Accessibility links

د.مەحمود عوسمان:ده‌بێت هه‌رێم داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر


د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد دەڵێت" ده‌بێت هه‌رێم داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکات له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر چونکه‌ هه‌ستیاره‌، بچنه‌ شوێنێکی تر و دوربکه‌ونه‌وه‌ له‌وێ، بۆ فڕۆکه‌خانه‌که‌مان له‌مه‌ترسیدا بێت، ئه‌وه‌ دوو سێ جار لێیان ده‌ده‌ن ئیتر ئێمه‌ بۆ ببینه‌ قوربانی! با دوربکه‌نه‌وه‌ و بچێت له‌شوێنێکی دیکه‌ بابچن لێیده‌ن که‌یفی خۆیانە به‌ڵام نابێت ئێمه‌ ئه‌و باجه‌ بده‌ین."

"بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ربکه‌ن له‌عێراق ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئێرانه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا د.مەحمود عوسمان دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ناو خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە وتی " به‌لای منه‌وه‌ ئه‌م هێرشانه‌ دیارن، ئاشکران ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن خۆیان ده‌ڵێن ئێمه‌ین وه‌کو عه‌سائیب و که‌تائیب و سه‌ئیدول شوهه‌دا، ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ربه‌ئێرانن، ئه‌گه‌رچی ئێران ده‌ڵێت من په‌یوه‌ندیم نییه‌ بێگومان ڕاست ناکات، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ربکه‌ن له‌عێراق ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئێرانه‌ و ئه‌وانیش جێبه‌جێی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ریکا به‌رامبه‌ر به‌مه‌ به‌ڕاستی نازانم به‌ته‌مای چیه‌، ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ ئێران ڕێکبکه‌وێت، ڕێککه‌وتنیان هێشتا دروست نه‌بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ نازانیین تا چ ئاستێک ڕێککه‌وتن ده‌بێت یان نابێت؟ ئایا ئه‌م کاته‌ که‌ ئه‌م هێرشانه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ری به‌رگری له‌خۆی ده‌کات به‌رگری له‌ خه‌ڵکی تر ده‌کات؟ ئه‌وه‌شیان زۆر ڕوون نییه‌ چونکه‌ له‌وه‌ناچێت به‌ته‌مای به‌گری کردن بن لێیان."

"گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت بکات زیاتر له‌مه‌ باجی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا نه‌دات "

بە بڕوای تۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێم و عێراق دەکشێنەوە؟ لە وەڵامدا د.مەحمود عوسمان دەڵێت" خۆیان (ئەمەریکا) ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و ناکشێینه‌وه‌ چونکه‌ مه‌ترسی داعش هه‌یه‌ و حکومه‌تی عێراق به‌ئێمه‌ی وتووه‌ لێره‌ بمێننه‌وه‌ هەروەها تائێستا حکومه‌تی عێراق به‌ئێمه‌ی نه‌وتووه‌ ده‌ربچن نایانه‌وێت له‌ژێر ئه‌و فشارانه‌ بکشێنه‌وه‌ به‌ڵام مادام ده‌مێننه‌وه‌ ده‌بێت به‌رگری له‌خۆیان و هاوپه‌یمانانیان بکه‌ن، وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێده‌نگ نه‌بن."

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ڕاشیگەیاند" به‌لای منه‌وه‌ نازانم ئه‌مه‌ریکا ده‌کشێته‌وه‌ یان نا چونکه‌ ساڵی پار تڕه‌مپ لێدوانیدا و خه‌ریک بوو له‌ سوریا بکشێته‌وه‌ و دواتر مانه‌وه‌، وه‌ له‌ ئه‌فغانستان ده‌کشێنه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ تاڵیبان ، ده‌کرێت له‌ عێراقیش ئه‌گه‌ر ببینن گرفتیان هه‌یه‌ بکشێننه‌وه‌ چونکه‌ ئێستا عێراق (ئه‌وله‌ویه‌ت) له‌پێشینه‌ نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا شتی تر هه‌یه‌ به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت بکات زیاتر له‌مه‌ باجی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا نه‌دات، وه‌ حسابێک له‌گه‌ڵ ئێرانیش بکات."

"هەرێم زیاتر زیان دەکات...نابێت هه‌رێم زیاتر باجی ئه‌وه‌ بدات و زۆر به‌دوای ئه‌مه‌ریکاوه‌ نه‌ڕوات، ئه‌مه‌ریکا جێی پشتیوانی و بڕوا و پشت به‌ستن نییه‌ "

د.مەحمود عوسمان ئەوەشی وت" ئەو هێرشانە زیانی زۆره‌، دیاره‌ حکومه‌تی عێراق وایلێهاتووه‌ وه‌کو بوونی نه‌بێت وایه‌ گرنگی نییه‌ چونکه‌ هیچ ناتوانێت بکات له‌و نێوه‌نده‌، وه‌ له‌وه‌ ناچێت ئەمەریکا به‌ته‌مابێت هیچ شتێک به‌رامبه‌ر به‌و ملیشیایانه‌ بکات، له‌هه‌مانکاتیشدا سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی کوردستانیش مه‌ترسیه‌که‌ ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و توندوتیژییانه‌ی ئێران و ئه‌مه‌ریکا هه‌رێمی کوردستانیش بووه‌ به‌ گۆڕه‌پانێک بۆ ئه‌وه‌، ئێمه‌ (هەرێم) زیان زیاتر ده‌که‌ین چونکه‌ ئێمه‌ سنورێکی درێژمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ له‌هه‌مانکاتیشدا حکومه‌ته‌که‌ی به‌غداد ئێران ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ به‌سه‌ریدا، له‌ دوولاوه‌ ئێمه‌ زیان ده‌که‌ین."

د.مەحمود عوسمان جەختی زیاتر لە قسەکانی کردەوە و دەڵێت" به‌ڵێ هه‌رێم زیاتر لە عێراق زیان ده‌کات چونکه‌ عێراق و حکومه‌ته‌که‌ خۆی له‌گه‌ڵ ئێراندایه‌ له‌هه‌مانکاتیشدا پێموابووه‌ و ئێستا ده‌یڵێم نابێت هه‌رێم زیاتر باجی ئه‌وه‌ بدات و زۆر به‌دوای ئه‌مه‌ریکاوه‌ نه‌ڕوات، ئه‌مه‌ریکا جێی پشتیوانی و بڕوا و پشت به‌ستن نییه‌ بۆنموونه‌ هێزیان له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌ بابڕۆن ده‌ربچن له‌وێ و دوربکه‌ونه‌وه‌ و بچنه‌ شوێنێکی دیکه‌ چونکه‌ ئێمه‌ فڕۆکه‌خانه‌که‌مان له‌ مه‌ترسیدایه‌ له‌به‌ر هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وانیش به‌رگری له‌خۆیان ناکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌رێم باڵانسێک ڕابگرێت له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریکا، ئێران ده‌توانێت زیان به‌ هه‌رێم بگه‌یه‌نێت و ئه‌مه‌ریکاش به‌رگری ناکات له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌رێم وریابێت و زۆر به‌وردی له‌و بارودۆخه‌ بکۆڵێته‌وه‌."

"ئێران پێی وایە هه‌رێمی کوردستان زیاد له‌پێویست بەلای ئه‌مه‌ریکا و تورکیادا چووه‌ و که‌متر حسابی ئێران ده‌کات "

د.مەحمود عوسمان باسی لەوەشکرد " ئێران وه‌کو په‌یامێک یۆچوونی وایه‌ و نایشارنه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو عێراق گۆڕه‌پانی ئه‌وه‌یه‌ له‌کوێ ئه‌مه‌ریکا هه‌بێت لێی ده‌ده‌ن، بۆچونیشیان وایه‌ له‌ناوه‌نده‌کانی خۆیان باسی ده‌که‌ن هه‌رێمی کوردستان زیاد له‌پێویست بەلای ئه‌مه‌ریکا و تورکیادا چووه‌ و که‌متر حسابی ئێران ده‌کات، ئێرانیش به‌وه‌ ڕازی نیین، سەردەمی قاسم سلێمانی ئه‌و پیاوێکی سیاسی بوو، زیره‌ک بوو تۆزێک له‌ بارودۆخی هه‌رێم تێده‌گه‌یشت به‌ڵام ئه‌مانه‌ی تازه‌ هاتوون لە بارودۆخی هه‌رێم و هه‌ستیاری بارودۆخی هه‌رێم تێناگه‌ن. "

باشە ئەگەر هەرێم بەلای ئێراندا بڕوات ئایا زیان ناکات و مەترسی نیە لە لایەنی ئەمەریکا و تورکیاوە؟ لە وەڵامدا د.مەحمود عوسمان دەڵێت" مه‌ترسی که‌متر ده‌بێت چونکه‌ ئێران ده‌توانێت زیان زیاتر له‌هه‌رێم بدات مه‌سه‌له‌ی تورکیا نییه‌، ئه‌مه‌ریکا هانی تورکیا ده‌دات تورکیا به‌رده‌وام له‌ کورد ده‌دات و ئه‌مه‌ریکاش پشتیوانی ده‌کات به‌ڵام له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریکا، ئێران زیاتر ده‌توانێت زیان له‌ هه‌رێم بدات له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌رێم زیاتر وریا بێت چونکه‌ ئه‌مه‌ جوگرافیایه‌، ئه‌مه‌ریکا دووره‌ و ئه‌مڕۆ هێزی لێره‌یه‌ و سبه‌ی ده‌ڕوات به‌ڵام ئێران جوگرافیایه‌ و له‌ته‌نشته‌وه‌یه‌ و ناتوانرێت لێی ڕزگار بین."

"ئێران هیچ کاتێک بڕوای به‌کورد نه‌بووه‌ و دۆستایه‌تیشی نه‌بووه‌ "

د.مەحمود عوسمان ڕەتیکردەوە ئێران دۆستایەتی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی عێراق هەبێت، لەو ڕووەوە وتی" هه‌رگیز ئێران دۆستایه‌تی لەگەڵ کورد نه‌بووه‌، ئێران هیچ کاتێک بڕوای به‌کورد نه‌بووه‌ و دۆستایه‌تیشی نه‌بووه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یبێت ده‌بوو ماف به‌کوردی خۆی بدایه‌، ملیۆنه‌ها کوردی هه‌یه‌ هیچ مافیان نییه‌ به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ هه‌بووه‌ له‌نێواندا ئێستاش هه‌ر هه‌یه‌ به‌ڵام بێگومان ئه‌وانیش سنوریان و به‌رژه‌وه‌ندیان واپێویست ده‌کات زیاتر فشار له‌ هه‌رێم بکه‌ن و وابکه‌ن هه‌رێم زیاتر حساب بۆ ئه‌وان بکات و زیاد له‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌مه‌ریکا نه‌ڕوات."

"ده‌بێت هه‌رێم داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکات له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر "

بە بڕوای د.مەحمود عوسمان دەبێت هەرێم داوای چۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەرێم بکات و هێزەکانی بکشێنێتەوە، لەو ڕووەوە دەڵێت" به‌رای من ده‌بێت هەرێم وا بکات ئەو هێزانە له‌ فڕۆکه‌خانه‌ دوربکه‌ونه‌وه‌، ئه‌وه‌ دوو سێ جار لێیان ده‌ده‌ن ئیتر ئێمه‌ بۆ ببینه‌ قوربانی! با دوربکه‌نه‌وه‌ و بچێت له‌شوێنێکی دیکه‌ بابچن لێیده‌ن که‌یفی خۆیانە به‌ڵام نابێت ئێمه‌ ئه‌و باجه‌ بده‌ین."

واتە چۆن هەرێم داوا لە ئەمەریکا بکات هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بکشێنەوە؟ لە وەڵامدا د.مەحمود عوسمان دەڵێت" نازانم به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێم داوای بکات واته‌ داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکات له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر چونکه‌ هه‌ستیاره‌، بچنه‌ شوێنێکی تر و دوربکه‌ونه‌وه‌ له‌وێ، بۆ فڕۆکه‌خانه‌که‌مان له‌مه‌ترسیدا بێت!."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:28 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG