Accessibility links

دانای شەهید جەزا: نیه‌تی باش له‌حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌بینیین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە


دانای شەهید جەزا پەرلەمانتاری کورد لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق

دانای شەهید جەزا پەرلەمانتاری کورد لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق لەم وتووێژەدا باس لەڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد دەکات لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و کاریگەرییەکانی دەکات، هەروەها سەبارەت بەکاتی هاتنی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدادەوە دانای شەهید جەزا دەڵێت." بڕیارێک هه‌یه‌ که‌ده‌ستبه‌جێ بڕگەی تایبەت بەهەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشە بودجە لەبەغدادەوە جێبه‌جێ بکرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی یاسای بودجە له‌ڕۆژنامەی وه‌قائع بڵاوبکرێته‌وه‌ واتە پێش ئەوە(لەماوەی مانگێکدا بڵاوکردنەوەی یاسا لەڕۆژنامەی فەرمی هەرێم) به‌ڵام هه‌ر پێویستی به‌هه‌ندێک ئیشی ئیداری هه‌یه‌ من پێشبینی ده‌که‌م له‌مانگ که‌متری پێ بچێت

"ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا نیه‌ت باشیه‌ک پیشان بده‌ین "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەربارەی ڕێککەوتنی هەڕێم و بەغداد لەسەر یاسای بودجە وتی" پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021 ی عێراق، ئێمه‌ چه‌ندجارێک وتومانه‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌سه‌دا سه‌د له‌ئاست خواستی ئێمه‌ نه‌بووه‌ چونکه‌ زۆر بابه‌ت تێیدا گۆڕاوه‌، هه‌رخودی یاساکه‌ که‌ڕێژه‌ی بۆ پشکی هه‌رێمی کوردستانی به‌ 12.67% داناوه‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ خودی بڕیاری خۆیان ناگونجێت که‌وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق له‌ساڵی 2010 خەمڵاندبووی به‌ 13.14 جگه‌له‌وه‌ی ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌پده‌یت نه‌کراوه‌ له‌ساڵی 2010 و 2011 یه‌وه‌ به‌ 600 هه‌زار که‌متر دانراوه‌ که‌ئێستا سه‌رو 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت ئه‌وانه‌ هه‌ندێک بابه‌تن که‌نه‌کراوه‌ جگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی موچه‌ و شایسته‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ جێگیر نه‌کراوه‌ به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی ئێمه‌ وه‌کو نیه‌ت باشیه‌ک و وه‌کو هه‌نگاوێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان زیاتر ئه‌مه‌ بابه‌تێکی سیاسی و ئابوریی تێکه‌ڵه‌، بابه‌ته‌ سیاسیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا نیه‌ت باشیه‌ک پیشان بده‌ین و هه‌نگاوێک بێت به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌ڵکو بتوانیین له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بابه‌ته‌کانی تر چاره‌سه‌ربکه‌ین که‌ بابه‌تی زۆر گرنگ و کێشه‌ی هه‌ڵواسراو هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌بودجه‌ گرنگتر نه‌بێت هێنده‌ی بودجه‌ گرنگتره‌ وه‌کو مادده‌ی 140، پشکی هێزی پێشمه‌رگه‌، ئەنجومەنی فیدڕاڵی و زۆر بابه‌تی دیکه‌، به‌ڵێ ده‌ستکه‌وته‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ سه‌قامگیری ئابوری دروستکراوه‌ و سه‌قامگیریه‌کی سیاسی دروست ده‌کرێت."

"بەدڵنیاییەوە ئێمە بەدەستکەوتی دەزانین"

دانای شەهید جەزا زیاتر وتی" تموحی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ سه‌قامگیریه‌کی سیاسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی فیدڕاڵی دروست بکه‌ین ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ لێکتێگه‌یشتنێک دروست بێت له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی دیکه‌ش هه‌م له‌نێوان حکومه‌ته‌کان و هه‌م له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانیش بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ده‌ستکه‌وتی ده‌زانیین که‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانیین ئه‌و مه‌له‌فانه‌ش ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردن بڕوات چونکه‌ ته‌نها بودجه‌ و ساڵێک نییه‌ مه‌سه‌له‌که‌ درێژخایه‌ن تره‌ و مه‌سه‌له‌ی بابه‌تی دیکه‌یه‌ په‌یوه‌ست به‌ستراتیژ و به‌رنامه‌ و مافی گه‌لی کوردستان له‌ناو ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌دا و له‌ناو ده‌ستوری عێراقدایە، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ تموحمان له‌وه‌دایه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانیین ئارامێکی سیاسی دروست بکه‌ین بتوانیین کێشه‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێت."

"حکومه‌تی هه‌رێم هه‌ندێکی نه‌رمی زۆرباشی نواندووه‌ هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی سنوره‌که‌ی "

دەوترێت هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە حەوت سەد ملیار دینار نرخی نەوت ڕادەستی بەغداد بکات لەبەرامبەردا بەغداد مانگانە حەوت سەد و نەوەد ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێم واتە قازانجی هەرێم تەنها نەوەد ملیار دینارە؟ لەوەڵامدا دانای شەهید جەزا وتی" ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و ژماره‌یه‌ ناکرێت، ئه‌و ژماره‌یه‌ سه‌قامگیر نییه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌نرخی فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ وه‌کوخۆی جێگیربێت به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانیین وابڵێین حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ندێکی نه‌رمی زۆرباشی نواندووه‌ هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی سنوره‌که‌ی بۆنموونه‌ له‌ڕێژه‌که‌ و له‌ڕێژه‌ی دانیشتوانی، هەروەها بابه‌تێکی تر په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان که‌ده‌فرۆشرێت و 250 هه‌زاره‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌نرخی کۆمپانیای سۆمۆ داده‌نرێت لێره‌دا بڕێک پاره‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت خۆی دابینی بکات بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌ وه‌کو وتم نیه‌تباشی تێدایه‌."

" ئێمه‌ نیه‌تی باش ده‌بینیین له‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان..نیه‌تی باشیش له‌حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌بینیین "

دانای شەهید جەزا جەختی لەپابەندبوونی هەرێم بەڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد کردەوە لەوڕووەوە وتی " به‌دڵنییایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حکومەتی هەرێم نه‌یه‌وێت ڕێککەوتنەکە جێبه‌جێ بکات هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ناڕوات له‌گه‌ڵ ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ و به‌ڕاستی ده‌توانم بڵێم هه‌ندێک بڕیاری هه‌ستیار و بڕیاری بوێری تێدا دراوه‌ واته‌ به‌نرخی کۆمپانیای سۆمۆ نه‌وت بفرۆشێت نیوه‌ی داهاتی خاڵه‌گومرگییه‌کان ڕاده‌ست ده‌که‌ن به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی بەده‌زگای چاودێری عێراق له‌گه‌ڵ ده‌زگای چاودێری هه‌رێمی کوردستان بۆئه‌وه‌ی هه‌موو له‌سه‌ر ژماره‌کان یه‌ک بن، ئه‌وانه‌ هه‌مووی هه‌نگاوی جددییە. "

"بۆیه‌ ئێمه‌ نیه‌تی باش ده‌بینیین له‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌وپێیه‌ی ئه‌م یاسایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ تێپه‌ڕبووه‌ و نیه‌تی باشیش له‌حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌بینیین، کێشه‌کان له‌نێوان هه‌ندێک لایه‌نی سیاسیه‌وه‌ هه‌بوو ئه‌وه‌ بوو چه‌ند بڕگه‌یه‌کیان گۆڕی له‌یاساکه‌ که‌چه‌ند گۆڕانکاریه‌کی به‌سه‌ردا هات له‌ بڕگه‌کانی مادده‌ 11 به‌ڵام دواجار ئێستا که‌قبوڵکراوه‌ هه‌نگاوێکه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریه‌کی سیاسی و ئابوری هه‌م له‌ناو هه‌رێم و هه‌م هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عێراقدا دروست بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانیین هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ گه‌وره‌کان بنێین."دانای شەهید جەزا پەرلەمانتاری کورد لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق وایوت"

" هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی عێراق هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌ش قازانجیان کردووه‌ "

دانای شەهید جەزا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە کەچ لایەنە (هەرێم یا بەغداد) لەو ڕێککەوتنە سودمەندی یەکەم بووە؟ لەو ڕوەوە وتی" من ده‌توانم بڵێم هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی عێراق هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌ش قازانجیان کردووه‌ به‌ڵێ له‌چاو خواستی له‌سه‌دا سه‌دی ئێمه‌ نه‌بووه‌، وه‌ له‌چاو خواستی له‌سه‌دا سه‌دی هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی دیکه‌ش نه‌بووه‌ به‌ڵام هێڵێکی ناوه‌ڕاست بۆئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ری ڕێککه‌وتن، بۆیه‌ ده‌ڵێم ده‌ستکه‌وتێکه‌ که‌سه‌قامگیری ئابوری و سیاسی هه‌م له‌نێوان په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌م له‌ناو خودی هه‌رێمی کوردستانیش دروست ده‌بێت، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستکه‌وتێکه‌ و هه‌نگاوێکه‌ بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێک و که‌شێکی له‌باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیش دروست بکرێت له‌نێوان ئه‌و دوو حکومه‌ته‌دا چونکه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا ته‌نها موچه‌ و بودجه‌ نییه‌ به‌ڵکو په‌یوه‌ندیمان له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌ستورییه‌، هەروەها په‌یوه‌ندی ئه‌منی و هه‌ماهه‌نگی ترمان هه‌یه‌ و ژیانیش به‌م بودجه‌یه‌وه‌ ناوه‌ستێت بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ئه‌مه‌ هه‌نگاوی تری له‌دوابێت، وه‌ ئه‌رکه‌ له‌سه‌ر حکومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانیش پابه‌ندبن به‌و ڕێککه‌وتنه‌و به‌و یاسایه‌ی که‌کراوه‌."

"هه‌رێمی کوردستان خۆشحاڵه‌ به‌م ڕێککه‌وتنه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌دا سه‌دی خواستنی ئێمه‌ نییه‌ "

پێشتر هەریەکە لە کاوە محەمەد وە د.بەهار مەحمود پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی هیوا لە وتووێژیاندا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو " ڕێککەوتنەکە هێشتنەوەی هەمان دۆخی ئێستایە تا هەرێم شەرعیەتی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ وەربگرێت وە بەغدادیش بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت، هەروەها ئەوەشیان وتبوو" هه‌رێم و به‌غداد ڕێککه‌وتن ده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی ڕێکنه‌که‌ون."

لەوەڵامدا دانای شەهید جەزا دەڵێت" ئه‌و قسه‌یه‌ مه‌تاتی –لاستیکیه‌، ده‌توانرێت له‌هه‌موو شتێک گومان هه‌بێت، ده‌شکرێت باوه‌ڕ به‌هه‌موو شتێک بکرێت به‌ڵام من مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعه‌که‌ ده‌که‌م، واقیعه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هه‌رێمی کوردستان خۆشحاڵه‌ به‌م ڕێککه‌وتنه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌دا سه‌دی خواستنی ئێمه‌ نییه‌، حکومه‌تی عێراقیش خۆشحاڵه‌ به‌م ڕێککه‌وتنه‌ که‌هه‌ندێک له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان له‌سه‌دا سه‌د به‌دڵنیایی نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ به‌ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌ ڕۆیشت، هه‌ر لایه‌نێک پابه‌ند نه‌بوو به‌هه‌ر هۆکارێک بێت دوای ئه‌وه‌ش "لکل حادیث حدیث" به‌ڵام ئێمه‌ وه‌کو په‌رله‌مانتار و وه‌کو ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان ئه‌وه‌ی که‌پێویست بووه‌ له‌سه‌رشانمان کردوومانه‌ دواجار سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان لای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ گرنگه‌ که‌هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ی چی له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانه‌ ئه‌وه‌ بکات که‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌بین."

"حکومه‌تی عێراق زۆرجار به‌داخه‌وه‌ غه‌دری کردووه‌ له‌ماف و شایسته‌کانی هه‌رێمی کوردستان، هیچ یاسایه‌کیش نه‌بووه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکات "

کەواتە ئەگەر لایەنێک (بەغداد یان هەرێم) پابەند نەبێت بەڕێککەوتنەکە کێ و چۆن لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت بەپێی یاسا؟ لەوەڵامدا دانای شەهید جەزا وتی" حکومه‌تی عێراق زۆرجار به‌داخه‌وه‌ غه‌دری کردووه‌ له‌ماف و شایسته‌کانی هه‌رێمی کوردستان هیچ یاسایه‌کیش نه‌بووه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکات به‌بێ یاسایی و بێ ده‌ستور زۆر بڕیاریان داوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه‌ بابه‌تێکی یاسایی نییه‌ ئێمه‌ بتوانیین، دادگای فیدڕاڵی خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ش بابه‌تێکی پرۆسه‌ییه‌، ئێمه‌ باسه‌یری خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌که‌ نه‌که‌ین چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت حکومه‌تی عێراق به‌دادگا شایسته‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌نێرێت به‌ڵام ئێمه‌ نه‌ئه‌وه‌ ده‌بینیین حکومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ نه‌بێت بۆ پابه‌ندبوون نه‌ئه‌وه‌شمان هه‌ست پێکردووه‌ که‌حکومه‌تی عێراق ئاماده‌ نه‌بێت دواجار ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رێمی کوردستان ده‌یکات، ئه‌و نه‌وته‌ی که‌ ده‌ریهێناوه‌ ده‌توانیین بڵێین 50% ی زیاتری شایسته‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دابین کراوه‌ واته‌ فشاری له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی عێراق زیاتر 15%- 20% که‌مکردۆته‌وه‌ به‌و نه‌وته‌ی که‌ ده‌ریده‌هێنێت، واته‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌وتی نه‌بێت و دایپۆشێت حکومه‌تی عێراق مه‌جبوره‌ پاره‌ی بداتێ و شایسته‌ و بودجه‌ی خۆی بداتێت."

"کەی بەشە بودجە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت؟ "

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەش دەڵێت" ئه‌مه‌ی ئێستا هه‌رێمی کوردستان کردویه‌تی فشارێکی ئابوری له‌سه‌رشانی حکومه‌تی عێراق که‌مکردۆته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گه‌رمه‌ مه‌به‌سته‌که‌ هه‌ندێک شتی سیاسی نه‌بێت تێیدا من پێشبینی ده‌که‌م ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ ڕێککه‌وتنێکی سه‌قامگیر و گرنگه‌."

کەی بەشە بودجە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت؟ وەڵامەکەی دانای شەهید جەزا بەمجۆرەبوو "ئه‌مه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئیشوکاره‌ ئیدارییه‌کانی یاسایه‌ک که‌ ته‌واو ده‌کرێت و بڵاوبکرێته‌وه‌ و دواتر بچێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ڕێکبخرێت به‌ڵام مانگی 1،2،3،4 ی ساڵی 2021 ئه‌وه‌ش هه‌رله‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی 2021 شمولی ده‌کات، ئه‌وه‌ش ده‌بێت شایسته‌ی هه‌رێمی کوردستانی تێدابێت ئه‌و بڕه‌ی بخەمڵێنرێت به‌و نه‌وته‌ی که‌فرۆشراوه‌ چه‌ندبووه‌ پاره‌که‌ی و باقیه‌که‌ی ڕاده‌ستی هه‌رێمی کوردستان بکرێت ئه‌گه‌ر به‌چه‌ند قیستێکیش بێت من پێشبینی ده‌که‌م له‌ماوه‌ی مانگێک که‌متر بێت، بڕیارێک هه‌یه‌ که‌ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ بکرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامەی وه‌قائع بڵاوبکرێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر پێویستی به‌هه‌ندێک ئیشی ئیداری هه‌یه‌ من پێشبینی ده‌که‌م له‌مانگ که‌متری پێ بچێت."

هەروەها دانای شەهید جەزا لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ناردنی بەشە بودجە بۆ هەرێم دەبەتە هۆی لابردنی لێبڕین و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟ لەوەڵامدا وتی" ڕاستیه‌که‌ ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ لای من نییه‌، ئه‌و لای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ ئه‌وان ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:11 0:00



XS
SM
MD
LG