Accessibility links

د.ڕێبوار كه‌ریم: پڕۆژه‌مان ئاماده‌كردووه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێم بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌غداد


د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود

د. ڕێبوار كه‌ریم په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت: " له ‌نزیكترین كاتدا كە گه‌ڕاینه‌وه،‌ بۆ به‌غداد پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌یه،‌ تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بچێته‌ سه‌ر به‌غداد. هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك حساب بانقی خۆی هه‌بێت، ڕاسته‌وخۆ مووچه‌كه‌ی له ‌به‌غداده‌وه‌ بۆ بێته‌ سه‌ر حسابه‌كه‌ی، نه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه‌ هیچ گره‌نتییه‌ك نیه‌. ئه‌وه‌ خیانه‌ت نیه‌ خۆ حكومه‌تی هه‌رێم دائیره‌ی دابەشکردنی مووچه‌ نیه‌. ده‌شڵێت: " بۆچونێك دروستبووه‌ له ‌ناو حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ نایه‌وێت ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد بكرێت، چونكه‌ نرخی نه‌وت به‌رزبۆته‌وه،‌ هه‌روه‌ك نوكته‌ش ده‌ڵێن، حكومه‌تی هه‌رێم به ‌قسه‌ی فه‌له‌كناسێك ده‌كات كه‌ پێیوتوون نرخی نه‌وت ده‌بێته‌ 70$، له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكمه‌كه‌ون خۆتان نه‌وته‌كه‌تان بفرۆشن، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت به‌ قسه‌ی ئه‌و فه‌له‌كناسه‌ بڕوات و نه‌یه‌وێت ڕێكکه‌وتن بكات له‌گه‌ڵ به‌غداد-دا. ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم نه‌خه‌ڵه‌تێت به‌ قسه‌ی فه‌له‌كناس و هه‌ندێك كه‌سی تر، كه ‌له ‌ناو حكومه‌تدان و پێیانوایه‌ ئه‌م نه‌وته‌ گران ده‌بێت و گرنگه‌ هه‌رێم پشت به‌خۆی ببه‌ستێت له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێككه‌وتن بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌ون به‌غداد ئیتر هیچ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم نانێرێت."

" ده‌بوو ئه‌و 400 ملیاره‌ بدرایه‌ به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران "

له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا، د. ڕێبوار كه‌ریم ڕایگه‌یاند " هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان وروژاند، كه‌ 400 ملیار گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی چه‌ند مه‌رجێكی به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاند، له‌ ڕۆژی 19/5 نوسراوێكی ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌م مه‌رجانه‌ ڕازیبێت، ئه‌وا بڕی 400 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ده‌نێڕێت، ئه‌وه‌ بوو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر هه‌مان ڕۆژ به‌په‌له‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، كه "به‌ڵێ ڕه‌زامه‌ندم"، له ‌ماوه‌ی مانگێكدا وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غداد داوایكردووه‌ ڕێكه‌وتن ده‌كرێت. دواتر له‌ ڕۆژی 24/5 دا، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 1ی دابه‌شكردبوو. ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ دابه‌شكرابوو، و ئه‌و پاره‌یه‌ش هاتبوو بۆ مووچه‌یه‌كی تر، كه‌واته‌ ده‌بوو له‌و پاره‌یه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی 400 ملیار دیناره‌ به‌ نوسراوی فه‌رمی، و له‌و 400 ملیاره‌، ده‌بووایه‌ ده‌ستبكرایه‌ به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌. هه‌رێمی كوردستان كاتێك كه‌ پاره‌ی بۆ دێت له‌ به‌غداوه‌، له‌ هه‌موو ئه‌و پارانه‌ی كه‌ بۆی هاتووه‌، بڕی 12 ملیار ده‌بڕدرێت بۆ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان، مافی ئه‌و قه‌رز و هه‌ندێك ئاڵوگۆڕ كه‌ هه‌یه‌ له ‌كاتی تردا كه‌ ئه‌مه‌ ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ 388 ملیار دینار به‌ فه‌رمی گه‌یشتۆته‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌تا ئه‌م ساته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شینه‌كردووه‌."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " من پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبەر، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا باسم له‌وه‌ كرد، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیازه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌وه‌ به‌ قه‌رز، به‌ یانزه‌ سه‌رمایه‌دار، كه‌ به‌حسابی خۆی قه‌رزی لێكردوون، گوایه‌ قه‌رزی لێكردوون بۆ مووچه‌ی مانگی یه‌ك، له ‌كاتێكدا هیچ دۆكیومێنتێك نییه‌ بۆ ئه‌م قه‌رزه‌، کە‌ داویه‌تییه‌وه‌ به‌و چه‌ند سه‌رمایه‌داره‌."

" قه‌رزی ده‌ كه‌س یانزه‌ كه‌س، كه‌متر له‌ پانزه‌ ڕۆژدا ده‌ده‌نه‌وه،‌ له‌ كاتێكدا قه‌رزی چه‌ندین ساڵ و چه‌ندین مانگی 1ملیۆن و 256 هه‌زار كه‌سییان له‌لایه،‌ كه‌چی ئه‌وه‌ ناده‌نه‌وه ‌ "

سه‌باره‌ت به‌و ڕوونكردنه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دراوه‌ته‌وه‌ به‌ قه‌زری سه‌رمایه‌داره‌كان، د. ڕێبوار كه‌ریم ده‌ڵێت: " جارێ له‌ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌، پاره‌ی مووچه‌یه‌، پاره‌ی هیچ شتێكی تر نییه‌، به‌ڵام هه‌رێم به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت من ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ كردوومه‌، بۆ مووچه‌ كردوومه‌، باشه‌، یه‌كه‌م ئایا قه‌رز چۆن ده‌كرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاگادار بێت؟ نابێ حكومه‌ت دۆكیومێنتێكی ڕه‌سمی نیشانی خه‌ڵك بدات و بڵێت به‌م دۆكیومێنته‌ من قه‌رزم كردووه‌ و به‌م دۆكیومێنته‌ قه‌رزه‌كه‌م دایه‌وه‌؟ دووه‌م قه‌رزی ده‌ كه‌س، یانزه‌ كه‌س كه‌متر، له‌ پانزه‌ ڕۆژدا ده‌ته‌وێت بیده‌یته‌وه‌ له‌ كاتێكدا قه‌رزی چه‌ندین ساڵ و چه‌ندین مانگی 1ملیۆن و 256 هه‌زار كه‌ست له‌لایه،‌ كه‌چی ئه‌وه‌ ناده‌یته‌وه‌. واته‌ ئه‌مه‌ چ عه‌قڵێكه‌ كه‌ پێیوایه‌ قه‌رزدانه‌وه‌ی 10-11 كه‌س گرنگتره،‌ له‌ قه‌رزدانه‌وه‌ی 1 ملیۆن و 256 هه‌زار كه‌س. بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و شێوازه‌ نییه،‌ ئه‌مان نایانه‌وێت بچنه‌ ژێر باری ئه‌و مووچه‌یه‌ی كه‌ حه‌قی خه‌ڵكی كوردستانه‌."


ڕاشیگه‌یاند" نه‌خێر بڕوام به‌و ڕونكردنه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نیه،‌ كه ‌ده‌ڵێت داومانه‌ته‌وه‌ قه‌رزی كۆمپانیاكان، چونكه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری كۆمپانیای حیزبین، كۆمپانیای كه‌س-ین نه‌ك حیزبی، و پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رگیراوه‌ و دراوه‌ته‌وه‌ به‌و كۆمپانیایانه‌. ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ هاتووه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌ر جوڵه‌یه‌كی تر، هه‌ر یاریكردنێك به‌و پاره‌یه‌وه‌، یاریكردنه‌ به‌ ئاگر، و‌ به‌داخه‌وه‌م كه‌ پاڵپشتێك نیه‌ له‌ناو حكومه‌ته‌وه‌ بڵێت، ڕاسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ براوه،‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌ ئێمه‌ دڵنیاترن كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ خوراوه‌. "

"حكومه‌تی هه‌رێم نایه‌وێت به‌ 30 ڕۆژ جارێك مووچه‌ بدات به‌ فه‌رمانبه‌ران "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ جه‌ختده‌كاته‌وه ‌" نه‌خێر حكومه‌تی هه‌رێم نایه‌وێت به‌ 30 ڕۆژ جارێك مووچه‌ بدات، و‌ ئێستا ئیش له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌كات، خۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ ئه‌و به‌ڕه‌یه‌مان له‌ژێر پێیان ده‌رهێنا، چونكه‌ چه‌ند جارێك كۆبوونه‌وه‌یان كردبوو و دوایان خستبوو، تا بزانن له‌ به‌غداد بڕیارێك ده‌رده‌چێت له‌ په‌رله‌مان ڕێگه‌ بدات له‌ حكومه‌ته‌وه،‌ كه‌ مووچه‌ ببڕدرێت، ئێمه‌ دوێنی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و بڕیاره‌ماندا، كه‌ حكومه‌تی عێراقی بۆی نییه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببڕێت، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هێڵی سووره‌."

" هه‌رێم مولزه‌مه‌ ده‌ستكاری مووچه‌ نه‌كات "

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، د. ڕێبوار كه‌ریم وتی: " به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی داومانه‌ حكومه‌تی عێراقی بۆی هه‌یه‌ مووچه‌ی پله‌ی تایبه‌ت، پله‌ باڵاكان، كه‌ ئێمه‌ی تێداین ببڕێت، یان كه‌م بكاته‌وه‌ ئێمه‌ هیچ لاریمان نیه،‌ به‌ڵام ناكرێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری ئاسایی كه‌م بكرێته‌وه‌. له ‌ڕاستیدا ئه‌م بڕیاره‌ ئیلزامیه‌/ ناچارییه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك، كه‌ مووچه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆبێت. مووچه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ دێت، بۆیه‌ هه‌رێم مولزه‌مه‌ ده‌ستكاری مووچه‌ نه‌كات."

"بۆچوونێك هه‌یه‌ له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ ده‌ستی ده‌ستی یان خاو و خلیچكی بكه‌ن به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌غداد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بۆته‌وه‌ "

د.ڕێبوار ده‌شڵێت: " هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تا، كه‌ هاتووه‌ ڕازی بووه‌ هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی ته‌سلیمی به‌غداد بكات، و‌ هه‌موو داهاتی ته‌سلیمی به‌غدا بكات، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا به‌غداد پاره‌ی بداتێ بۆ مووچه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ نرخی نه‌وت تۆزێك جوڵا، هات وتی 250 هه‌زار به‌رمیل ده‌ده‌م به‌ به‌غداد، له‌گه‌ڵ نیوه‌ی داهات. ئێستا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ جۆرێك ڕێكه‌وتن كراوه‌ و گه‌یشتونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی كه‌ دێته‌وه،‌ هه‌فته‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه،‌ كه‌ له‌ 19/5 نوسراو كراوه‌ هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ڕێكه‌وتن بكرێت. ده‌بێت هه‌ردوولا بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێكی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، یه‌كه‌م ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ڕێكه‌وتن بكات له‌ به‌غداد. به‌داخه‌وه‌م ئاگادارم، بۆچوونێك هه‌یه‌ له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا، كه‌ ده‌ستی ده‌ستی یان خاو و خلیچكی بكه‌ن به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌غداد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌رز بۆته‌وه‌."

" ڕه‌نگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت به‌ قسه‌ی ئه‌و فه‌له‌كناسه‌ بڕوات و نه‌یه‌وێت ڕێكه‌وتن بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا‌ "

د. ڕێبوار كه‌ریم، هه‌ر له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندی، درێژه‌ی به ‌قسه‌كانیدا و ده‌ڵێت: " ته‌نانه‌ت ئێستا خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ نوكته،‌ كه‌ ده‌ڵێن فه‌لكناسێك وتویەتی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا نرخی نه‌وت ده‌بێت به‌ 70 دۆلار، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت به‌ قسه‌ی ئه‌و فه‌له‌كناسه‌ بڕوات و نه‌یه‌وێت ڕێكه‌وتن بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا‌. ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌، ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ناكرێت حكومه‌ت پلانێكی ستراتیجی نه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێم پار، كه‌ نه‌وتیش گران بووه‌، له‌ 2019 دا، نه‌یتوانیووه‌ به‌بێ به‌غدا مووچه‌ بدات، كه‌واته‌ هه‌رێم به‌بێ به‌غداد ناتوانێت مووچه‌ بدات، نرخی نه‌وت هه‌رچه‌ندێك بێت، بۆیه‌ ده‌بێت نه‌خه‌ڵه‌تێت به‌ قسه‌ی فه‌له‌كناس و هه‌ندێك كه‌سی تر، كه ‌له‌ناو حكومه‌تدان و پێیانوایه‌ ئه‌م نه‌وته‌ گران ده‌بێت. گرنگه‌ هه‌رێم پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، نه‌خه‌ڵه‌تێت به‌و قسانه‌، پێویسته‌ هه‌رێم بێت له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكه‌وتن بكات و‌ حه‌قی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ 30 ڕۆژ جارێكدا به‌بێ ده‌ستكاری بدات."

" هه‌ر ته‌گه‌ره‌یه‌كی به‌رده‌م ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسن "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا حكومه‌تی هه‌رێم په‌شیمان بۆته‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد؟ د. ڕێبوار كه‌ریم وتی: " نه‌خێر په‌شیمان نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام بۆچوونێك دروستبووه،‌ له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا، كه‌ ورده‌ ورده‌ نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌، و‌ ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا به‌رزبێته‌وه‌، وه‌كو ئه‌و فه‌له‌كناسه‌ ده‌فه‌رموێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ با ڕێکنه‌كه‌وین له‌گه‌ڵ به‌غداد و پشت به‌خۆمان ببه‌ستین."

چ لایه‌نێكی ناو حكومه‌ت ئه‌و بۆچوونه‌ی هه‌یه‌، كه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد نه‌كرێت، به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت؟ له‌وه‌ڵامدا د. ڕێبوار ڕایگه‌یاند " له‌ ڕاستیدا حكومه‌ت بریتی نیه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك وه‌زیر، هه‌ندێك جار بۆچوونی ناو حیزبه‌كانیشه‌، نایشارمه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ ڕوونی دیاره‌، به‌ڵام هه‌ر بڕیارێك له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ربچێت بۆ ڕێكه‌وتن یان ڕێکنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد بڕیاری هه‌موویانه‌، ئه‌وه‌ی حكومه‌تی پێكهێناوه‌، ئه‌و سێ هێزه‌، كه‌سیان ناتوانن بڵێن من ڕازای نیم له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتن. هه‌رسێكیان هاتبوون بۆ به‌غداد و ئێمه‌ له‌گه‌ڵییان دانیشتین، و‌ به‌ڕاستی له‌گه‌ڵ به‌غداد دا دانیشتوون و هه‌رسێكیان ڕازی بوون، كه‌ ڕێكه‌وتن بكرێت، ئێستاش هه‌ر ته‌گه‌ره‌یه‌كی بۆ دروست ببێت، هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ به‌رپرسن."

هه‌روه‌ها وتی" من پێم وایه‌ براده‌رانی پارتی دیموكرات زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ چاویان له‌وه‌ بێت خۆیان به‌ته‌نیا ئیشه‌كه‌ بكه‌ن ( نه‌وت بفرۆشن )به‌بێ به‌غداد، وه‌ به‌رده‌وامیش ده‌بن چونكه‌ كه‌متر له‌ نیوه‌ی نه‌وت ده‌درێت به‌ به‌غدا."

"ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكنه‌كه‌وێت، به‌غداد هیچ پاره‌یه‌ك نانێرێت بۆ هه‌رێم"

"من نایشارمه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتن بكرێت بۆ خه‌ڵكی كوردستان باشه‌. من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم هه‌وڵ بدرێت به‌غداد ڕێگه‌ له‌ ناردنی ئه‌م پاره‌یه‌ بگرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌ بێت لێپرسینه‌وه‌ بكات و بڵێت كوا پاره‌كان؟ كوا داهاته‌كانی تر؟ نه‌ك هه‌ر ئه‌م 400 ملیاره‌. كوا داهاتی تری ئه‌م وڵاته‌ له‌ نه‌وت و له‌ داهاتی ناوخۆ و له‌ گومرگ؟ بۆیه‌ به‌غدا له‌ قۆناغی داهاتودا دوای ڕێكه‌وتن لێپرسینه‌وه‌ ده‌كات و‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ش ده‌ستكراوه‌ی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پاره‌ دیار نه‌مێنێت، له‌ مه‌سه‌له‌ی شوێنی ئه‌و پارانه‌، و‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غداد ڕێكنه‌كه‌ون ئه‌وا به‌غداد هیچ پاره‌ نانێرێت.‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غداد بڕێك پاره‌ بدات، به‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆ مووچه‌ بێت له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌دات به‌ مووچه‌، به‌غدا ده‌یبڕێت." د. ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود واده‌ڵێت"

" 400ملیاره‌كه‌، خورا، تاڵانكرا "

له‌ ئێستادا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی فراوانییان، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌هاوڵاتییانه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌، له‌ژێر ناوی (#کوا_٤٠٠_ملیارەکە) .

د. ڕێبوار كه‌ریم، له ‌وه‌ڵامی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ده‌پرسن، ده‌ڵێت: " 400 ملیاره‌كه‌، خورا، تاڵانكرا، كه‌سیش نیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، له‌دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ، له ‌دامه‌زراوه‌ی "ته‌شریعی" هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، وه‌كو دامه‌زراوه‌ نه‌ك وه‌كو كه‌سه‌كان، كه‌س لێپرسینه‌وه‌ ناكات. دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه‌ لێپرسینه‌وه‌ بكات، هیچ ده‌زگایه‌ك نییه‌ بڵێت كوا 400 ملیاره‌كه‌؟ كه‌س نازانێت چۆن دیزه ‌به ‌ده‌رخۆنه‌ كرا، تاڵانكرا؟."

" به‌و هه‌موو پاره‌ زۆره‌وه‌، ده‌ڵێت قه‌رزارین "

هه‌روه‌ها د. ڕێبوار ئه‌وه‌شی وت: " له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ بیزانین ئه‌مه‌یه،‌ بۆخۆم هیچ باوه‌ڕم به ‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، هیچ متمانه‌یه‌كم پێیان نیه‌. پاره‌ی هه‌موو كوردستانییان له‌به‌ر ده‌ستدا بوو، ده‌یان و سه‌دان قه‌یرانییان دروستكرد، دوایی هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌و هه‌موو پاره‌ زۆره‌وه‌ ده‌ڵێت قه‌رزارین، پاره‌یه‌كی زۆر زۆریان له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ده‌هات به‌و پاره‌ زۆره‌وه‌ هاتووه‌ ده‌ڵێت قه‌رزارن و شكستیان خوارد. ئابوری سه‌ربه‌خۆ و ئابوری له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌مووی شكستی خوارد."

" پڕۆژه‌مان هه‌یه،‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌غداد"

له‌ به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، د. ڕێبوار كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد " به‌رنامه‌مان ئەوەیە‌ و‌ هه‌وڵیشمان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم ئه‌وه‌یه‌، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ دوای پاككردنه‌وه‌ی لیست بخرێته‌ سه‌ر به‌غداد. ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك لێمان ده‌كه‌ن به‌رده‌وام، كه‌ ئێوه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ر چییه‌؟ له‌ڕاستیدا ئێمه‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانیین، ورده‌ ورده‌ ده‌مانه‌ویست خه‌ڵك بڕوا بكات، كه‌ ئه‌مانه‌ تاڵانی داهات و مووچه‌ و پاره‌ی ناوخۆ و پاره‌ی به‌غداد هه‌موویان كردووه‌، ئه‌وه‌ باشترین به‌ڵگه‌ 400 ملیاره‌كه‌یه‌."

" هه‌موو فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێم له ‌به‌غداده‌وه‌ حسابی بانكی بۆ بكه‌ینه‌وه‌، و‌ له‌وێوه‌ پاره‌كه‌ی بۆ بێته‌ سه‌ر حسابی بانكی خۆی "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ داوای كرد هه‌مووان هاوكاری بن، تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بخرێته‌سه‌ر به‌غداد له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت: " داوا ده‌كه‌م له‌سه‌رجه‌م فراكسێونه‌كانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌ ئازا و سه‌ربه‌خۆكان و به‌ هه‌وڵی جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار، و‌ ئه‌و وه‌زیره‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌ به‌غدادن، داوا ده‌كه‌م هه‌ر هه‌موومان پێكه‌وه‌ قۆناغی داهاتوومان، قۆناغی ئه‌وه‌ نه‌بێت ئیتر پاره‌ هات هه‌رێم دای به‌ مووچه‌، بردی، تاڵانی كرد وه‌كو سه‌رچاوه‌كانی تر، ئیتر كاتی ئه‌مه‌ نه‌ما. كاتی ئه‌وه‌یه‌ بڕۆین بۆ چاره‌سه‌ر. چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌غداد دوای پاككردنه‌وه‌ی لیسته‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌رێم خۆی لیستی پاككرده‌وه ‌باشه‌، پاكی نه‌كرده‌وه‌، له‌ به‌غدادەوه‌ پاكی ده‌كه‌ینه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێم له‌ به‌غداده‌وه‌ حسابی بانكی بۆ بكه‌ینه‌وه‌، و‌ له‌وێوه‌ پاره‌كه‌ی بۆ بێته‌ سه‌ر حسابی بانكی خۆی ئیتر هیچ ڕێگه‌یه‌كی تر نیه‌."

وتیشی" هیچ متمانه‌تان به‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت. له‌ نزیكترین چوونه‌وه‌مان بۆ به‌غداد، ئێمه‌ به‌ڕه‌سمی ئه‌م داوایه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، وه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ هیچ جۆره‌ متمانه‌یه‌ك به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت به‌تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌دا. تكاده‌كه‌م هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتمان بن، هێزه‌ سیاسییه‌كان پاڵپشتمان بن. ده‌بێت مووچه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌غداد، و‌ له‌ به‌غداوه‌ هه‌موو كه‌سێك حسابێكی بانكی بۆ بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌ بگاته‌ هه‌ندێك ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، به ‌ته‌واوه‌تی تاڵانی ده‌كه‌ن. بۆیه‌ ده‌بێت به‌زووترین كات ڕێگه‌ بگرین له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ بگاته‌ ئه‌وان. چۆن له‌ به‌غداد ڕاسته‌وخۆ له‌ حكومه‌ته‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر حیسابی فه‌رمانبه‌ران، ئاوهاش له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر حسابی بانكی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌ش خیانه‌ت نییه‌، كه‌س به‌ خیانه‌ت نه‌یخوێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ پاره‌ی مووچه‌یه،‌ بۆچی ده‌چن له‌ به‌غداد داوای پاره‌ ده‌كه‌ن بۆ مووچه‌. ئێ باشه‌ به‌غدا خۆی ده‌یدات خۆ حكومه‌تی هه‌رێم دائیره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ نیه،‌ خۆی بۆ ده‌چێت له‌ به‌غداد ده‌پاڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زیر و بۆ به‌ڕێوبه‌ری گشتی و بۆ چایچی به‌ خیانه‌تی نازانیت، به‌ڵام نابێت به‌ خیانه‌تی بزانیت كه‌ من شه‌ڕ بكه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بچێته‌ به‌غداد و له‌ به‌غداد ڕاسته‌خۆ بچێته‌ سه‌ر حسابی فه‌رمانبه‌ر."

د.ڕێبوار كه‌ریم ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك شك نابه‌م كه‌ بڵێم به‌م گه‌ره‌نتیه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ له‌به‌غدادوه‌ بێت، ده‌چێته‌ ده‌ستێكی ئه‌مین."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێم لەم بارەیەوە وەربگرێت، بۆیە پەیوەندی کرد بە جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت، ئەویش لە وەڵامدا گوتی" وەڵامی ئەم جۆرە بابەتانە نادەم، چونکە ئەگەر هەر بەڕێزێک شتێکی وت دەبێ هەر خەریکی وەڵامدانەوە ئەم و ئەو بین. سیاسەتی حکومەت هەر دوو حەفتە جارێک ڕادەکەینین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:35 0:00


XS
SM
MD
LG