Accessibility links

کاوە محەمەد: یەکێک لە مەرجەکان بەپێی یاسای بودجەی عێراق ئەوەیە هەر بڕە پارەیەک ڕەوانەی هەرێم بکرێت دەبێت بۆ موچەی فەرمانبەران بێت


کاوە محەمەد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا

کاوە محەمەد ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت" یەکێک لە مەرجەکان بە پێی مادده‌ (11) لە یاسای بودجەی عێراقی ئەوەیە حکومەتی عێراقی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێم دەنێرێت دەبێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاریبهێنێت، دەشڵێت"ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەران بەکارنەهێنا ئەوا نه‌ک هه‌ر حکومه‌تی عێراقی ئێمه‌ش وه‌کو په‌رله‌مانتاران قسه‌مان ده‌بێت، وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵی ئه‌وه‌ ناکه‌ین ته‌نانه‌ت پێویست بکات له‌ دادگای فیدڕاڵیش ئێمه‌ سکاڵا تۆمارده‌که‌ین."

"ئەو بڕە پارەیە بە پێی یاساکە نە نێردراوە"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا کاوە محەمەد وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌و بڕە پارەیەی نێردراوه‌ کە 200 ملیار دیناره‌ بۆ ته‌نها مانگێک له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان وه‌کو سلفه‌ نێردراوه‌ به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ی پێویسته‌ مادده‌ی (11) ی یاسای بودجه‌ی 2021 که‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ هێشتا ورده‌کاریه‌کانی ته‌واو نه‌بووه‌ بۆیه‌ به‌پێی یاساکه‌ نه‌نێردراوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ڵکو 200 ملیار ته‌نها وه‌کو سلفه‌یه‌ک نێردراوه‌ بۆئه‌وه‌ی دواتر ورده‌کارییه‌کان ته‌واوبوون لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبینی کردن له‌ داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌کان له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌کان و له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێویسته‌ به‌پێی مادده‌که‌ بکرێت له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ ته‌واوبوو ئه‌وکاته‌ ته‌سفیه‌ی ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ ده‌کرێت ئایا چه‌ندی ده‌مێنێته‌وه‌ بنێردرێت بۆ هه‌رێمی کوردستان یان چه‌ندی لێ که‌مده‌کرێته‌وه‌."

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق زیاتر ڕونیکردەوە" ئەو دوو سەد ملیارە، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌مانگی حه‌وتین و هه‌رێمی کوردستان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌کی بۆ نه‌هاتووه‌ بێگومان هه‌رێم به‌شێکی له‌ بودجه‌ی عێراق ده‌که‌وێت به‌ڵام به‌پێی یاساکه‌ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ندبێت به‌ یاساکه‌، وه‌ هه‌موو ئه‌و زانیاری و داتا و ئه‌و داهاتانه‌ی پێویسته‌ بیدات به‌ به‌غداد ئه‌و کاته‌ به‌غداد به‌شه‌ بودجه‌ بنێرێت به‌ڵام ئه‌مه‌یان کە کراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یە کاته‌که‌ زۆر دواکه‌وتووه‌، بێگومان پێویست به‌وه‌ ده‌کات حکومه‌تی عێراقیش به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی مووچه‌ی خه‌ڵک دوانه‌که‌وێت بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ناردووه‌ به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نێردراوه‌، وه‌ خراوه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، ده‌نگی له‌سه‌ردا که‌ 200 ملیار دیناره‌که‌ بنێردرێت."

سەبارەت بەوەی پێشتر دەوترا کە وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە (200 ملیارە ) بۆ هەرێم ناکات چۆنە دواتر ئەو بڕە پارەیە نێردراوە؟ لە وەڵامدا کاوە محەمەد وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زیری دارایی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ هه‌موو وردبینیه‌کان ته‌واو بێت ئه‌وکاته‌ بڕه‌پاره‌یه‌ک بنێردرێت، دژی ئه‌وه‌ بوو به‌ڵام ئه‌و خۆی ده‌نگێکه‌ له‌ناو ده‌نگه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌ بۆیه‌ ڕێگری کردن له‌وه‌ی بنێردرێت ته‌نها وه‌زیرێک ناتوانێت ده‌بێت ڕازی بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئیتر دیاره‌ ئه‌ویش ڕازی بووه‌ بنێردرێت به‌ڵام دواتر ته‌سفیه‌ی حسابات بکرێت له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو بڕگه‌کانی مادده‌ی (11) جێبه‌جێ بکرێت به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ به‌و 200 ملیاره‌ ده‌کات؟."

" ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌کان "

واتە مەرجی ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە چۆن مامەڵە بکات بەو بڕە پارەیەی بەغداد بۆی ناردووە؟ لە وەڵامدا کاوە محەمەد وتی" به‌ڵێ بێگومان ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ بڕگه‌کانی مادده‌ی (11) که‌ ده‌ڵێت هه‌ر بڕه‌پاره‌یه‌ک ده‌نێردرێت له‌ به‌غداده‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت پێش هه‌موو شتێک بۆ مووچه‌ی خه‌ڵک ته‌رخان بکرێت نابێت بۆ هیچ بابه‌تێکی تر ته‌رخان بکرێت ئه‌وه‌ش یه‌کێک بوو له‌و هه‌وڵانه‌ی ئێمه‌ وه‌کو "هاوپه‌یمانی هیوا" کاری زۆرمان له‌سه‌ر کرد له‌گه‌ڵ هاوڕێیانمان له‌ لیژنه‌ی دارایی هه‌وڵیاندا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێ بکه‌نه‌وه‌ له‌ مادده‌ی (11) چونکه‌ له‌ڕاستیدا ئێمه‌ دڵنیانیین له‌وه‌ی که‌ هه‌ر بڕه‌پاره‌یه‌ک بگاته‌ ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دەبێت بۆ مووچه‌ی خه‌ڵک ته‌رخانی بکات له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ڵێ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌کان."

"نه‌ک هه‌ر حکومه‌تی عێراقی ئێمه‌ش وه‌کو په‌رله‌مانتاران قسه‌مان ده‌بێت، وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵی ئه‌وه‌ ناکه‌ین.... "

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق جەختیکردەوە لە حاڵەتی خەرج نەکردنی ئەو بڕە پارەیەی بەغداد بۆ هەرێمی ناردووە ( 200 ملیارەکە) بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم حکومەتی عێراق و پەرلەمانتارانیش هەڵوێستییان دەبێت، لەو ڕووەوە کاوە محەمەد دەڵێت" بێگومان نه‌ک هه‌ر حکومه‌تی عێراقی ئێمه‌ش وه‌کو په‌رله‌مانتاران قسه‌مان ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵی ئه‌وه‌ ناکه‌ین ئەو بڕە پارەیە ( 200 ملیارەکە) بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج نەکرێت چونکه‌ ئه‌و کاته‌ ده‌بێتە پێشێلکردنی یاسای بودجه‌ی 2021، حکومه‌تی عێراق به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی که‌ جێبه‌جێی بکات و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌لای ئێمه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وله‌ویه‌ته‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت له‌هیچ بابه‌تێکی تر خه‌رج بکرێت."

"ئه‌مه‌ شتێکی کاتییه‌ و مه‌رج نییه‌ له‌هه‌موو مانگه‌کانی تر پارە بنێردرێت "

لە وەلامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەتی عێراق هەموو مانگێک ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت؟ لە وەڵامدا کاوە محەمەد وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ دیار نییه‌، ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌کێشه‌ گه‌وره‌کان که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق تائێستا نه‌ک ته‌نها هه‌موو کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان به‌ڵکو ته‌نانه‌ت کێشه‌ی بودجه‌ و موچه‌شی به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌ که‌ دوور مه‌ودا بێت به‌ڵکو هه‌میشه‌ به‌شێوه‌یه‌کی کاتی بووه‌ ئه‌وپه‌ڕی بۆ بودجه‌ی ساڵێک بووه‌ که‌ ئه‌م گرفته‌ش وایکردووه‌ به‌رده‌وام خۆی دوباره‌ بکاته‌وه‌ ساڵانه‌، ئه‌مه‌ی ئێستاش هه‌یه‌ ته‌نها بۆ مانگێک نێردراوه‌ ده‌وه‌ستێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ به‌و پاره‌یه‌وه‌ ده‌کات دواتر ڕه‌نگه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ دیسانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و هیچ مه‌رج نییه‌ له‌مانگی داهاتوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بنێردرێت."

هەروەها وتیشی" پێشتر به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌یانوت حکومه‌تی عێراق تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار ده‌نێرێت واته‌ بۆ هه‌ر مانگێک له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوو 200 ملیار به‌ڵام ئێستا ته‌نها 200 ملیاری ناردووه‌ بۆ یه‌ک مانگ، که‌واته‌ ئه‌مه‌ شتێکی کاتییه‌ و مه‌رج نییه‌ له‌هه‌موو مانگه‌کانی تر بەغداد پارە بنێردرێت، ئێمه‌ هیوادارین بینێرێت به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا هیوادارین حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌وردی بڕگه‌ به‌بڕگه‌ له‌مادده‌ی (11) پابه‌ندبێت، وه‌ حکومه‌تی عێراقیش پابه‌ندبێت بتوانن له‌ڕێی یاسای بودجه‌ی 2021 وابکه‌ین که‌ پاره‌ی شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی کوردستان بنێردرێت و بۆ مووچه‌ی خه‌ڵک خه‌رج بکرێت و لێبڕین کۆتایی پێبهێنرێت ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ هیچ بیانوویه‌ک نه‌ماوه‌ و نامێنێت که‌ پاره‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ بێت و لێبڕینی مووچه‌ش به‌رده‌وام بێت."

"پێویست بکات له‌ دادگای فیدڕاڵیش ئێمه‌ سکاڵا تۆمارده‌که‌ین "

کاوە محەمەد لە کۆتایی وتووێژەکەدا داوای کرد کە حکومەتی هەرێم موچەی مانگی حەوت پێش جەژن دابەش بکات بێ لێبڕین و بڕە پارەکەی بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاربهێنێت، لەو ڕوەوە کاوە محەمەد دەڵێت" هیوادارین حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌و داهاته‌ی که‌ له‌به‌رده‌ستیه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ له‌ به‌غدادیشه‌وه‌ بێت، پێموایه‌ ده‌توانێت مووچه‌ی مانگی (7)یش پێش جه‌ژن بدات به‌ڵام من گومانم هه‌یه‌ حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ بکات چونکه‌ له‌ڕاستیدا بەردەوامبونی لێبڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆران له‌سه‌رده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چونکه‌ خه‌می چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی خه‌ڵکی نه‌بووه‌ و نییه‌، له‌وکاته‌دا ئێمه‌ وه‌کو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌مه‌ به‌ پێشێلکردنی یاسا ده‌زانیین، وه‌ک پێشتر وتم گوشار ده‌خه‌ینه‌سه‌ر حکومه‌تی عێراق که‌ ئه‌مه‌ قبوڵ نه‌کات و یاسا جێبه‌جێ بکات ته‌نانه‌ت پێویست بکات له‌ دادگای فیدڕاڵیش ئێمه‌ سکاڵا تۆمارده‌که‌ین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:09 0:00


XS
SM
MD
LG