Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق فەرماندەی پـۆلیسی پارێزگای زی قار لە پـۆستەکەی لادەدات


پاش پـێکدادانەکانی ڕۆژی هەینی شاری ناسریـیەی ناوەندی پارێزگای زی قار و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق عەمید حازم ئەلوائلی سەرۆکی پـۆلیسی زی قاری لە پـۆستەکەی لادا.

جەنەڕاڵ یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی سەرۆک وەزیری عێراق لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی کازمی بڕیاری لابردنی سەرۆک پـۆلیسی پارێزگای زی قاری لە پـۆستەکەی دا وە فەرمانی کردووە لیژنەیەک پـێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژی هەینی و هەروەها قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەندرێت و مۆڵەتەکانی هەڵگرتنی چەک هەڵبوەشێننەوە هەتا چیتر دۆخەکە خراپتر نەبێت.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە شاری ناسریـیەوە، لایەنگرانی سەدر ئەمڕۆ هەینی چوونەتە سەر مانگرتووان لە مەیدانی حەبووبی ناوەندی شارەکە و پەلاماریان داون و شوێنەکانیان تێکداون و پـێکدادان لە نێوانیان ڕوویانداوە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژراون و 69 کەسی دیکە برینداربوون.

محەمەد ئەلخەیات کە چالاکوانێکی ناسراوە لە شارەکە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت لایەنگرانی سەدر بە چەکەوە چوونەتە سەریان لە مەیدانی حەبووبی.

فڕانس پـرێس دەڵێت چالاکوانان ڤیدیۆیان بڵاوکردووەتەو کە تیایاندا پـیشان دەدرێت لایەنگرانی سەدر بە چەک و چەقۆ و تێڵا و دارەوە پەلاماری مانگرتووان و خۆپـیشاندەرانی مەیدانی حەبووبی دەدەن و خێوەتەکانیان دەسووتێنن.

جەنەڕاڵ عۆدە عەبود کە پـۆستی سەرۆکی پـۆلیسی پارێزگای زی قاری گرتەدەست، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ناسریـیە، بەڵێنی دا ئارامی و سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێننەوە.

ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆی ناسریـیە پاش ئەوە دێن کە لایەنگرانی موقتەدا سەدر پشتیوانی خۆیان بۆ خواستی ڕێبەرەکەیان دەربڕی لە گرتنەدەستی پـۆستی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە. سەدر دەڵێت ئەگەربێت و پـۆستی سەرۆک وەزیر بگرینەدەست ئەوا چاکسازیـیەکان تەواودەکەن.

XS
SM
MD
LG