Accessibility links

مسته‌فا چاوڕه‌ش: ئه‌و هێزه‌ی عیراق هاتوون له‌وناوچانه‌ جێگیربن و بمێننه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا ئیشییان چیه‌ لێره‌


مسته‌فا چاوڕه‌ش -ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان-فۆتۆ-فه‌یس بووكی ناوبراو

مسته‌فا چاوڕه‌ش به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا-ی پێشمه‌رگه‌ هاوكات ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وه‌ڵامی قسه‌كانی سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌، هاوكات باس له‌ نیازی هاتنی هێزه‌كانی عیراق ده‌كات بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كه‌ به‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناوده‌برێت .

" خۆم 100% ئاگادار نه‌بووم "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا-ی پێشمه‌رگه‌ ده‌رباره‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كه‌ی هێزه‌كانی عیراق و دژه‌تیرۆر وتی" ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی كه‌ ئه‌نجامدرا دیاره‌ ڕێكه‌وتنێك كرابوو له‌ عێراقدا من خۆم 100% ئاگادار نه‌بووم دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ كرا دژه‌تیرۆر له‌گه‌ڵ عێراقدا شه‌و و ڕۆژێكی پێچوو ، ڕێكه‌وتنێكیان كرد، "جه‌وله‌یه‌كی" باش بوو، شتێكی خراپ نه‌بووه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیداربوون به‌ ئیشه‌كه‌ دوایی هاتنه‌وه‌ بۆ منیان باس كرد شتێكی باشیان كردبوو ئه‌و ناوچانه‌یان دیاری كردبوو كه‌ ڕێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كردبوو."

مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ كه‌ له‌ عێراقداین سه‌نگه‌رمان له‌یه‌ك نه‌گرتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كراوه‌، سێ چوار ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ دوزخورماتووه‌ بیگره‌ تاوه‌كو كوڵه‌جۆ و تاوه‌كو خانه‌قه‌ین كێشه‌مان بووه‌ و هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا. ئه‌وه‌ ئێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بووم و كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ر بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ بوو كه‌وا ئێمه‌ چی بكه‌ین له‌م دۆخه‌دا له‌گه‌ڵ عێراق؟ ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ ئێمه‌ پشت و په‌نابووین و داعشمان شكاند وه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ هه‌مان بوون خستمانه‌ خزمه‌ته‌وه‌ دژی داعش و ئه‌وانه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌ تائێستا خه‌ریكی ئه‌وه‌ین كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌رنامه‌ی خۆمان دابنێین، وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خۆمان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانیین ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ بیپارێزین له‌ هێرشی داعش كه‌ دزه‌ نه‌كات بۆی وه‌ له‌گه‌ڵ عێراقیشدا كێشه‌مان هه‌یه‌."

" له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ من لێپرسراوم له‌وێ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ئێمه‌ و ئه‌وان دانیشتوون له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ بكه‌ین ڕێكه‌وتنێكمان كردووه‌ "

به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" چوار میحوه‌رمان هه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ من لێپرسراوم له‌وێ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ئێمه‌ و ئه‌وان دانیشتوون له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ بكه‌ین ڕێكه‌وتنێكمان كردووه‌ كه‌ 11 كیلۆمه‌تر له‌ نێوان ئێمه‌و ئه‌واندا بێت ، لێپرسراوی میحوه‌ره‌كان ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌، پێشتر بۆشایی بوو ئێمه‌ ده‌چینه‌ پێشتره‌وه‌ شتێكمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و سه‌نگه‌رگرتنه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له‌وێ ڕایانگرین وه‌ شتێكمان كردووه‌ ئه‌وان ڕێكه‌وتنێكیان كردووه‌ كه‌ هێشتا ماوه‌ كه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی و له‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ شتی میلله‌تێكه‌ هی ئێمه‌ نییه‌، ئه‌و نه‌فه‌سه‌ی كه‌ عێراقیش هه‌یه‌تی له‌م كاته‌ هیچ پێویست ناكات ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعشه‌ ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی لای خۆیانه‌، ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێمه‌ی لێین نه‌مانهێشتووه‌ ئه‌وان بێنه‌ پێشه‌وه‌، ئینجا هه‌ر مه‌به‌ستێكیان بێت ئه‌وان خۆیان له‌ خوێنیاندایه‌ كه‌ چۆن كه‌س چاوی به‌ ئازادی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستیشمانه‌وه‌ ماوه‌ چاویشیان به‌وه‌ هه‌ڵنایه‌ت،جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ئێمه‌ پشتیوانیمان له‌و دانیشتنه‌ كردووه‌."

"با ئه‌و بریكاری وه‌زاره‌ته‌ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی كه‌ له‌وێیه‌ بابێن پێویستی جه‌بهه‌كانمان بۆ جێبه‌جێبكه‌ن "

دوێنێ سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند" ئه‌و شوێنانه‌ی هێزه‌كانی عیراق هاتوون بۆی زیاتر له‌ژێر لێپرسراوێتی هێزه‌كانی 70 دان كه‌ هێزێكی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه،عێراقیش به‌بیانوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشاییان هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت هێز له‌و ناوچانه‌ جێگیر بكه‌ن وه‌ ئه‌مه‌ش لێپرسراویه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر براده‌رانی سلێمانی."

له‌وه‌ڵامدا مسته‌فا چاوڕه‌ش به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا ده‌ڵێت" فه‌رموو با ئه‌و بریكاری وه‌زاره‌ته‌ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی كه‌ له‌وێیه‌ بابێن پێویستی جه‌بهه‌كانمان بۆ جێبه‌جێبكه‌ن ئه‌و كه‌موكوڕیه‌ی كه‌هه‌یه‌ بۆمان جێبه‌جێبكه‌ن ئێمه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانمان ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌كه‌ین شوێنمان نییه‌ حه‌زناكه‌م خاڵی لاواز باس بكه‌م به‌ڵام ئه‌وان گلله‌یی له‌وه‌ نه‌كه‌ن، ڕۆژێك له‌ ڕۆژان خۆیان هاتن چاوێكیان به‌و شوێنانه‌ بكه‌وێت و بزانن كه‌مو كورتیه‌كان چییه‌؟ كه‌ شه‌ڕ-یش بێت ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ بكه‌وێت ئیمكانیه‌ت و پێویستیه‌كان مه‌فروزه‌ هه‌موو له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت."

"قه‌رزمان كردووه‌ قه‌رزه‌كانیشیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ "

هه‌ر له‌درێژه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌دا مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌شی وت " قه‌رزمان كردووه‌ تا ئێستا قه‌رزه‌كانیشیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ منیش مه‌جبورم ئه‌و قسانه‌ بكه‌م ئێستا كولیه‌ی عه‌سكه‌ری وتویانه‌ بیناكه‌ دروست بكه‌ن 370 ملیۆنه‌، دروستمان كردووه‌ ئه‌ی كوا پاره‌كه‌ بۆ نه‌نێردرا؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌موومان لێپرسراوین بریكاری وه‌زیر من و وه‌زیر و سه‌رۆكایه‌تی هه‌موومان لێپرسراوین له‌م وڵاته‌ باقسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ین چونكه‌ ئێمه‌ كێشه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ چۆن بتوانین چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ین، من له‌ كۆبوونه‌وه‌كان داوام كرد بۆ ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ ئێستا هاتۆته‌پێش، پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران دابنیشن و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌موومانه‌ خۆ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر خانه‌قین بوو مانای وایه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر زاخۆیه‌ . ئێستا مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆرمۆر مه‌ركه‌زی غازی هه‌موو عێراق وكوردستانه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ چۆن هێز بنێرن جێگه‌مان نییه‌ بۆی پێویستیه‌كانی جێبه‌جێنه‌كراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌موومان لێپرسراوین نه‌كه‌وینه‌ ئه‌وه‌ی موزایه‌ده‌ له‌سه‌ر یه‌كتری بكه‌ین من خۆم به‌ لێپرسراو ده‌زانم به‌رامبه‌ر قه‌تره‌یه‌ك خوێنی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك بڕێژرێ، به‌ڵام تۆ ناكرێت به‌م گه‌رمایه‌ و به‌م دۆخه‌ پێویستی هێزه‌كه‌ت جێبه‌جێنه‌كه‌یت و ئه‌گه‌ر شتێكیش كرا گلله‌یی له‌یه‌كتری بكه‌ین باواز له‌گلله‌یی بهێنیین ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه‌ من و هه‌موومان له‌م وڵاته‌ لێپرسراوین. "

" عیراق دۆستمان نیه‌ "

مسته‌فا چاوڕه‌ش وتیشی: عێراق دۆستمان نییه‌ ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ ده‌یبینین بۆی بكرێت ئێستا هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ 2003 و سه‌رده‌می سه‌ددام -دا بوو ئێمه‌ و ئه‌وشوێنانه‌ بگرن ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه‌ منیش ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌م هه‌ردووكمان وه‌كو یه‌ك لێپرسراوین ده‌بێت بێن دابنیشین كه‌موكوڕیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌، ڕێگه‌ نه‌ده‌ین داعش و عێراقیش بێته‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ ئه‌وه‌ بۆچوونی منه‌."

" ئه‌گه‌ر ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی بێت یاخود ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتن بێت،پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان به‌ وه‌زاره‌ت و به‌ ئێمه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ئاگادار بێت بۆ كۆتا كه‌س "

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌ڕێمی كوردستان ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندبوو" ئه‌و هێزه‌ی دژه‌تیرۆری سلێمانی ته‌نانه‌ت بێ ئاگاداری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی خۆیانه‌ ئاگادار نیه‌ ئه‌وكاره‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ عیراقیانه‌ كردووه‌، ده‌شڵێت،وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كاره‌كه‌ی دژه‌تیرۆری سلێمانی پێ خۆش نه‌بوو، ئه‌و كاره‌ خۆیان سه‌ربه‌خۆ كردوویانه‌"

به‌ڵام له‌وه‌ڵامدا مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ من نازانم ئاگادارییان كردۆته‌وه‌ یان نا به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ شتی پێویست دێته‌ پێشه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ به‌و په‌له‌په‌له‌ نه‌كرێت من به‌رگری له‌ شتێك ناكه‌م كه‌ ئاگام لێی نه‌بێت به‌ڵام پێویسته‌ بۆ داهاتوو هه‌ر لایه‌نێكمان كه‌ هه‌ر شتێك ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی بێت ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك بێت یاخود ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتن بێت، ڕێكه‌وتنی سیاسی بێت هه‌موو لایه‌كمان به‌ وه‌زاره‌ت و به‌ ئێمه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ئاگادار بێت بۆ كۆتا كه‌س ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك كرابێت ده‌بێت دابنیشین و چاره‌سه‌ری بكه‌ین و ئه‌وه‌ پێویسته‌ بۆ داهاتوو دابنیشین و چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخانه‌ بكه‌ین. "

" عیراق ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كات "

"20ی مانگ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ت لای خۆیان ده‌ه‌فه‌رموو چیان پێ باشه‌ بیكه‌ن پێنج جار وه‌فدی وه‌زاره‌ت، هێزی پێشمه‌رگه‌ چۆته‌ به‌غداد ده‌یان جار له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ڕێكده‌كه‌وین و تا ئێستا هیچی جێبه‌جێنه‌كراوه‌، ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كات عێراق 20 مانگ دێنه‌وه‌ بۆ ته‌واو كردنی ده‌ فه‌رموو "ئه‌وه‌ عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز " داعش لای ئێمه‌ نییه‌ له‌ پشتی خۆیانه‌وه‌یه‌ با بێن ده‌ جار ڕێكه‌وتن كراوه‌ كه‌ هاوكاری بكه‌ین و نایه‌نه‌ پێشه‌وه‌ ، ئه‌وان دانیپێدانانێن ناكۆكی ناو هێزی كوردی وای كردووه‌ كه‌ ئه‌وان (عیراق) ئێستا سود له‌و دۆخه‌ وه‌ربگرن. "مسته‌فا چاوڕه‌ش وایوت "

"ئێمه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان نیازی شه‌ڕمان نییه‌ له‌گه‌ڵ عێراق عێراقیشمان به‌ هی خۆمان زانیووه‌..به‌ڵام بێنه‌ سه‌ر خاكه‌كه‌مان وه‌ڵا هه‌موو خۆمان به‌ كوشت ده‌ده‌ین"

سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسی و ئه‌گه‌ری پێكدادانی ئه‌و هێزانه‌ی عیراق كه‌هاتونه‌ته‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌؟ مسته‌فا چاوڕه‌ش وتی " ئێمه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان نیازی شه‌ڕمان نییه‌ له‌گه‌ڵ عێراق، عێراقیشمان به‌ هی خۆمان زانیووه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ دامه‌زراوه‌ی به‌رگری عێراق ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاریداوه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقیدا به‌ڵام عه‌قڵه‌یه‌تی ئه‌مانه‌ی كه‌ ئێستا له‌وێن و حه‌شدی شه‌عبی كه‌ په‌نجا قیاده‌ و به‌زمی هه‌یه‌ ئینجا ئه‌وه‌ عێراقه‌ و هه‌ر ئه‌فسه‌رێك به‌ كه‌یفی خۆیه‌تی، ئێمه‌ هیچ كێشه‌مان نییه‌ و ڕۆژێك له‌ ڕۆژان به‌ ته‌مانیین هیچ پێكدادان بكه‌ین به‌ڵام بێنه‌ سه‌ر خاكه‌كه‌مان وه‌ڵا هه‌موو خۆمان به‌ كوشت ده‌ده‌ین چونكه‌ كه‌ ئێمه‌ قوربانیماندا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان قوربانیدا ، به‌خوا ئه‌و هێزانه‌ كه‌سیان نه‌بوون، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كان بوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان ، هێزیان نه‌بوو."

"خوا عه‌قڵی هه‌موویان بگرێت وایكردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ ئێستا سوود له‌وه‌ ده‌بینن ئه‌گینا عیراق ئه‌و هێزه‌ نییه‌ "

به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا-ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" كه‌ داعش-یش شكا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شكاندی كه‌ عێراق ڕووخا ئێمه‌ به‌رگریمان له‌ عێراق و له‌به‌غداد كرد لیوایه‌كمان هه‌بوو، ئه‌نوه‌ر دۆڵانی ئامر لیوا بوو له‌ به‌غداد ئێمه‌ به‌رگریمان له‌وان كرد جا ئێستا كه‌ تۆزێك به‌هێز بوون ناكۆكیه‌كانی ناو ئێمه‌ش خوا عه‌قڵی هه‌موویان بگرێت وایكردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ ئێستا سوود له‌وه‌ ده‌بینن ئه‌گینا ئه‌وانه‌ (عیراق) ئه‌و هێزه‌ نیین ئه‌و قوربانییه‌ی ئێمه‌ داومانه‌ ئێمه‌ په‌نجا ساڵه‌ خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ ئازادی و بۆ دیموكراتی بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان ئازاد بێت، ئه‌وه‌شمان پێڕه‌وا نابینن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین توشی كێشه‌ نه‌بین له‌گه‌ڵ عێراق."

"ئه‌گه‌ر مه‌ترسی پێكدادان نییه‌ بۆ به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاوین بۆچی دێن نه‌خشه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن ؟ "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك وه‌ك مه‌ترسی پیشانی ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی عیراق له‌و ناوچانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و جێگیر ده‌بن، مسته‌فا چاوڕه‌ش-یش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت" به‌ڵێ مه‌ترسی هه‌یه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر نییه‌ بۆ به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاوین؟ بۆچی دێن نه‌خشه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن ئێمه‌ به‌شێكین له‌و عێراقه‌؟ سه‌رۆك كۆمارمان هه‌یه‌62 په‌رله‌مانتارمان هه‌یه‌ چه‌ند وه‌زیرمان هه‌یه‌ ناكرێت ئه‌وان له‌وێ بن و ئه‌مان لێره‌ بێن په‌لامارمان بده‌ن.".

واته‌ هێزه‌كانی عیراق به‌نیازن له‌و ناوچانه‌ی بۆ هاتوون بمێننه‌وه‌؟ دووباره‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش ته‌ئكیدیكرده‌وه‌" به‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گینا ئیشیان چییه‌ لێره‌، زیان-مان بۆیان نه‌بووه‌ وڵاتمان بۆ پاراستوون داعش-مان بۆ شكاندوون كه‌ داعش هات موسڵ-ی داگیركرد چوار فرقه‌ی سوپای عێراق و دوو لیوای سوات-یان كشانه‌وه‌ و شكان، ئێمه‌ داعشمان شكاند پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ زاخۆ وه‌ بیگره‌ هه‌تاوه‌كو گوێر خۆ 1800 شه‌هیدمان به‌ گاڵته‌ نه‌داوه‌، 10 هه‌زار بریندارمان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وان عه‌قڵیه‌ته‌كه‌یان وه‌هایه‌ واده‌زانن كه‌تۆزێك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، دۆخی ئابوری وڵاتی ئێمه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ئێستاكه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت "چڕنوقت" لێبگرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێش هه‌موو شتێك تاكورد یه‌كگرتوو نه‌بێت ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ زیانی تێدابكه‌ین ئومێد ده‌كه‌م عێراقیش بێته‌سه‌ر خه‌ت و ، سه‌رۆك وه‌زیرانی تازه‌ كازمی بێته‌ پێشه‌وه‌ و ڕێگه‌ بگرێت چونكه‌ ئه‌و سه‌رۆكی هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ ڕێگه‌نه‌دات ئێمه‌ پشتیوانیمان لێكردووه‌ هه‌موو هێزی كوردی بۆئه‌وه‌ی ببێت به‌سه‌رۆك وه‌زیرانێكی باش نه‌ك هه‌ر كه‌سه‌ بێت به‌ كه‌یفی خۆی "عه‌نته‌ریات به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا بكات."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" ئه‌و هێزانه‌ی عیراق به‌ئێمه‌یان نه‌وتوووه‌ بڕۆن ئێمه‌ دێن ده‌ڵێن وا ئێمه‌ دێن و واپێویست ده‌كات و داعش له‌وێیه‌و مه‌ترسی هه‌یه‌. جاخۆپێمان بڵێن بڕۆن قبوڵی ناكه‌ینتا بۆمان بكرێت و ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت له‌ هیچ هێزێكی قبوڵ ناكه‌ین به‌كه‌یفی خۆیان له‌ كوردستان ته‌راتێن بكه‌ن ده‌توانرێت ڕێكه‌وتنیش بكرێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكرێت، ئه‌گه‌ر شتێكی مه‌حه‌لی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ بكرێت به‌گوێره‌ی مه‌جال و ده‌سه‌ڵاتی خۆی."

"دژه‌تیرۆر خۆنه‌چوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عیراق دژی ئێمه‌بن، دژه‌تیرۆر هێزێكه‌ شه‌ڕكه‌ره، هێزێكی باشه‌ هێزێكه‌ "

بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وتبوو" دژه‌تیرۆری سلێمانی هه‌ماهه‌نگ و به‌شدارن له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه‌ی دژه‌تیرۆر ته‌نانه‌ت بێ ئاگاداری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی خۆیانه‌ ئاگادار نیه‌ ئه‌وكاره‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ عیراقیانه‌ كردووه‌."

به‌ڵام مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌ڵێت" دژه‌ تیرۆر له‌گه‌ڵیان نه‌بووه‌، ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شیان كردووه‌بۆ دژی داعش بووه‌ خۆنه‌چوون له‌گه‌ڵیانه‌ دژی ئێمه‌بن دژه‌ تیرۆر هێزێكه‌ شه‌ڕكه‌ره، هێزێكی باشه‌ هێزێكه‌ له‌ جه‌بهه‌كاندا دیار بووه‌ با به‌دوای خاڵی لاوازی یه‌كتردانه‌گه‌ڕێن جاری واهه‌یه‌ حاڵه‌تێكه‌ تۆ ده‌ستت ناگاته‌ كه‌س ده‌چیت ئۆپراسیۆنێك ده‌كه‌یت ئه‌وانیش كه‌ ئه‌وه‌یان كردووه‌ خۆ دنیا نه‌ڕووخاوه‌، ئۆمێد ده‌كه‌م بۆ داهاتوو هه‌رشتێك كرا ئه‌گه‌ر دژه‌ تیرۆریش كردی هه‌موو لایه‌ك ئاگاداربن چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ جوانیین به‌یه‌كه‌وه‌ شتین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن به‌ خاڵێك و وابزانن دنیا ڕووخاوه‌."

"ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كرابێت هه‌موو هه‌ڵه‌مانكردووه‌، چاكه‌مان كردبێت هه‌موو كردوومانه‌ ..یه‌كڕیزنه‌بیین ئه‌وه‌ی هه‌شمانه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌كاتێكدا وه‌ك خۆت ده‌ڵێی مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌ به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ناكۆكی ناوخۆیی بۆچی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌تایبه‌ت دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌( پارتی و یه‌كێتی) كه‌ه‌خۆت ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیت كۆنابنه‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا مسته‌فا چاوڕه‌ش وتی" ئه‌وه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بپرسه‌ من له‌ 1/6 به‌ بۆنه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ وتم هاتووم داوا له‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌م " هاوسه‌رۆك ، " جه‌نابی كاك مه‌سعود و هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تی سیاسی دابنیشن ئێمه‌ دوژمنمان زۆره‌ هه‌موو لایه‌ك عێراق ئێران، توركیا، سوریا له‌سه‌ر ئێمه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌موویان ڕێكه‌وتوون ته‌نها ئێمه‌ خۆمانیین شه‌ڕه‌ ده‌نوكمانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دانیشن ڕێكمانبخه‌ن پێكبێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كرابێت هه‌موو هه‌ڵه‌مانكردووه‌، چاكه‌مان كردبێت هه‌موو كردوومانه‌،شه‌هیده‌كان شه‌هیدی میلله‌تی كورده‌، هی حیزب نییه‌ ئه‌وه‌ بۆچوونی ئێمه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست ده‌كات كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان یه‌كگرتوو بین، ئێستاش له‌م مینبه‌ره‌وه‌ داوا ده‌كه‌م به‌زووترین كات سه‌ركردایه‌تی كوردی هه‌ردوو پارتی ویه‌كێتی لایه‌نه‌كانی تر دابنیشن و به‌رنامه‌یه‌ك دابنێن بۆ داهاتووی عێراق چونكه‌ چواره‌ورمان ده‌كوڵێت، نه‌خشه‌ی دنیا پاش ئه‌م كۆرۆنایه‌ی كه‌ هه‌موومانی گیرۆده‌ كردووه‌ داده‌ڕێژرێته‌وه‌ پێویسته‌ بێنه‌ مه‌یدان و چاره‌سه‌رێك بكه‌ن، وانه‌كه‌ن كه‌من هه‌ڵه‌یه‌كم كردبێت ئیتر به‌ چه‌پۆك بده‌ن به‌سه‌رما ، كه‌س نییه‌ هه‌ڵه‌ی نه‌كردبێت كه‌س مه‌عسوم نییه‌ له‌ هه‌ڵه‌ یه‌كڕیزنه‌بیین ئه‌وه‌ی هه‌شمانه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:31 0:00


XS
SM
MD
LG