Accessibility links

شێخ جەعفەر مستەفا: خەڵک دەبێت خۆی بزانێت ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر چیە مادام لەسەر خەڵک و کوردستان و مه‌بادئی و شتی باش نەبێت


Shekh Jaafar

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق باس لەکێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکات، هەروەها باسیش لەکێشەی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و دەڵێت" ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌ بووایه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت بووایه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ بووایه‌ یاخود له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌تی ڕاست و دروست و هه‌ڵه‌ بووایه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی فكر و مه‌بادئی بووایه‌ من پێم وایه‌، یان لەسەر دەوڵەتی کوردی و مەسەلەی نەتەوایەتی بووایە، چاره‌سه‌ره‌كان ئاسان ده‌بوو کەواتە خەڵک دەبێت خۆی بزانێت ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکان لەسەر چیە؟ مادام لەسەر خەڵک و کوردستان و شتی باش نەبێت."

"بۆتەهۆی سه‌رلێشواندنی خه‌ڵكی كوردستان و نه‌بوونی ئاشتی و نائومێدی له‌لای خه‌ڵكه‌كه‌"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێم دەربارەی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وە کاریگەری لەسەر کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان وتی" په‌یامی پاپا په‌یامێكی ڕاست و دروست و خزمه‌ت به‌مرۆڤایه‌تی و خزمه‌ت به‌گه‌لی عێراقی و خزمه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌و (پاپا) كه‌باسی ئاشتی ده‌كات واته‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و هه‌موو خه‌ڵكی عێراق و كوردستان به‌یه‌ك ده‌نگ به‌یه‌كگرتوویی هه‌وڵبده‌ن بۆ ئاشتی، ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌بینرێت له‌عێراق و له‌كوردستاندا ئاشتی نییه‌ و بەهۆی ئەوەی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌گشتی له‌نێوان خۆیاندا ناكۆكن ئه‌ویش بووه‌ به‌هۆی سه‌رلێشواندنی خه‌ڵكی كوردستان و نه‌بوونی ئاشتی و نائومێدی له‌لای خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ڕاستیدا من پێم وانییه‌ چ له‌هه‌رێمی كوردستان و چ له‌عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای فكر و بنه‌ما و سیاسه‌تی ڕاست و سیاسه‌تی دروست ناكۆكییه‌كان هه‌بێت."

جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیکردەوە" ناكۆكییه‌كان له‌ڕاستیدا ئه‌مڕۆ ڕۆڵی سه‌ره‌كیی سه‌باره‌ت به‌عێراق دەبینێت ئێستا ململانیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان سونه‌ و شیعه‌ و كورد و هه‌تا له‌نێوان باڵه‌ شیعیه‌كاندا ململانێكی زۆر هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ ده‌ستێوه‌ردانی ناوخۆیی هەبێت كه‌زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌ر لایه‌نێكیان سه‌ر به‌شوێنێك بێت و له‌شوێنێك "ته‌وجیه" وه‌ربگرێت ده‌توانیین بڵێین كۆنتڕۆڵیان له‌ده‌ستی خۆیاندا نییه‌ كه‌كۆنتڕۆڵیش له‌ده‌ستی خۆیاندا نه‌بوو به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی چۆن بیه‌وێت وای هه‌ڵده‌سوڕێنێت بۆیە ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ و یه‌كێكیان بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌ی تریشی بۆ ده‌ستكه‌وت چه‌ند ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ده‌ست و به‌ چ ڕێگه‌یه‌ك ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست."

"ئەگەر ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کورد لەسەر خەڵک و کوردستان بووایە چارەسەرەکەی ئاسان دەبوو"

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لەو ڕووەوە دەڵێت" له‌هه‌رێمی كوردستانیش به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی كه‌من ده‌یبینم هیچ لایه‌نێكی سیاسی باسی ئه‌وه‌ ناكات ئایا له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت له‌سه‌ر حوكمی زاتی بێت له‌سه‌ر فیدڕاڵی بێت له‌سه‌ر كۆنفیدڕاڵی بێت له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌م میلله‌ته‌ بێت ناكۆكییه‌كان، من خۆم به‌ش به‌حاڵی خۆم ناكۆكییه‌كان له‌وه‌دا نابینم ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌ بووایه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت بووایه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ بووایه‌ یاخود له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌تی ڕاست و دروست و هه‌ڵه‌ بووایه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی فكر و مه‌بادئی بووایه‌ من پێم وایه‌ چاره‌سه‌ره‌كان ئاسان ده‌بوو، وه‌ ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت پاپا كه‌سیایه‌تێكی جیهانی زۆر گه‌وره‌یه‌ ڕووی كردبێته‌ هه‌ر وڵاتێك و هه‌رشوێنێك چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كردووه‌، ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت حه‌قه‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌كه‌س نه‌بێت ڕێنمایمان بكات و ڕێگه‌مان پیشان بدات و ئامۆژگاریمان بكات بۆ یه‌كێتی و برایه‌تی خۆمان ده‌بێت بیكه‌ین."

دەربارەی ئەوەی تاچەند بەشداری نەکردنی بەشێک لەلایەنەکانی هەرێم لەمەراسیمەکەی یاریگای (فرانسۆ هەریری) پەیوەندی هەبوو بەناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان؟ جەعفەر شێخ مستەفا وتی" هه‌ر یه‌كێتی و پارتی نه‌بوو، گۆڕانیش بوو ڕه‌نگه‌ حیزبی تریش له‌وێدا هه‌بوو بێت جگه‌ له‌گۆڕان چه‌ند حیزبێكی تریش له‌وێ بوو ڕاسته‌ به‌شێك له‌حیزبه‌كان نه‌هاتبوون به‌ڵام من پێموایه‌ ئاگاداركراون خۆیان نه‌هاتبوون."

" لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوەش بکەن چارەسەری بچوکترین کێشەیان پێ ناکرێت "

بەوتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەنێوان خۆیاندا زۆر لەوە قوڵترە کەباس دەکرێت لەو ڕووە دەڵێت" ناكۆكییه‌كان له‌وه‌ش قوڵتره‌ كه‌ ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ دانه‌نیشن و داشنیشن چاره‌سه‌ری بچووكترین كێشه‌یان پێ ناكرێت مانای ئه‌وه‌یه‌ ناكۆكییه‌كان قوڵن خۆ ئه‌گه‌ر بوترێت ناكۆكییه‌كان شتێكی ڕووكه‌ش و ساده‌یە وانییه‌ ئه‌گه‌ر قوڵ نییه‌ بۆچی ناگه‌نه‌ ئه‌نجامێك و بۆ "هه‌ریه‌كه‌ی له‌ ئاشێك لێی ده‌كات؟"

"کەواتە خەڵک دەبێت خۆی بزانێت ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکان لەسەر چیە مادام لەسەر خەڵک و کوردستان و شتی باش نەبێت "

ئاماژەت بەوەکرد ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەنێوان خۆیاندا لەسەر خاک و خەڵک و دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەو بابەتانە نیە کەپەیوەستە بەخەڵک و خاک ئەی کەواتە ڕونتر دەمەوێت بپرسم ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەسەر چییە؟

لەوەڵامدا شێخ جەعفەر مستەفا وتی" ده‌ی كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی تر ده‌بێت گوێگر و پرسیاركه‌ر خۆیان شیكاری بكه‌ن له‌سه‌ر چییه‌؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شته‌باشه‌كان نه‌بێت كه‌ ئیتر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌بێت و له‌سه‌ر مه‌بادئی نه‌بێت و له‌سه‌ر چاره‌نوسی میلله‌ته‌كه‌ نه‌بێت و له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی كیانی كوردی نه‌بێت ده‌بێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ گوییان لێیه‌ بزانن له‌سه‌ر چییه‌؟"

" ئومێد ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد واز له‌هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ بهێنن و بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مان و داهاتووی میلله‌ته‌كه‌مان"

کەوایە چارەسەری ئەو ناکۆکیانەی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکان خۆیان چییە؟وەڵامەکەی شێخ جەعفەر مستەفا بەمجۆرە بوو" هیچ چاره‌سه‌رێك نییه‌، چاره‌سه‌رێك نییه‌ دنیا له‌جووڵه‌دایه‌ ئومێد ده‌كرێت گۆڕانكاریش له‌كوردستان هه‌بێت و ئه‌و براده‌رانه‌ش جارێكی تر بیری ئه‌وه‌یان بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانان و هه‌موو دنیا پشتیوانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌شكرێكی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ربه‌خۆمان بۆ دروست بكه‌ن هەوڵدەدەن له‌هه‌موو بوارێكه‌وه‌ هاوکارمان بن له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن له‌ڕووی سیاسی و ئیدارییه‌وه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و كاری خزمه‌تگوزاری بكه‌ن وه‌به‌رهێنان بكه‌ن ئێمه‌ ئه‌وانه‌ ده‌بینین به‌درێژایی مێژوو كورد ئه‌و پشتیوانییه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ئه‌مڕۆ هه‌یه‌تی حه‌قه‌ ئێمه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ بیر له‌وه‌بكرێته‌وه‌، ئومێدیش ده‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد واز له‌هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ بهێنن و بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مان و داهاتووی میلله‌ته‌كه‌مان و ئه‌و قوربانی و فیداكارییه‌ی كه‌ له‌پێناوی ئه‌م كوردستان و میلله‌ته‌ داویانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كۆتایی به‌كێشه‌كان بهێنن و بۆ خه‌ڵكی كوردستان و بۆ پارێزگاری كردنی ئه‌م كیانه‌ و سه‌ركه‌وتنی زیاتر و ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ میلله‌ته‌كه‌مان."

"چارەسەری کێشەی لایەنە سیاسیە کوردییەکان بە پاپا ناکرێت ئەوەندە ئاسان نیە، مەگەر قەزا و قەدەری ئیلاهی بتوانێت...."

شێخ جەعفەر مستەفا جەختی لەسەر کێشەی قوڵی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و وتی" چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستی به‌پاپا نییه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ جا مه‌گه‌ر دنیا وه‌رچه‌رخانێكی تێدا بێت و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی تێدا بێت نازانم ئه‌گه‌ر قه‌زا و قه‌ده‌ری ئیلاهی شتێكی واببێت بتوانرێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ببێت له‌عه‌قڵ و له‌ كاروكرده‌وه‌یاندا ئه‌و یه‌كڕیزی و برایه‌تی و ته‌باییه‌ دروست بكات و میلله‌ته‌كه‌مان به‌ره‌و كیانی سه‌ربه‌خۆ به‌رێت."

"سەرۆکی حیزب هەیە بەڵام وەک سەرۆکی میللەتێک ....."

واتە کورد سەرکردەیەکی تێدانیە بتوانێت ئەو لایەنە سیاسییە ناکۆکانە کۆبکاتەوە؟ لەوەڵامدا شێخ جەعفەر مستەفا وتی" ئه‌گه‌ر ببوایه‌ هه‌ڵبه‌ت كۆده‌كرایه‌وه‌ و كۆی ده‌كردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌موویانی ده‌كرد سه‌رۆكی حیزب هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆكی میلله‌تێك ئه‌گه‌ر بڵێین ئێستا هه‌یه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆده‌كرده‌وه‌ و فه‌رموون چیتان ده‌وێت و له‌چیتان كه‌مه‌ و كێشه‌تان چییه‌؟ له‌م وڵاته‌دا ئه‌ركتان هه‌یه‌ و له‌هه‌مانكاتدا مافتان هه‌یه‌ له‌كه‌س قبوڵ ناكرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا و نیزام بێت ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان ملكه‌چی یاسا و نیزامی هه‌رێمی كوردستان بین."

" کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد "

دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت" کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد كێشه‌ی ئه‌مڕۆ نییه‌ ئه‌وه‌ به‌درێژایی مێژووه‌، ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان ژێرده‌سته‌ی ئه‌وان بێت و سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان به‌رن میلله‌ته‌كه‌مان هاوڵاتی پله‌ دوو و پله‌ سێ بێت هەروەها دووباره‌ جارێكی تر من ئه‌وه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ له‌ژێر ده‌ستی خۆیاندا نییه‌ من پێمواییه‌ ئه‌گه‌ر عێراقییه‌كان كۆنتڕۆڵ له‌ژێرده‌ستی خۆیاندا بووایه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆشیان و نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستانیش زۆر به‌ئاسانی چاره‌سه‌رییان ده‌كرد."

"ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت وه‌كو به‌نجێكی مه‌وزوعی وایه‌ كاتییه‌ و بۆچەند مانگێکە "

لەکۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا شێخ جەعفەر مستەفا ئەوەشی وت" من دووباره‌ پێمووایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیه‌تی چاكه‌ی هه‌یه‌ و نیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌رده‌می بۆمبه‌ ده‌ته‌قێنرێته‌وه‌ كۆسپ و ڕێگری و دژایه‌تی كردن و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌رەكیه‌، فشاركردنه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ستی تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد زۆر قورسه‌ به‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌من هه‌مه‌ خۆ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریش بكرێت له‌حاڵه‌تێكیشدا، ئەوا وه‌ك به‌نجێكی مه‌وزوعی وایه‌ كاتییه‌ و بۆ چه‌ند مانگێك یان زیاتر یان كه‌متر له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ كاتێك چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد به‌شێوه‌یه‌كی جه‌زری و بنه‌ڕه‌تی ناكرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:22 0:00







XS
SM
MD
LG