لایەنە سیاسیـیەکانی عێراق لە پاش چەندین مانگ لە مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر پـێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، بۆ دواجار توانیان حکومەتێک پەسەند بکەن.
درەنگانێکی شەوی چوارشەممە بە کاتی عێراق دانیشتنەکەی پەرلەمان دەستیپـێکرد و سەرەتا مستەفا کازمی کارنامەی حکومەتەکەی خوێندەوە. پاشان دەنگدان لەسەر کاندیدەکانی بۆ پـۆستی وەزیری وەزارەتەکان دەستیپـیکرد.
پەرلەمانتاران 15 کاندیدیان پەسەندکرد، بەڵام پـێنجیان ڕەتکردەوە کە کاندیدی وەزارەتەکانی داد و بازرگانی، کشتوکاڵ، کۆچ و کۆچبەران، ڕۆشنبیری بوون . هیچ کاندیدێک بۆ هەردوو وەزارەتی دەرەوە و نەوت ڕانەگەیەندرا و دەنگدان بۆیان دواخرا.
مستەفا کازمی پاش پەسەندکردنی حکومەتەکەی لەسەر تویتەرەکەی نووسی:
جێی وەبیرهێنانەوەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری پـێشوو لە کۆتایی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕەوانەی پەرلەمان کرد و پەرلەمانتاران بە کۆی دەنگ کە 240 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، دەست لەکارکێشانەوەکەیان پەسەندکرد.
دەست لەکارکێشانەوەکەی عەبدولمەهدی پاش ئەوە هات کە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی گەورە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەکەی گرتەوە لە ئەنجامی بەرزی ڕێژەی بێکاری و خراپی خزمەتگوزاریـیەکان. خۆپـیشاندانەکان توندوتیژیيان لێکەوتەوە و زیاتر لە 500 کەس کوژران کە زۆربەیان لە خۆپـیشاندەران بوون و بە هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.
مستەفا کازمی تەمەن 53 ساڵ، بەڵێنی داوە هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان و ئارامی و دادپەروەری لە وڵاتەکەیدا بهێنێتە دی و هەروەها بەپـێی دەستور کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەربکرێن، وە بەر لە دانیشتنەکە لەسەر تویتەرەکەی بە هەرسێ زمانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی نووسی:
لیستی وەزیرەکانی لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی پەسەندکران:
نەبیل عەبدولساحب، وەزیری خوێندنی باڵا.
جومعە عناد، وەزیری بەرگری.
عوسمان ئەلغانمی، وەزیری ناوخۆ.
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی.
خالد نەجم بەتال، وەزیری پـلاندانان.
نازنین محەمەد، وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە.
حەسەن محەمەد عەباس، وەزیری تەندروستی.
ماجد مەهدی عەلی، وەزیری کارەبا.
ناسر حسین بەندەر، وەزیری گواستنەوە.
عەدنان درجال، وەزیری لاوان و وەرزش.
مەنهەل عەزیز، وەزیری پـیشەسازی و کانزایـیەکان.
ئەرکان شهاب وەزیری گەیاندن.
عادل حاشوش، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
مەهدی ڕەشید، وەزیری سەرچاوە ئاویـیەکان.
عەلی حەمید، وەزیری پەروەردە.