Accessibility links

پەرلەمانتارێکی عێراقی ڕەتیدەکاتەوە لە ئەفسەرێکی پـۆلیسی دابێت کاتێک براکەیان دەستگیرکردووە


دەلال حەسەن ئەلغەڕڕاوی پەرلەمانتاری عێراقی سەر بە هاوبەندی فەتح ڕەتیکردەوە لە ئەفسەرێکی پـۆلیسی دابێت کاتێک براکەیان دەستگیرکردووە لەسەر تۆمەتی سووتاندنی ئۆتۆمبیلێک.

شەوی پـێنجشەممە لەسەر هەینی هێزێکی پـۆلیس لە شاری عەمارەی پارێزگای مەیسان ڕۆیشتبوون بۆ دەستگیرکردنی محەمەد غەڕڕاوی برای پەرلەمانتارەکە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە خۆی ڕادەستی پـۆلیسەکان بکات و بەهۆیەوە کێشە لە نێوانیان کەتووەتەوە و هەتا ئێستا بە تەواوی ڕاستیـیەکان ڕوون نەبوونەتەوە.

ئەفسەرەکە کە پـلەکەی نەقیبە لە ڤیدیۆیەکدا لەسەر یوتیوب، دەڵێت بەپـێی فەرمانی دادوەر چوون بۆ دەستگیرکردنی برای پەرلەمانتارەکە، بۆیە بۆسەیەکیان بۆ ناوەتەوە و کاتێک ویستوویانە دەستگیری بکەن کڵاشینکۆڤێکی بێ مۆڵەتی لێبەرزکردوونەتەوە، بەڵام هەر دەستگیریان کردووە. دەشڵێت کاتێک لەوەدا بوون بە ئۆتۆمبیل بیبەن، پەرلەمانتار دەلالی خوشکی هاتووە و هێرشی کردووەتە سەری و لێی داوە و ئەستێرەکانی سەر شانی لێکردووەتەوە.

فەرماندەیەتی پـۆلیسی پارێزگای مەیسان بەیاننامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و پشتیوانی لە قسەکانی ئەفسەرەکە کرد، دەڵێت ئەفسەرەکە لەلایەن پەرلەمانتار دەلال غەڕڕاویـیەوە لێی دراوە وە ئەفسەرەکە بە هیچ شێوەیەک نەچووەتە سەر ماڵی پەرلەمانتارەکە.

بەڵام ئۆفیسی ڕاگەیاندنی دەلال غەڕڕاوی، ڕاگەیاندنەکەی پـۆلیسی ڕەتکردەوە، دەڵێت پـۆلیسی مەیسان ڕاستیـیەکانی نەگواستووەتەوە.

ئۆفیسەکە لەسەر فەیسبوکەکەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێن ئەوە ڤیدیۆی کامێرای چاودێریـیە لە کاتی ڕووداوەکەدا و پـیشانی دەدات ئەفسەرەکە هیچ نیشانەیەکی لێدانی پـێوە نیـیە. ئۆفیسەکە دەشڵێت هێزەکەی پـۆلیس بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە سەر ماڵی پەرلەمانتارەکە، وە کەس دەستی بۆ ئەفسەرەکە نەبردووە ، بەڵکو ئەفسەرەکە دەستدرێژی کردووەتە سەر پەرلەمانتارەکە و ئەندامانی خێزانەکەی.

ئەفسەرەکە دەڵێت سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتارەکە و براکەی تۆمارکردووە و پەرلەمانتارەکەش لای خۆیەوە دەڵێت هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی و دەستوری دەگرێتەبەر بۆ سزادانی پـۆلیسەکان و ئاشکراکردنی ناڕاستگۆیی فەرماندەیەتی پـۆلیسی مەیسان.

XS
SM
MD
LG