Accessibility links

د.غالب باس له‌كاریگه‌ری دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌سه‌ر داهات و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق و هه‌رێم ده‌كات


.غالب محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی گؤران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

د.غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق باس له‌كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌كات له‌سه‌ر داهات و موچه‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

"نه‌وت هه‌تا 30 دۆلاریش بێت، حكومه‌تی عێراق ده‌توانێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بدات."

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.غالب ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" بودجه‌ی 2019 ی عێراق 135 تریلیۆن دینار بووه‌، 93 تریلیۆن دینار داهاته‌كه‌ی له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت بووه‌، عیراق ڕۆژانه‌ 3 ملیۆن و 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت وه‌ 1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ناوخۆدا ده‌پاڵێورێت بۆ موشته‌قاتی نه‌وتی، ئه‌گه‌ر 1 دۆلار نرخی نه‌وت داببه‌زێت، عێراق ساڵانه‌ 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیان ده‌كات وه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."


وتیشی" هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌ی له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وته‌ جا چ داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ پاره‌كه‌ی بۆ دێت یان ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ خۆی ده‌یفرۆشێت، هه‌رێمی كوردستان نرخی نه‌وت زۆر به‌ كه‌متر ده‌فرۆشێت وه‌كو خۆیان باسی ده‌كه‌ن 7 بۆ 8 دۆلار كه‌متر له‌ عێراق ده‌یفرۆشێت، نه‌وت هه‌تا 30 دۆلاریش بێت، حكومه‌تی عێراق ده‌توانێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بدات."


د. غالب محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت" دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌دوا بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆناوه‌ له‌ناو بازاڕه‌كانی جیهان له‌ عێراق دا بۆ ئه‌م دوو مانگه‌ كاریگه‌ری زۆر نابێت له‌سه‌ر داهات و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق پێش وه‌خت به‌و نرخانه‌ فرۆشتوویه‌تی كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ هه‌بووه‌، عێراق 2-3 دۆلار كه‌متر له‌ نه‌وتی برنت ده‌فرۆشێت، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نه‌وت كه‌متر له‌ عێراق ده‌فرۆشێت، بازاڕی تایبه‌تی خۆی نیه‌ و به‌ناشه‌رعی نه‌وت ده‌فرۆشێت ده‌توانم بڵێم هه‌رێم زیاتر زیان ده‌كات."

به‌بڕوای د.غالب "چاره‌سه‌ر بۆ هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌كو 2014 بیر نه‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆیی بفرۆشێت به‌ڵكو باشتر وایه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ڕێكه‌وتن بكات چونكه‌ عێراق زۆر دۆخی باشتره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و كات هه‌رێم كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بۆ دروست نابێت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ عێراقه‌وه‌ پاره‌كه‌ دێت تا بودجه‌ .2020 "

"عیراق پاره‌ی یه‌ده‌گی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رێم نیه‌تی "

د.غالب ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" به‌ڵام به‌ ڕاشكاوانه‌ بیڵێم ئه‌گه‌ر له‌ بودجه‌ی 2020 ڕێكه‌وتن نه‌كرێت له‌ نێوان هه‌رێم و عێراقدا، ئه‌وا ئه‌و كاته‌ به‌ زیانی هه‌رێم ده‌شكێته‌وه‌ . عێراق ئه‌گه‌ر نه‌وتیش به‌ كه‌متر بفرۆشێت ده‌توانێت ده‌ست ببات بۆ یه‌ده‌گی خۆی كه‌ 69 ملیار دۆلار یه‌ده‌گی بانكی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان هیچ یه‌ده‌گی بانكی نیه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان دووربین نیین وه‌ بیر ناكه‌نه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌رێم بن ته‌نها بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ چۆن پاره‌یان ده‌ست بكه‌وێت بۆ كۆمپانیاكانیان، وه‌ به‌ناوی ڕێگاو بان قه‌رز و چه‌ندین ناوی وه‌همی تره‌وه‌ خه‌رجی ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێم ، به‌ڵام به‌غداد ئه‌و شته‌ وه‌همیانه‌ی نیه‌، وه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم بیر له‌هه‌رێم ناكه‌نه‌وه‌ به‌ڵكو زیاتر بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن پاره‌ بۆ كۆمپانیاكان په‌یدا بكه‌ن."


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق باس له‌وه‌ش ده‌كات له‌م دۆخه‌دا كه‌نرخی نه‌وت دابه‌زیووه‌ له‌مه‌ودوا هه‌وڵ ده‌دات كه‌ خه‌رجیه‌كانی خۆی كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌ به‌تایبه‌تی مه‌سروفاتی پرۆژه‌ نه‌هێڵێت و خه‌رجیه‌كانی دائیره‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌ست ببات بۆ مووچه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكان له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره‌كان، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌وڵ بدات ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ك له‌ عێراقه‌وه‌ بێ بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر زیاتر بێت له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ به‌فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ی ئێستا هه‌یه‌تی."

"ڕاست و دروستیه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵی گشتی كاك نه‌وشیروانین لای من گرنگ نیه‌ گۆڕان له‌من ڕازی بێت یان نا، ئه‌گه‌ر ده‌ریشیان كردم، كورسیه‌كه‌یان ئه‌ده‌مه‌وه‌ "


له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌كاتێكدا ئه‌م ڕه‌خنانه‌ده‌گریت له‌حكومه‌تی هه‌رێم حیزبه‌كه‌شت(بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) به‌شداره‌ له‌حكومه‌تدا، د.غالب محه‌مه‌د له‌وڵامدا وتی" من نازانم پارتی چی به‌گۆڕان وتووه‌ وه‌ تا ئێستاش هیچ به‌رپرسێكی گۆڕان تێلیفۆنی بۆ من نه‌كردووه‌ له‌ڕاستیشدا ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رپرسێكی گۆڕان ته‌له‌فون بۆ من بكات ئێمه‌ بێ ده‌نگ نابین. ڕاست و دروستیه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵی گشتی كاك نه‌وشیروانین لای من گرنگ نیه‌ گۆڕان له‌من ڕازی بێت یان نا، ئه‌گه‌ر ده‌ریشیان كردم، كورسیه‌كه‌یان ده‌ده‌مه‌وه‌ و ئه‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆم به‌ سه‌ربه‌رزانه‌."

د.غالب ده‌شڵێت"من هه‌تا ماوم دژی هه‌موو گه‌نده‌ڵكارێكم له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هه‌ركه‌سێ ڕێ خۆشكه‌ره‌ بۆ گه‌نده‌ڵی ، ئێمه‌ ده‌بێت بوه‌ستینه‌وه‌ به‌رامبه‌ری، گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ دروست بووه‌ گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌ چوار وه‌زاره‌ت یا دوو وه‌زاره‌تی هه‌بێت و ئه‌وانه‌ كاتی خۆی كه‌ زیاتر له‌ پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌نگی دا به‌گۆڕان له‌به‌ر كاك نه‌وشیروان بوو ده‌بوو ئه‌و براده‌رانه‌ش ئێستا له‌سه‌ر ڕێبازی كاك نه‌وشیروان بونایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕۆیشتنه‌ حوكمه‌ت . من به‌ڕاشكاوی ووتومه‌ من وه‌كو خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووم بچینه‌ حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌شم چه‌ندجار له‌كۆبونه‌وه‌كانمان باس كردووه‌ . ئه‌گه‌ر ئیشی باشیان كرد، ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر خراپیشیان كرد، ئه‌وا قسه‌مان ئه‌بێت له‌سه‌ریان و پێشتریش قسه‌م له‌سه‌ر وه‌زیری دارایی خۆمان و پارێزگاری سلێمانی هه‌بووه‌ و ڕه‌خنه‌م لێگرتوون، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش شتی خراپیان له‌من بینی با قسه‌م له‌سه‌ر بكه‌ن و قبوڵی نه‌كه‌ن به‌ڵام هه‌ركه‌س بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێ بۆ قسه‌ به‌ پارتی یا یه‌كێتی ده‌كه‌یت ئه‌وكات كورسیه‌كه‌یان بۆ به‌جێ ده‌هێڵم هیچ گرنگ نیه‌ به‌لامه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لامه‌وه‌ به‌ڵێن دانه‌ به‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ به‌رگرییان لێبكه‌م ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:24 0:00


XS
SM
MD
LG