Accessibility links

میرانی: ئه‌گه‌ر عه‌للاوی كاندیدی هه‌رێم قبوڵ نه‌كات ئێمه‌ش ئه‌ومان قبوڵ نیه‌


Fazil Mirani

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە مەرج و داواکاری کورد دەکات بۆ بەشداری کردن لە کابینەی نویی حکومەتی عیراقی و بژاردەکانی بەردەم کورد، هەروەها دەشڵێت ئەم بۆچونانە بۆچونی کوردستانیە کە لەکۆبونەوەی هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەسەرۆکایەتی هەرێم خستمانەڕوو. "

"نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵكو لای ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی ڕازی نیین."

میرانی لەسەرەتای وتووێژەکەدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگەیاند" من وه‌ك پارتیه‌ك قسه‌ ناكه‌م به‌ڵكو وه‌كو كوردستانیه‌ك قسه‌ ده‌كه‌م. عه‌لاوی وا ده‌زانێت له‌ مه‌ریخه‌وه‌ هاتووه‌، نازانێت " ئه‌صله‌ن " عێراق وڵاتێكه‌ له‌ساڵی 1958 وه‌ له‌سه‌ر سێ كوچكه‌كه‌ی سونه‌ و شیعه‌ و كورد دروست بووه‌ كه‌ عبدالكریم قاسم هاتووه‌ سه‌ر حوكم، محەمەد نەجیب ڕوبەیعی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ، سونی بووه‌، محەمەد مه‌هدی كوبه‌ شیعه‌ بوو، خالید بن نەقشه‌به‌ندی كورد بووه‌. ئه‌م هه‌موو حیزبانه‌ خه‌باتیان كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی كورد شۆڕشمان كردووه‌، دنیایه‌ك " شه‌هیدمان " داوه‌، ئه‌كرێ ئه‌مڕۆ حه‌قی ئه‌وه‌مان نه‌بێ وه‌كو كیانێكی فیدڕاڵی ‌ كاندیدی خۆمان دابنێین كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان بكات له‌ عێراق؟!" له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌تكراوه‌یه‌ لای نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵكو لای ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی ڕازی نیین، هه‌ندێكیان بێ ده‌نگن، هه‌ندێكیان قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌وانه‌یه‌ ڕازی بن. به‌ڵام له‌ڕاستیدا،ئه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان بۆ قبوڵ نه‌كات له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ش ئه‌ومان(عەلاوی)" قبوڵ نی یه."

" ئه‌مه‌ی عەللاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌" ‌

سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد بەشداری حکومەتی عیراقی نەکات چی دەکات؟ فازڵ میرانی دەڵێت" زۆر شت ده‌توانین بكه‌ین ، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ كورد بێ ده‌سه‌ڵات بێت هه‌تا ئێستا چوار کودەتای سەربازی لەعیراقدا كراوه‌ ،ئه‌مه‌ی عەلاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌، به‌ڵام به‌رگێكی سیاسی له‌به‌ر كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌رمه‌نه‌وه‌ چیتر ڕازی نیین حوكمێكی شمولی جا قەومی بێ یان تائیفی بێ هه‌رچیه‌ك بێت قبوڵ بكرێت، گەلی عێراق چیتر ناچێته‌به‌ر حوكمێكی شمولی ئه‌مه‌مان قبوڵ نیە.

میرانی ئاماژەی بەوەکرد" له‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزەبینایەکان و هێزەکانی ئەمریکا ته‌نها ده‌نگی شیعه‌ بوو، كوردو سوننه‌و پێكهاته‌كانی تر به‌شدار نه‌بوون بەڵام ئەوەتا بڕیارەکە جێ بەجێ نەکرا حکومەتی بەتەنها شیعەش هەروای لێدێت."

" ده‌توانین له‌م حكومه‌ته‌ به‌شدار نه‌بین بەڵام چەند داواکارییەکی لێبکەین"

هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کورد دەتوانێت چی بکات ئەگەر بەشداری حکومەتی نوێی عیراقی نەکرد بژاردەکانی بەردەمی چی-ن؟ فازڵ میرانی دەڵێت" ده‌توانین له‌م حكومه‌ته‌ به‌شدار نه‌بین، به‌ڵام ئێمه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌ختەی لێ ده‌كه‌ین، ڕوبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانیان كوشتووه‌ بیگرن و بیده‌ن به‌دادگا، "دنیایەیەک"‌ بەڵێنی له‌سه‌رخۆی داناوه‌، لەلایەکی ترەوە مومكین نیه‌ له‌م وڵاته‌ حوكمی یه‌ك قه‌ومی یه‌ك تایفی به‌ڕێوه‌ بچێت لەعیراق.كورد میلله‌تی دووه‌مه‌ له‌ عێراقدا، ئێمه‌ فیدڕاڵییه‌كی ده‌ستوریمان هه‌یه‌، هەروەها سوننه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی یه‌، توركمان و ئاشوری پێكهێنه‌رێكن ناكرێ حوكمه‌ت سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڕێوه‌بچێت به‌بێ ئه‌م پێكهاتانە." ‌

" بژارده‌كانی به‌رده‌م كورد "

میرانی ڕونیکردەوە" بژاردەکانی به‌رده‌م كورد یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین. دووه‌میان ، وه‌كو عێراقی ئێمه‌ به‌شداری له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌كه‌ین داوای ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عیراق دەکەین ، ئه‌م حوكمه‌ته‌ 2003 وه‌ هیچی نه‌كردووه‌ به‌سه‌دان ملیار دۆلاری عێراق سه‌رف بووە." عه‌لاوی خۆی كاندیدی دوو حیزبه‌ و ده‌ڵێ نوێنه‌ری حیزبه‌كان قبوڵ ناكه‌م. خۆی كاندیدی لیستی فه‌تح و سائیرونه‌. ئێمه‌ كاندیدی خۆمان به‌ناوی كاندیدانی هه‌رێمی كوردستان پێش كه‌ش ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌رێمیكین فیدڕاڵیین، ئێمه‌ حیزبێك نیین له‌به‌غداد دانیشتبیین. یه‌كه‌م ئێمه‌ میلله‌تێكین نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مین له‌عێراق. دووه‌م ئێمه‌ فیدڕاڵیه‌كی ده‌ستوریین ، ئه‌وه‌ی حیسابمان بۆ نه‌كات، ئێمه‌ش نه‌ هاوكاری ده‌بیین و نه‌ حسابی بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ نابیینه‌ ئۆپۆزیسییۆن، چونكه‌ ئێمه‌ شه‌ریكی ئه‌م وڵاته‌ین، به‌شێكین له‌ عێراق و ئێمه‌ فیدڕاڵیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ حیزبێك نیین به‌ڵكو ئێمه‌ كیانێكی ده‌ستوریین و ئێمه‌ میلله‌تێكیین. كورد یه‌ك ده‌سته‌ و یه‌ك ڕایه‌ هه‌م ئه‌و وه‌فده‌ی چووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕاوه‌ و وه‌زعی عێراق گۆڕاوه‌ هه‌م جوگرافی و هه‌م سیاسی. ئێمه‌ دوا بڕیارمان نه‌داوه‌ به‌ڵام یه‌ك هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌ستوری خۆی ده‌وێ. دووه‌م ئه‌و شێوه‌ی عه‌لاوی ده‌ستی پێ كردووه‌ نه‌ك هه‌رێم به‌ سونه‌ و شیعه‌ و كورده‌وه‌ پێ ی ڕازی نیین.له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ ناتوانیین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ بگونجێین.عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌من و ئیستقرار هه‌بێ. "

" وه‌فدێكی نوێ ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ به‌غداد "

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد " ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان وه‌فدێكی تازه‌ ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ به‌غداد وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پێكهێنه‌رانه‌ی تری عێراق قسه‌ بكه‌نه‌وه‌. سێیه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها لایه‌نه‌ بتوانێ كاندیده‌كانی خۆی ده‌ست نیشان بكاته‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت."

" نابینه‌ ئۆپۆزسیۆن ، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌جیاتی ئێمه‌ دای بنێین، ئه‌وانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن "

میرانی ڕەتیکردەوە کورد ببيتە ئۆپۆزسیۆن لەکابینەی نوێی حکومەتی عیراقی و وتی" ئێمه‌ مافی ده‌ستوریمان هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئێمه‌ نابیینه‌ ئۆپۆزیسییۆن، مامەڵە جیاوازی هەیە لەگەڵ دانپێدانان، دەبێت ئه‌م پرسیاره‌ له‌ عێراق بكه‌ین ئایا هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان عێراقیین یان نا؟ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌جیاتی ئێمه‌ دای بنێین، ئه‌وانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن . ئه‌وانه‌ ده‌توانن بۆ خۆیان فەرمانبەر بن، به‌ڵام به‌نوێنه‌ری ئێمه‌ قبوڵیان ناكه‌ین."

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە، هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکومەتی هەرێم کاندیدی بکات ڕه‌نگه‌ خراپتر له‌ (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین."

میرانی ئەوەشی وت" عێراق ئه‌و عێراقه‌ نیه‌ كه‌ بتوانێت بە ئارەزووی خۆی هه‌رچی بیه‌وێت بیكات نه‌ له‌ڕووی ئابورییەوە نه‌ له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه‌، دووه‌م ئه‌مڕۆ عیراق ئەندامە لەهاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موویان چاویان له‌سه‌ر عێراقه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ عێراق ناتوانێت به‌جۆرێكی ناته‌ندروست مامەڵە له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بكات."

" ئایا ئێمه‌ شۆڕشمان كردووه‌ و "یه‌ك دنیا شه‌هید-مان" داوه‌ بۆ مووچه‌ یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی نەتەوەیی؟!"

سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد بەشداری حکومەتی عیراقی نەکات چەندە کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی موچەبڕینی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێمە؟ فازڵ میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی" ئایا ئێمه‌ شۆڕشمان كردووه‌ و "یه‌ك دنیا شه‌هید-مان" داوه‌ بۆ مووچه‌ یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی نەتەوەیی؟! بۆ كیانێكی قه‌ومی خه‌ڵك ڕێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر مالیكیش مووچه‌ی بڕی وای بیردەکردەوە كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ دژی ئێمه‌ هه‌ڵده‌ستن‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مامۆستا به‌بێ مووچه‌ وانەی وته‌وه‌ و هه‌موو فەرمانبەران دەوامی خۆیان کرد، ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌ به‌بێ مووچه‌ له‌ ئەرکی خۆیاندابوون. له‌بەر ‌ئه‌وه‌ ناتوانێت هەڕەشەی ئابوری لە ئێمە بکات، ئێمه‌ فێربووین، میلله‌تی كورد میلله‌تێكی ئازایه‌و میلله‌تێكی خۆڕاگره‌ و ناخۆشیه‌ك كه‌ مرۆڤ لەگەڵی ڕاهات مەسەلەکە تەنها ئیرادەیە، به‌رگری ده‌كه‌ین و دەبێت ئه‌وان بزانن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئەنجومەنی ئاسایش و پرەنسیبی دەستوەردانی مرۆیی لەیاسای نێودەوڵەتیدا هه‌یه‌، چیتر ئه‌وه‌ بۆ هیچ حوكمه‌تێك ناچێته‌سه‌ر وابه‌سه‌ر میلله‌تی خۆی بهێنێ. دوو شت هه‌یه‌ هێزی لۆژیکی و لۆژیکی هێز، لۆژیکی هێز ئه‌وانه‌ن كه‌ دەسەڵات به‌كار دەهێنن، هێزی لۆژیکی-ش ئێمه‌ین كه‌ میلله‌تێكین حه‌قمان هه‌یه‌ داوای مافی خۆمان بكه‌ین تا بكرێت به‌ ئاشتی ، هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه‌ بەرگریش مافی ڕەوای خۆمانە."

میرانی دەشڵێت" ئاگامان له‌خه‌ڵكی خۆمان هه‌یه‌، ته‌جربه‌ی ڕابردووی بێ مووچه‌ییمان بینی، خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ ئێمه‌هه‌ڵنه‌ستاوه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر بێ مووچه‌یی بمێنیین، حکومەتی عێراق به‌ ئه‌نقه‌ست وا بكات، من وای بۆ ناچم ناكه‌م میلله‌تی كورد ته‌سلیمی ئیراده‌ی ناحه‌زانی كورد بێت."

" ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش ڕێزتان لێ ده‌گرێت."

فازڵ میرانی لەکۆتایی وتوێژەکەدا ڕەخنەی لەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەروەی پارتی و یەکێتی دەگرێت کە پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتباردەکەن جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەت دەکەنەوە، وتی" من لەکۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەسەرۆکایەتی هەرێم باسی ئەو بابەتەمکرد و وتم به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌نوێنه‌ری حیزبه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ به‌غداد مووچه‌ و بودجه‌مان دابین كردووه‌، پارتی و یه‌كێتیش ماون له‌پێناو دابینکردنی پۆستی وەزارەت بۆخۆیان. وتم ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش ڕێزتان لێ ده‌گرێت."

XS
SM
MD
LG