Accessibility links

هەڵبژاردنی پێشوەخت، ململانێی نێوخۆیی عێراق قوڵتردەکاتەوە


پشتگیری مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، تاڕادەیەکی زۆر ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەی لەمانگی 6 ی ساڵی داهاتوو یەکلایی کردەوە، گەرچی بەشێک لە لایەنە عێراقیەکان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختن و ئامادەگیان بۆ پرۆسەکە نیە.

پشتگیریکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن مەرجەعیەتی شیعەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدایە هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی عێراق بهێننە ئاراوە.

شوان داودی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، هۆکاری پشتگیریکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بۆ داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراق دەگێڕێتەوە کە پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لەو داواکاریە کردووە، دەڵێت"لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، کەمتر لە 20% عێراقیەکان دەنگیاندا، دۆخی ئێستای عێراق کاردانەوەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشووە."

نزیکبوونەوەی عێراق لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لەکاتێکدایە هێشتا کوتلە پەرلەمانیەکان، لەسەر ئەو بڕگە و مادانەی نێو یاسای هەڵبژاردن ڕێکنەکەوتوون، کە پەیوەندیدارن بە چۆنیەتی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن.

بەشێک لە هێزە شیعیەکان و تەنانەت هێزە سەرەکیەکانی هەرێمیش، لەگەڵ ئەوەدان هەر پارێزگایەک و بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت، هێزە بچوکەکانی عێراقیش لەگەڵ ئەوەدان عێراق یەک بازنە بێت، لەکاتێکدا لەنێو یاساکەدا پێشنیار کراوە هەر پارێزگایەک بکرێتە چەند بازنەیەک، بەشێوەیەک هەر قەزایەک گەر 100 هەزار دەنگدەری تێدا بێت، بکرێتە یەک بازنە.

جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە سەدریەکان پێداگیری دەکەن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە فرە بازنەیی بێت، چونکە پێیانوایە گەر کرایە فرە بازنەیی، 100 کورسی پەرلەمانی عێراق دەبەنەوە، لەکاتێکدا زۆربەی هێزە شیعیەکان و تەنانەت کوردیش لەگەڵ ئەوەدان، هەر پارێزگایەک و یەک بازنە بێت، چونکە ترسیان لەوە هەیە فرە بازنەیی، بەشێکی زۆر لە کورسیەکانیان لەدەست بدات.

ناوبراو وتی"کورد دەترسێت گەر هەڵبژاردن فرە بازنەیی بوو، کورسیەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدەست بچێت، بەشێک لە شیعەکانیش لەگەڵ فرە بازنەیی نین."

بەپێی وتەی پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق، پێشتر هێزە گەورەکانی شیعە و سونە و کورد لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیدا ڕێککەوتبوون، یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێک بێت، لایەنە بچوکەکان بسڕنەوە و خۆیان دۆخەکە بەڕێککەوتن بەڕێوەبەرن، بەڵام هاتنی کازمی دۆخەکەی لێ تێکدان.

لەئێستادا کێشمەکێشێکی گەورە لە عێراق دا هەیە، شەقامی عێراقی و هەندێک هێز دەیانەوێ هەڵبژاردن بەیاسای نوێ ئەنجام بدرێت، تا گۆڕانکاری لە عێراق بێتە ئاراوە، بەڵام هێزە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو، نایانەوێت پێگەیان لاواز بێت و دەیانەوێ بە کەمترین زیان لەم کێشمە کێشە دەربازیان بێت.

شوان داودی وتی"گەر هەڵبژاردن بەیاسای تازە ئەنجام بدرێت، گۆڕانکاری لەو نەخشە سیاسیە لەعێراق ڕوودەدات کە دوای ڕووخانی بەعس دروستبووە."

حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، کە لەئێستادا پێگەی جەماوەریان لاواز بووە، پێیانوایە هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ لاوازترکردنی ئەوانە، لەکاتێکدا شەقامی عێراقی و هەندێک هێز، دەیانەوێت هەڵبژاردن بەیاسای تازە و لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت، تا عێراق لەو قەیرانە قوتار بکەن، کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خوڵقاندوویانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00


XS
SM
MD
LG