Accessibility links

سیستانی دەخوازێت هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پـێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا نەبێت


شێخ عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی
شێخ عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی

مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق جارێکی دیکە پـشتیوانی خۆی بۆ داخوازی خۆپـیشاندەران بۆ چاکسازی دووپاتکردەوە وە هیوا دەخوازێت هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پـێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەدا نەبێت.

شێخ عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ئەمڕۆ لە میانەی نوێژی هەینی، وتاری سیستانی خوێندەوە کە تیایدا گوتویەتی"هیوادارین سەرۆک و ئەندامانی حکومەتی نوێ دەستنیشانبکرێن لەو ماوەیەی دەستور دیاریکردووە وە بەپـێی خواستی هاوڵاتیان و دور لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەوەکی بێت."

پاشان جەختی کردەوە مەرجەعیەت لایەنێک نابێت لە هەر وتووێژێکدا لە بارەی پـێکهێنانی حکومەتەوە بکرێت و بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵی تیایدا نابێت.

گوتیشی ناڕەزایـیەکانی خەڵکی ئامرازێکی کاریگەرە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات تاوەکو چاکسازی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا بکات. بەڵام گوتیشی نابێت ناڕەزایەتیـیەکان بەرەو توندوتیژی و گێرەشێوێنی بڕۆن.

ئەم ڕاگەیاندنەی مەرجەعیەت پاش ئەوە دێت کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ پـێنجشەممە بە ئامادەبوونی 219 پەرلەمانتار، پـرۆژە یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد کە لە 28 ماددە پـێکهاتووە.

بەپـێی یاساکە ئەنجومەنی کۆمسیۆن لە 9 ئەندام پـێکدێت، حەوت ئەندامیان دادوەر دەبن و لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری فیدراڵی عێراقەوە دەستنیشان دەکرێن. دووان لە دادوەرەکان لە دادوەرانی هەرێمی کوردستان دەبن و ئەنجومەنەکە لە نێو ژمارەیەک دادوەر دەستنیشانیان دەکات کە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان ڕەوانە دەکرێن.

دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەنجومەنەکە لە ڕاوێژکارانی نێو ئەنجومەنی دەوڵەت دەبن و ئەوانیش لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستنیشاندەکرێن.

XS
SM
MD
LG