نی به‌رپرسیارێتی و دادپه‌روه‌ری نابێت هیچی له‌سه‌ربێت دواتر بڕیاری له‌سه‌رده‌ده‌ین و ده‌توانێت ببێت به‌سه‌رۆکی لیستی تازه‌."

XS
SM
MD
LG