Accessibility links

داهاتووی عێراق لە نێوان خواستی جەماوەر و پـیداگری حزبە سیاسیەکاندا


دەستنیشانکردن و ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، دۆخی وڵاتەکەی نەک هێور نەکردەوە، بەڵکو ئاڵۆزی زیاتری دروستکردووە و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە شیعیەکانی بردووەتە قۆناغێکی نوێـیەوە.

لابردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق، یەکێک بوو لە خواستەکانی خۆپیشاندەران، بەڵام خۆپیشاندەران بە جێگرەوەکەی ڕازی نین، بۆیە ئاڵۆزیەکان بەردەوامیان هەیە.

ڕازی نەبوونی خۆپیشاندەران بە ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەر لە سەرەتاوە ناوبراوی لە شکست نزیک کردۆتەوە، بەتایبەت پێناچێت کوتلەکانیش هاوکاری بن لە ئەرکە نوێ یەکەیدا.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە عەلاوی لە عادل عەبدولمەهدی زیاتری پێناکرێت، بەو پێیەی لە زۆر ڕووەوە لەیەکتری دەچن، وەکئەو دەڵێت"عەلاویش هاوشێوەی عەبدولمەهدی بێ حیزب و بێ کوتلە و تەنهایە، ئەو حیزبانەی هێناویانە، دەیانەوێ بۆ گەندەڵی و کۆکردنەوەی ئیمتیازات بەکاری بهێنن."

دەشڵێت"تەحەدیاتەکانی بەردەم عەلاوی گەورەترن، بەتایبەت هێزە شیعیەکان دەیانەوێ دۆسیەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکای پێ ببەنە پێش."

کاندیدکردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەرئەنجامی رێککەوتنی نێوان موقتەدا سەدر و هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدرە، بۆیە لە ئێستادا هێزەکانی سەر بە ڕەوتی سەدر لە پشتگیری کردنی خۆپیشاندەرانەوە، بوونەتە بەشێک لەو هێزانەی کە سەرکوتیان دەکەن.

محەمەد عێراقی کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، توندوتیژی هێزەکانی سەدری بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی نەجەف کە کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتەوە، بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە و گێڕانەوەی دۆخی سروشتی بۆ گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان گێڕایەوە.

بەشێک لە چاودێرانیش، پەلامارەکانی ڕەوتی سەدر بۆ سەر خۆپیشاندەران، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە ئەو هێزە نیگەرانن لەوەی کشانەوەیان لە ریزی خۆپیشاندەران کاریگەری نەبووە و کارتی شەقامیان لەدەستداوە، کەپێشتر هەمیشە ئەم کارتەیان بەرامبەر نەیارەکانیان بەکارهێناوە.

ئازاد شەفی کاندید لە کوتلەی رەوتی سەدر لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"هەرچەندە دۆخەکە ئاڵۆزە، بەڵام چیتر کوتلە و لایەنە شیعیەکان تەنازول ناکەن، چونکە تەنازولی زیاتر بەمانای کۆتایی هاتنیان دێت."

توندوتیژی و پەلاماردانیان لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە، تا ئێستا نەبووەتە مایەی هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان، بە پێچەوانەوە بەکارهێنانی هێز لەدژیان، گۆرەپانی خۆپیشاندانەکانی قەرەباڵغتر کردووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوێنێ چوارشەمە، ئەو وەفدەی خۆپیشاندەران کە مەرجەعیەت و سەرۆک کۆماری عێراقیان بینیووە، هەڕەشەی وەڵام دانەوە و بێدەنگ نەبوونیان بەرامبەر بە توندوتیژیەکانی سەریان کردووە.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، وتی"خۆپیشاندەران دەیانەوێ چینی ئێستای سیاسی حوکمڕان بەتەواوەتی بگۆڕن، ئەوانیش شەڕی مانەوە دەکەن."

ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە تائێستا ڕۆڵی گێڕانی هاوسەنگی دەگێڕن، بەتایبەت سەرۆکایەتی کۆمار و مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق، ترسیان هەیە لە ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق، لە حاڵەتی شکستهێنانی عەلاوی لەو ئەرکەی پێی سپێردراوە.

ئازاد شەفی وتی"عەلاوی لە کاتێکی خراپدا هاتووە، بەڵام گەر خۆپیشاندەران و کوتلەکان هاوکاری بن، دەتوانێت دۆخەکە ڕابگرێ و نەهێڵێت لەمە خراپتر بێت."

لەئێستادا لەهەمووی ناڕوونتر داهاتووی عێراقە، کە کەوتۆتە نێوان بەرداشی شەڕی گۆڕانکاری خۆپیشاندەران و شەڕی مانەوەی سیاسیەکان، کەهیچکام لەو دوو بەرەیە ئامادەی دەستبەرداربوونی خواستەکەیان نین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:39 0:00


XS
SM
MD
LG