Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق هوشداری دەدات بە گروپەکانی دەرەوەی یاسا


سەرۆک وەزیری عێراق هوشداری دا بەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەزگا فەرمیـیەکانی دەوڵەتی عێراق بوونیان هەیە، دەڵێت ئامادەین ڕووبەڕوویان ببینەوە.

مستەفا کازمی شەوی هەینی لەسەر تویتەرەکەی بە زمانی عەرەبی و کوردی نووسی" ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنمان، مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین، بەهێمنی كارمان كردووە بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بەدەڵەوت. داوای هێوركردنەوەمان كردووە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی تری بێهوودە، بەڵام ئامادەی رووبەڕووبوونەوەین ئەگەر پێویست بكات."

ئەم ڕاگەیاندنەی کازمی پاش ئەوە دێت کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک چەکدار دەڵێن ئەندامی عەسائیب ئەلحەقی سەر بە ئێرانن و چاوەڕوانی فەرمانی قەیس خەزعەلی ڕێبەری گروپەکە دەکەن.

بەڵام مەحمود ئەلڕبێعی گوتەبێژی بزوتنەوەی سادیقون کە وەک باڵی سیاسی گروپەکەیە، لەسەر تویتەرەکەی ڕەتیکردەوە چەکدارانی گروپەکەیان کارێکی لەو جۆرەیان کردبێت، نووسیویەتی ڤیدیۆکە کۆنە یان هی کەسانێکە کە نایانناسن.

لە لایەکی دیکە موقتەدا ئەلسەدر ئەویش لەسەر تویتەرەکەی داوای لە ئێران کردووە عێراق لە شەڕەکانی بەدوربگرێت.

XS
SM
MD
LG