Accessibility links

پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لەوەی دانیشتنێک ئەنجام بدات بۆ دەنگدان لەسەر حکومەتی عەللاوی


پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لەوەی ڕۆژی پـێنجشەممە دەنگ بدات لەسەر کابینەی حکومەتی پـێشنیارکراو لەلایەن محەمەد عەلـلاوی، دەڵێن بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی عێراق ڕایگەیاند دانیشتنەکە دواخرا بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پـێویست لە پەرلەمانتاران.

بەپـێی هەواڵەکان پارتە سوونی و کوردیـیەکان هێشتا لەگەڵ عەلـلاوی ڕێنەکەوتوون لەسەر کابینەی نوێی حکومەت.

عەلـلاوی کە لە ئێستادا دەڵێت هیچ حزبێکی سیاسی لە پشتەوەی نیـیە، کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی داوە کە حکومەتەکەی ئەنجامی بدات ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، لەوانە سزادانی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی خۆپـیشاندەران، چاکسازی لە دامودەزگاکانی حکومەت، باشکردنی خزمەتگوزاریـیەکان، کەمکردنەوەی هەژمونی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت.

لەوەتای مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە خۆپـیشاندانی گەورە بەغدای پایتەخت و شارەکانی باشوری وڵاتەکەی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا نزیکەی 500 کەس کوژراون کە زۆربەیان لە خۆپـیشاندەرانن.

XS
SM
MD
LG