Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی گەیاندنی هەرێم و بەغدا بەڕێککەوتن دەدات


جنین هێننس پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق
جنین هێننس پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی ڕێکخستنی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتە دارایی و یاساییەکانی نێوانیاندایە، لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، گفتووگۆی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەغدا دەستپێکردووە.

جنین هێننس پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغداد دەدات، کە لەنێو دەستوردا ئاماژەیان بۆکراوە و هەر لایەک خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکات، بۆیە چاوی بە بەرپرسانی هەرێم و بەغداش کەوتووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەوڵەکانی پلاسخارت لەنێو هەرێم و بەغداش پشتگیریان هەیە، بەڵام نەیاری زۆریشیان هەیە، بەو پێیەی بەشێک لەهەوڵەکانی پەیوەندی بە لایەنی یاسایی و ئابووریەوە هەیە و ڕەنگە کۆسپی بێتەپێش.

خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە، ڕۆڵی باشی بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان داوە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، کە لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتوون، نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵی پێدانی ئیمتیازاتی یاسایی زیاتر بە هەرێم دەدات، لەبەرامبەریشدا کار بۆ لێسەندنەوەی هەندێک ئیمتیازاتی ئابوری و دارایی دەکات.

هەنگاوەکان بەو جۆرەیە، ئایندەی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستوری عێراق دا، زامنتربکرێت و وەکو هەرێمێکی ئاسایی لێی نەڕوانرێت، بەڵکو وەکو قەوارەیەکی سیاسی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لەڕووی یاساییەوە دان پێدانراوتر بێت، هەروەها لەناوچە کێشە لەسەرەکان ڕۆڵ بەکورد بدرێتەوە، لەبەرامبەریشدا هەندێک مەسەلەی ئابوری هاوشێوەی نەوت و ئاسمان و خاڵە سنوریەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا بگێڕدرێتەوە.

حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لە سەرکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ ڕێککەوتن ی باش و جێگیر دەکات لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا، بەجۆرێک هەموو لایەک پێی ڕازی بن."

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەبەوەدەکەن هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاسان نین، بەو پێیەی پەیوەندیان بە مەسەلەی دارایی و ئابووری و دەسەڵاتەکانی هەرێم لەو چوارچێوەیەدا هەیە.

خەسرەو گۆران، وتی"هەندێک کپشەی دەستوری هەن لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت، بۆیە بەغدا پابەند نابێت بە ئیلیزاماتەکانیەوە بەرامبەر بە هەرێم، بۆیە دەستور پێویستی بە دەستکاریکردن هەیە."

هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی هەرێم و بەغدا، هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەهەندێک ناوچەی جێناکۆک، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەرباری هەبوونی هەندێک ئاڵۆزی لەو ناوچانە، لەلایەن بەغداو هەرێمەوە، هیچ ئیرادەیەک بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی نیە و کێشەکان زیاتر لۆکاڵین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:11 0:00


XS
SM
MD
LG