Accessibility links

فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەک ئەو لایەنەی بۆ ئاشکراکردووە کە دەستی هەبووە لە ڕفاندنی هێلا مێڤس


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئەو لایەنەی بۆ ئاشکراکردووە کە دەستی هەبووە لە ڕفاندنی چالاکوانی ئەڵمانی هێلا مێڤس لە سەنتەری "بيت تركيب" لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا.

هێلا مێڤس ئێوارەی دووشەممە لە سەنتەرەکەی بە پاسکیلەکەی هاتبووە دەرێ و کۆمەڵێک بە ئۆتۆمبیلێکی مینی ڤانی سپی ڕێی پـێدەگرن و دەیڕفێنن. دەڵێن پـۆلیسەکانی بنکەیەکی پـۆلیس رفاندنەکەیان بینیوە بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە. دەشڵێن 2 ئۆتۆمبیل لە ڕفاندنەکەدا بەشداربوون.

سەرچاوەکە بە فڕانس پـرێسی گوتووە شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری (خلية الصقور الاستخباراتية) کە هێزێکی تایبەتی حکومەتە، توانیویەتی لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریـیەوە کەسێک لەوانەی لە تاوانی ڕفاندنەکەدا بەشداربووە بدۆزێتەوە و پاشان دەستگیری بکات. سەرچاوەکە دەڵێت کەسەکە گوتویەتی سەر بە گروپـێکی حەشدی شەعبیـیە، لەوانەی لەگەڵ هێزە ئاسایشیـیەکان کاردەکەن کە هەندێکیان سەر بە ئێرانن.

سەرچاوەکە گوتوشیەتی بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕفێندەرەکان گەیشتوون، ئەویش کەسە دەستگیرکراوەکەیان ئازادبکەن لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئەڵمانیـیەکە.

جەنەراڵ یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەسەر تویتەرەکەی نووسی هێزە ئاسایشیـیەکان چالاکوانی ئەڵمانی هێلا مێڤس ئازاددەکەن. ناوبراو هیچ زانیاری زیاتری نەدا.

پـێشتر کاربەدەستێکی دیکەی ئاسایشی عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتبوو لەسەر بنەمای زانیاری، هێزێکی ئاسایشی داویەتی بەسەر ئەو شوێنەی هێلا مێڤسی لێ دانرابوو و لە کاتژمێر 6:25 ی بەیانی ئازادکرا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی چالاکوانە ئەڵمانیـیەکە ڕادەستی بریکاری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا کرا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بۆ تاوانبارەکان نەکرد.

سەرچاوە دیپـلۆماسیـیەکان بۆ فڕانس پـرێسیان پشتڕاستکردووەتەوە کە باری تەندروستی هێلا مێڤس باشە.

XS
SM
MD
LG