Accessibility links

هەرێم و سەرۆک کۆمار لەبەردەم فشاری شەقام و کوتلە شیعیەکان دا


فشاری خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکان بۆ سەر سەرۆکایەتی کۆماری عێراق چڕتر دەبێتەوە، کە ئەو دوو لایەنە بەجیا هەوڵی سەپاندنی خواستەکانیان دەدەن و سەرۆکایەتی کۆماریان خستۆتە بەردەم چەندین هەڵبژاردەی جیاوازەوە.

فشاری شەقام و کوتلە سیاسیەکان لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار، پەیوەندیدارە بە کاندیدی داهاتووی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، کوتلە سیاسیەکان دەیانەوێت کاندیدی ئەوان رابسپێردرێ و شەقامیش ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

سەرۆکایەتی کۆمار کەوتۆتە دۆخێکی ئاڵۆز و "ئیحراج" یەوە، بەو پێیەی لەنێوان شەقام و کوتلە سیاسیەکاندا دەبێت خواستی لایەکیان هەڵبژێرێت، لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە ئاسان نیە و ڕووبەڕووی هێرشی لاکەی تری دەکاتەوە.

نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەی ئیحراج نەبێت، دەبێت بەدەستور کار بکات، دەستوریش دەڵێت: دەبێت کاندیدی سەرۆک وەزیران لەلایەن گەورەترین کوتلەوە دیاری بکرێت."

وتیشی"هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کرداری نیە، ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەختیش کاتی نیە، بۆیە باشترە سەرۆک وەزیران تۆپەکە هەڵداتە گۆڕەپانی کوتلە شیعیەکان خۆیان."

هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران رەهەندی دەرەکیشی وەرگرتووە، بەتایبەت ئێران کار بۆ ئەوە دەکات مافی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بدرێتە کوتلە شیعیەکان، بەڵام وڵاتانی نێودەوڵەتی نایانەوێت لەو مەسەلەدا ڕای شەقامی عێراقی بەهەند وەرنەگیرێت.

نەجات حسێن ی سەرکردەی رەوتی حیکمە، وتی"مەرجەعیەت فشاری ئەمەریکا و ئێرانی رەتکردۆتەوە، بۆیە دەبێت سەرۆکایەتی کۆماریش گوێ بە فشارەکان نەدات."

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی کۆمار کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێرانیەکان دەیانەوێت کوتلە شیعیەکان کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، لەوەدەترسن دەسەڵات لەدەست شیعەکان دەربکرێت."

وتیشی"وڵاتانی نێودەوڵەتیش دەیانەوێت ڕای شەقام بەهەند وەربگیرێت، بەتایبەت تا ئێستا چەند جارێک، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان وەفدی خۆپیشاندەرانی تەحریری بردووەتە لای سەرۆک کۆمار."

بەڵام بەپێی وتەی سەرچاوەکە، سەرۆکایەتی کۆمار نایەوێت کاندیدی سەرۆک وەزیران لە کوتلە سیاسیەکان بێت.

ئەگەرچی سەرۆک کۆماری عێراق کوردە و دەبێت لەنێوان خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکاندا خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان تا ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکات، کە رەنگە لەداهاتوودا هەرێم بە ناچاری لە دۆخی عێراق بگلێنرێت.

هەرێمی کوردستان کاتێک لە مشت و مڕی عێراق دەگلێت، کە مەسەلەی هەمواری دەستور و یاسای هەڵبژاردن و چەند پرسێکی تر بهێنرێتە پێشەوە، لەگەڵ هێنانە پێشەوەی ئەو مەسەلانەدا، هەرێم چیتر ناتوانێت بێدەنگ بمێنێتەوە.

خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، داوادەکات کورد خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق ئامادە بکات، وتی"مەترسی زۆر لەسەر هەرێم دروست دەبێت، بەتایبەت هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەچوارچێوەی عێراق لە نێو دەستوردایە، گەر هەموار بکرێتەوە، مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر پێگەی کورد."

وتیشی"دەبێت هەموو هێزە کوردیەکان یەکریز بین و خۆمان بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق ئامادە بکەین."

فشاری خۆپیشاندەرانی عێراق لەسەر هێزە سیاسیەکان هێندە بەهێزە، داواکاریەکانیان بۆ لایەنەکان هێندە مەترسیدارە، هەموو ئەو هێزانە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی بەکەمترین زیانەوە، لەم دۆخە دەربازیان ببێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:43 0:00


XS
SM
MD
LG