Accessibility links

خۆپـیشاندان و پـێکدادان لە عێراق دەستپـێدەکەنەوە و دەیان کەس برینداردەبن


پاش دەستپـێکردنەوەی خۆپـیشاندانەکانی دژ بە حکومەت کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک وەستابوو، جارێکی دیکە توندوتیژی لە نێوان خۆپـیشاندەران و هێزە ئاسایشیـیەکان ڕوویانداوە.

سەرچاوە ئاسایشی و تەندروستیـیەکان لە عێراق دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدای پایتەخت و چەند شارێکی باشوری وڵاتەکە دەیان خۆپـیشاندەر برینداربوون.

شەوی ڕابردوو لە گۆڕەپانی تەیەرانی بەغدا(ساحة الطيران) خۆپـیشاندەران و پـۆلیس داویانە بەیەکدا. خۆپـیشاندەران بۆمبی مۆلۆتۆف و بەردیان گرتووەتە پـۆلیس و پـۆلیسیش گازی فرمێسک ڕێژ و بۆمبی دەنگی لە دژیان بەکارهێناوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت بەپـێی کاربەدەستانی تەندروستی و ئاسایشی لە نزیک پـردی سنەک و گۆڕەپاتی تەیەران تەقەش کراوە. کاربەدەستێکی ئاسایشی گوتویەتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕێگەی بە هێزەکانی ئاسایش دا ئەو خۆپـیشاندەرانە دەستگیربکەن کە جادە سەرەکیـیەکانیان بڕیوە، 9 کەس دەستگیرکراون.

پـۆلیسی بەغدا گوتی هێزەکانی توانیویانە ئەو جادانە بکەنەوە کە "گروپەکانی توندوتیژی" گرتبوویانن. ئاماژەی بۆ برینداربوونی 14 پـۆلیس کرد لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر، هەندێکیان سەریان برینداربووە و ئێسکیان شکاوە.

لە شارەکانی ناسریە و کەربەلا و عەمارە بە سەدان خۆپـیشاندەر تایەیان هێناوەتە سەر جادەکان و ئاگریان تێبەرداون. بەپـێی چالاکوانان ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە و هێزەکانی پـۆلیس هیچ کاردانەوەیان نەبووە.

لە شاری بەسرە، سەرچاوە ئاسایشیـیەکان گوتیان لە میانەی خۆپـیشاندانەکان، ئۆتۆمبیلێکی سیڤیل 2 پـۆلیسی کردووە بە ژێرەوە و کوشتوونی. گوتیشیان شۆفێرەکە هەوڵی دابوو بە خێرایی لە شوێنی پـێکدادانی نێوان خۆپـیشاندەران و هێزە ئاسایشیـیەکان دوربکەوێتەوە.

لەوەتای مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی بەغدا و شارەکانی باشوری وڵاتەکەی گرتووەتەوە. خۆپـیشاندەران داوادەکەن چاکسازی بکرێت لە سیستەمی سیاسی وڵاتەکە کە بەبۆچوونی ئەوان هۆکاری گەندەڵی و بەرزی ڕێژەی بێکاریـیە لە وڵاتەکەدا. بەپـێی ئامارەکان مەزەندەدەکرێت زیاتر لە 450 کەس لە میانەی خۆپـیشاندانەکاندا کوژرابن.

XS
SM
MD
LG