Accessibility links

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی ڕەتیدەکاتەوە هێرشی موشەکیـیان کردتبێتە سەر ناوچەی سەوز


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا

جواد ئەلتڵێباوی فەرماندە لە حەشدی شەعبی دەڵێت ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن حەشد بە موشەک ناوچەی سەوزی کردووەتە ئامانج، ڕاست نین وە حەشد هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە دژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بوونی لەشکری بیانی نیـیە.

تڵێباوی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتیشی حەشد لە فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیر) دەرناچێت وە ئەرکیان پاڵپشتیکردنی هێزە ئاسایشیـیەکانە.

گوتیشی هەڵدانی موشەک بۆ ناوچەی سەوز ڕەنگە کاری تاکە کەسی بێت یان هەوڵی هەندێک لایەن بێت بۆ ناوزڕاندنی حەشەد. هەروەها گوتی داوا لەو لایەنانە دەکات کە لە پشت هەڵدانی موشەکن بۆ سەر ناوچەی سەوز لەو کارانە بوەستن کە زیان بە ناوی حەشەد دەگەیەنن.

لە لایەکی دیکە، قەیس خەزعەلی ڕێبەری گروپی عەسائیب ئەهل ئەلحەق کە ئەوانیش بەشێکن لە حەشدی شەعبی، ڕەتیکردەوە دەستیان هەبێت لەو هێرشە موشەکیـیەی شەوی چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممە کرایە سەر ناوچەی سەوز.

ناوبراو دەڵێت لای ئەوان هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە ئۆپەراسیۆنەکانیان دەستپـێبکەن بۆ تۆڵەکردنەوە لە کوشتنی ئەبو مەهدی ئەلموهەندس. جەختی کردەوە کاردانەوەی ئەوان هیچ کەمتر نابێت لە وەڵامدانەوەکەی ئێران بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان ناکەنە ئامانج بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاشەوە، بەڵام هەڕەشەی لە هێزە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا کرد، دەڵێت با چاوەڕێی وەڵامدانەوەکەیان بکەن.

XS
SM
MD
LG