Accessibility links

حەشدی شەعبی لەبەردەم پلانی هەڵوەشاندنەوە و هەوڵی مانەوەدا


ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان حکومەتی نوێی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامیان هەیە، دەستبردنی حکومەتی عێراقیش بۆ دۆسیە پەیوەندیدارەکان بەو هێزە، بە زەحمەت دەزانرێت.

لەپاڵ خواستی شەقام دا، ئیرادەیەکی عێراقی و نێودەوڵەتیش بۆهەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و تێکەڵ کردنیان بەهێزە عێراقیەکان دروستبووە، بەڵام پێناچێت هێزە شیعیەکان بە ئاسانی مل بۆ ئەم خواستە بدەن.

ئەمین بەکر ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت" ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ تێکەڵ کردنی حەشد بەسوپای عێراق، ئەم ئیرادەیە لە ململانێدایە لەگەڵ ئەو ئیرادەیەی کە خواستی مانەوەی هێزەکانی حەشدی بەسەربەخۆیی هەیە."

دروستکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، کاتێک داعش بەشێکی زۆر لەناوچەکانی عێراقی کۆنترۆڵکرد، ئەوکات ئەم هێزە لەسەر فەتوای مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا.

هەرچەندە هێزەکانی حەشدی شەعبی، هێزی نا ڕێکخراون و دابەش بوون بەسەر لایەنە سیاسیە شیعیەکان دا، بەڵام لەپەرلەمانی عێراق بەیاسا وەکو هێزێکی فەرمی دانیان پێدا نراوە.

دەستبردن بۆ دۆسیەی حەشدی شەعبی پێویستی بە هەمواری یاسای حەشد هەیە، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق شیعەن و ئەمە ڕەتدەکەنەوە، بۆیە زۆرێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەم دۆسیە پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و لایەنە شیعیەکان هەیە.

لەحاڵەتی ڕازی نەبوونی هێزە شیعیەکاندا بە تێکەڵ کردنی حەشد لەگەڵ سوپا، ئیرادەیەکی لاواز هەیە بۆ بڕینی بودجە و موچەی ئەو هێزانە یاخود ناچارکردنی حیزبە سیاسیەکان بۆ دەست بەرداربوون لە هێزەکانیان، بەڵام ئەم ئیرادەیە بەراورد بە پاڵپشتیکارانی حەشد لاوازە.

نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وڵاتانی کەنداو، ئەوانەی داعشیان دروستکرد، لەحەشدی شەعبی دەترسن، بۆیە هەوڵی تێکەڵ کردنی لەگەڵ سوپای عێراق دەدەن."

لە دوا ساتەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دا، بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لەژێر کاریگەری عەلی سستانی دا بوون، چوونە نێو سوپای عێراقەوە، بەڵام زۆرێک لەو هێزانەی لە ئێرانەوە نزیکن، چوونە نێو سوپا ڕەتدەکەنەوە.

هێزەکانی حەشدی شەعبی بەسەر چەندین گروپ دا دابەش بوون، هەر گروپە و سەربە لایەنێکی شیعین، ئەو لایەنانە مانەوە و بەهێزی پێگەیان، بەبوونی ئەو هێزانەوە دەبینن.

تێکەڵ کردنی حەشدی شەعبی بە هێزە عێراقیەکان، تا بڕیار لە حکومەتی عێراق وەربگرن، خواستی هێزە نێودەوڵەتیەکانیشە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە حکومەتی عێراقیش لاوازە و ناتوانێت ئەم خواستە جێبەجێ بکات.

بەشێکی زۆر لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی عێراق پەیوەندیان بەهێزەکانی حەشدەوە هەبوو، بەتایبەت پەلاماردانی بارەگای هێزە نێودەوڵەتیەکان، بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق.

نەجات حسێن، ڕوونیکردەوە حەشد و سوپا تێکەڵ ناکرێن، عێراق باشترە دوو هێزی هەبێت، هەماهەنگی یەکتر بن، وتی"90%ی حەشد فەرمان لە سەرۆک وەزیران وەردەگرن، تەنها 10% مل نادەن."

پاساوی لایەنە شیعیەکان بۆ مانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لاوازی سوپای عێراق و بوونی مەترسیە لەسەر وڵات، بەتایبەت سوپا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا شکستی هێنا و حەشد بەڕۆڵی ئەو هێزە هەستا.

کاتێک لە ساڵی 2014 داعش بەشێک لە عێراقی کۆنترۆڵکرد، عێراق خاوەنی دەیان هەزار سەربازی پڕچەک بوو، بەڵام لاوازی ئەو هێزە وایکرد، داعش لەماوەی چەند ڕۆژێکدا پێشڕەوی بکات و دەست بگرێت بەسەر چەکەکانی ئەو هێزەشدا.

هێزەکانی حەشدی شەعبی بەگەورەترین لەمپەری بەردەم حکومەتی عێراق دادەنرێن، بەو پێیەی بودجەیەکی زۆریان بۆ دەڕوات و حکومەتیش باڵادەست نیە بەسەریان دا، هەروەک بە لەمپەری بەردەم پرۆسەی چاکسازیش لێیان دەڕوانرێت.

فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری عێراق، دەڵێت"ژمارەی چەکدارانی فیعلی حەشدی شەعبی 48 هەزار چەکدارن، لەکاتێکدا بەرپرسانی حەشد مانگانە موچەی 130 هەزار چەکدار وەردەگرن."

لەپاڵ بوونی خواستی نێودەوڵەتیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشد، ئێران وەکو وڵاتێکی دراوسێ و خاوەن پێگە لە عێراق دا، پاڵپشتی مانەوەی ئەو هێزانە دەکات، دژی هەر هەنگاوێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بنرێت.

بەشێک لەبەرپرسانی عێراق، پێیانوایە لە حاڵەتی دروستبوونی ڕێککەوتنیشدا بۆ تێکەڵ کردنی هێزەکانی حەشد لەگەڵ سوپا، پلانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەستگرتن دەبێت بەسەر سوپاشدا، لەڕێگەی ئەو هێزانەوە.

ئەمین بەکر ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە حەشدی شەعبی بووەتە ئەمری واقیع، هێزە شیعیەکان دەیانەوێ بەسەربەخۆیی بمێنێتەوە، وتی"حەشد شەڕی داعشی کردووە، بۆیە فەزڵی بەسەر سوپاوەیە، گەر سوپا بەهێزکرا، ئەوکات هێزەکان ناچار دەبن، بە تێکەڵ کردنی حەشد ڕازی بن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:33 0:00


XS
SM
MD
LG