Accessibility links

ئاڵۆزیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و حەشدی شەعبی


دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئاڵۆزیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، شەوی رابردوو، جارێکی تر ئاڵۆزی سەری‌هەڵدایەوە و هێرشیانکردەوە سەر یەکتری.

سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و هێزە شیعیەکان لە عێراق، دەبەسترێتەوە بە مەسەلەی پـێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە، بەوەی هێزەکانی حەشد ترسیان لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەیان هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگەی" دروستکردنی ئاڵۆزیـیەوە" بەر بەو هەوڵانە بگرن.

نەجات حسێن سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، ئاماژەی بەوەکرد پێشتر پەیوەندیەکانی نێوان حەشد و ئەمەریکا بەهێز بووە و پێکەوە شەڕی داعشیان کردووە، بەڵام وەکئەو دەڵێت"بەداخەوە! ئەمەریکا بە هاندانی سعودیە دوژمنایەتی لەگەڵ حەشد دەستپێکردووە."

دەشڵێت"هێرشەکانی حەشد کاردانەوەیە بۆ هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمەریکا بۆ سەریان، گەر سنورێک بۆ ئەم ئاڵۆزیانە دانەنرێت، دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت."

شەوی رابردوو، هێرشی موشەکی کرایە سەر بنکەی سەربازی تاجی لەبەغدا و بەو هۆیەوە سێ سەربازی هاوپەیمانان کوژران و چەند سەربازێکی تریش برینداربوون.

لەبەرامبەردا، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بنکە سەربازیەکانی حەشدی شەعبی لەناوچەی بوکەمال ی نێوان سوریا و عێراق، بەپێی وتەی بەرپرسانی حەشد، 26 چەکداریان لێکوژراوە و ژمارەیەکی تریشیان لێ برینداربووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کەداوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"حەشد گومان دەکات ئەمەریکا هەوڵی تەسفیەکردنیان بدات لەعێراق دا، بەو پێیەی دۆخی ئێرانی پشتگیریکاریان خراپە، بۆیە ئاڵۆزی دروست دەکەن و شەڕی مانەوە دەکەن."

وتیشی"سونەکان و بەشێک لەلایەنە شیعیەکانیش کەنفوزیان لەنێو حەشدی شەعبی دا بەهێز نیە، لەگەڵ لاوازکردنی ڕۆڵی حەشددان لەدوای پێکهێنانی حکومەت، بەڵام حەشد دژی ئەمەیە."

لای خۆیەوە محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزیەکانی نێوان حەشد و ئەمەریکاییەکان، دەگەڕێنێتەوە بۆ ململانێی نێوان ئێران/ئەمەریکا، دەڵێت"چەکدارەکانی حەشد دەیانەوێ پەیامی ئەوە بگەیەنن، کە عێراق ناوچەیەکی سەقامگیر نیە بۆ ئەمەریکاییەکان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:11 0:00


XS
SM
MD
LG