Accessibility links

عادل عەبدولمەهدی دەڵێت کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان ئەرکی حکومەتی داهاتووە


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان لە عێراق پـێویستی بە حکومەتێکە کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، بۆیە ئەرکی حکومەتی داهاتوو دەبێت.

عادل عەبدولمەهەدی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا لە ئەنجومەنی وەزیران داوای لە هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و هێزە سیاسیـیەکان کرد کۆتایی بەم حکومەتەی ئێستا بهێنن و حکومەتێکی نوێ پـێکبهێنن کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت.

گوتیشی لەم دۆخە ئاڵۆز و قورسەی ئێستای وڵاتەکە، بە تایبەتی دوای بڕیاری پەرلەمان بۆ کشانەوەی هێزەکان، پـێویستە حکومەتێک هەبێت کە بتوانێت بڕیار بدات.

عەبدولمەهەدی جەختی کردەوە حکومەتەکەی توانیویەتی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا ئاسایی بێت. گوتی لە ساڵی 1920 وە عێراق حکومەتێکی وەهای نەبووە کە پەیوەندی نێودەوڵەتی زۆر باش بێت.

هەروەها گوتی دەیەوێت عێراق دۆستایەتی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بمێنێتەوە، چونکە ئەو وڵاتانە لە شەڕی دژی داعش لە پاڵ عێراقدا وەستان و قوربانی گیانیان داوە و هەروەها پارەشیان خەرجکردووە.

XS
SM
MD
LG