Accessibility links

کازمی فەرمان بە لێکۆڵینەوە لە تۆمارکراوێکی دەنگی بەرپـرسێکی حەشد دەکات


سەرۆک وەزیری عێراق فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت سەبارەت بە تۆمارکراوێکی دەنگی کە تیایدا کەسێک خۆی وەک بەرپـرسێکی حەشدی شەعبی دەناسێنێت و هەڕەشەی بڕینی دەستی هەر کەسێک دەکات ئاڵاکانی حەشدی شەعبی و وێنەی ئەبو مەهدی ئەلموهەندس لە جادەکانی پارێزگای ئەنبار لابەرێت.

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق (خلية الإعلام الأمني) لەسەر فەیسبوکەکەی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە پـێکبهێنرێت لە (وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری لەشکری و ئاسایش و ئاسایشی حەشدی شەعبی) بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمارکراوە دەنگیـیەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێن پەیوەندی تەلەفۆنی نوێنەرێکی حەشدی شەعبی بووە لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.

ڕاگەیاندنەکە دەشڵێت لێکۆڵینەوەکە بۆ ئەوەیە ڕاستیـیەکە بزانرێت و هەروەها کێ ئەو دەنگەی تۆمارکردووە و بۆچی لە ئێستادا بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر و سزای ئەوانە بدرێن کە کەمتەرخەم‌بوون.

لە دوێنێ پـێنجشەممەوە تۆمارکراوە دەنگیـیەکە بڵاوکراوەتەوە کە دەگوترێت پەیوەندی تەلەفۆنی کەسێکە بە ناوی عەلی جواد ئەلموزەفەر ناسراو بە حەجی ئەبو زەید لەگەڵ عەمید ڕوکن زیا محەمەد سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.

لە پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەدا ئەبو زەید بە عەمید ڕیاز دەڵێت بە لیوا ناسر غانم فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بڵێ" هەر کەسێک دەست بەرێت بۆ وێنەی ئەبو مەهدی ئەلموهەندس یان بۆ پـۆستەرەکانمان ئەوا لە ئانیشکەوە دەستی دەبڕینەوە و دەینێرین بۆتان بۆ ئەنبار. تکایە ئەم پەیامە بگەیەنە سەرۆک (لیوا ناسر غانم)."

پاشان هێرشی زارەکی دەکات سەر لیوا ناسر و هەڕەشەکەی دووپاتدەکاتەوە.

لە لایەکی دیکە دەڵێن تاهیر ئەلخاقانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنبار فەرمانی کردووە ئەبو زەید کە بەڕێوەبەری کەرتی ڕۆژهەڵاتی ئەنباری حەشەدە لە کارەکردن ڕابگیرێت و ڕەوانەی بەردەم کۆمیتەی لیکۆڵینەوە بکرێت لەسەر سووکایەتیکردن بە ئەفسەرێکی لەشکری عێراق.

چالاکوانان لە پارێزگای ئەنبار دەڵێن چەکدارانی حەشدی شەعبی لە نزیک وێنەکانی ئەبو مەهدی ئەلموهندس بڵاوبوونەتەوە. ئەنبار کە پارێزگایەکی سووننەیە چەندین گروپی حەشدی سەر بە ئێرانی لێـیە، لەوانە حزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل ئەلحەق.

XS
SM
MD
LG