Accessibility links

دکتۆر سەردار عەزیز: ڕاپـۆرتەکەی نیویۆرک تایمز جۆرێک لە نائومێدیـیەکی ڕەش دەدات


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکایی ڕاپـۆرتێکی لەسەر عێراق بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "لە ناو عێراقی چەتەسالاریدا" . ڕاپـۆرتەکە دەڵێت گەندەڵیـیەکی زۆر ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و زۆربەی سیاسیـیەکان و حزبەکان دەستیان لەو گەندەڵیـانەدا هەیە.

ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ چەندین نمونە دەکات، لەوانە وەزیرێکی تەکنۆکرات کە بۆ دەیان ساڵ لە دەرەوەی وڵات بووە کاتێک پـۆستەکەی گرتبووەدەست بینیویەتی لە وەزارەتەکەی کاردەکرێت بۆ کڕینی ڤاکسین بە بەهای 92 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەو ڕێگەیەکی دیکەی دۆزیوەتەوە بۆ کڕینی هەمان ڤاکسین بە بەهای کەمتر لە 15 ملیۆن دۆلار. وەزیرەکە گوتویەتی هەر ئەو کارەی کردبوو یەکسەر گەندەڵکارەکان بە توندی لە دژی وەستاونەتەوە و هەڵمەتێکی دڕندانەیان لە دژی کردووە.

سەبارەت بەم ڕاپـۆرتە، یەحیا بەرزنجی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژی لەگەڵ دکتۆر سەردار عەزیز، شیکەرەوەی سیاسی کردووە.

دکتۆر سەردار دەڵێت راپۆرتەكە جۆرێک لە نائومێدیـیەکی ڕەش دەدات، بەوەی ئەو دۆخەی عێراق قابیلی چاککردن نیـیە. دەشڵێت "هیچ جومگەیەک نەماوە سیاسیـیەکان و حیزبەکانیان دەستیان پێیدا نەگەیشتبێت، جۆرێک لە نائومێدیت دەداتێ کە بگەیتە ئەو ڕاستییەی کە دۆخی عێراق چاوەڕوانی چاکسازی لێناکرێت، چونكە ئامرازەكانی نادەوڵەتی تیا بەرجەستە کراوە".

ئایا ئەم راپۆرتەی نیویۆرک تایمز کاریگەری بۆ سەر نێوخۆی عێراق دەبێت؟ لەو بارەیەوە دکتۆر سەردار دەیبەستێتەوە بە بوونی میدیای ئازادەوە، وەک دەڵێت "لە عێراق میدیاکان لایەنگرن و میدیای سەربەخۆمان نییە، رەنگە هەر نەشیخوێننەوە، یاخود وەریبگێڕنە سەر زوبان عەرەبی یان کوردی، تاوەکو بەخەڵک بگات".

لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا باس لەوە کراوە کە بە گشتی بەرپرسە عێراقییەکان و حیزبەکانیان لەو گەندەڵییە گلاون ، پارەکانیان لەدەرەوە هەڵگرتووە، یاخود لە دەرەوەی عێراق وەبەرهێنانی پێ دەکەن، یان بە شێوازی جیاواز خەریکی سپیکردنەوەین، هەروەها وڵاتێکی وەکو ئێران و گروپە تیرۆریستییەکان سوودیان لەو دۆخی گەندەڵییەی عێراقیش بینیوە.

لەو بارەیەوە دکتۆر سەردار دەڵێت " ئەمریکا بێئاگا نییە لەوەی کە لە عێراق چی دەگوزەرێت، لە دەرەوەی حکومەت دەسەڵاتی تر دەستیان بەسەر حكومەتدا گرتووە، عێراق بووەتە دەروازەیەکی گرنگی قوتاربوونی ئێران لە سزا ئابورییەکانی لەسەرێتی".

لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز باسی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانیش کراوە، بە تایبەتی ئاماژەی بە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کردووە کە دەستیان بەسەر گرێبەستەکانی نەوتدا گرتووە، بۆ خۆ دەوڵەمەنکردن، لەم بارەیەشەوە دکتۆر سەردار دەڵێت "بەدێڕێک باسی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەرپرسانی هەرێمیش ئەو گەندەڵیانە ناشارنەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:18:09 0:00


XS
SM
MD
LG