Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق دەست لەکاردەکێشێتەوە


پاش ئەوەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کاربکات بۆ گۆڕینی حکومەت و هەڵبژاردنێکی نوێ لە وڵاتەکەدا، سەرۆک وەزیری عێراق بڕیاری دا دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

ئەحمەد ئەلسافی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ئەمڕۆ هەینی لە کەربەلا وتاری مەرجەعیەتی خوێندەوە و تیایدا گوتی" ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەم حکومەتەکەی لێ هەڵقوڵاوە، داوای لێدەکرێت لەم بارەیەوە بە بژارەکانی بچێتەوە و بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە بەرژەوەندی عێراقی تێدابێت و خوێنی ڕۆڵەکانی بپارێزێت و نەهێڵێت وڵاتەکە بکەوێتە نێو گێژاوی توندوتیژی و بێ سەروبەری و ماڵوێرانی. هەروەها داوای لێدەکرێت پەلە بکات لە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای هەڵبژاردن کە جێی ڕەزامەندی خەڵک بێت تاوەکو هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد بکرێت و ئەنجامەکەی بە ڕاستی خواستی خەڵکی عێراق دەرببڕێت."

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیری عێراق لە پاش ڕاگەیاندنی وتارەکە لەسەر فەیسبوکەکەی خۆی نووسی کە بە گرنگیـیەوە گوێی لە وتارەکەی مەرجەعیەت گرتووە و پابەندی دەبێت و لە زووترین کاتدا بە فەرمی داوای دەست لەکارکێشانەوەکەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ڕەوانە دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پـێشتر پـێشنیاری کردبوو دەست لەکارکەی بکێشێتەوە.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی دەوە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی بەغدا و شارەکانی باشوری عێراقی گرتەوە و پـێکدادانی توند لە نێوان خۆپـیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش ڕوویان دا و بەپـێی ئامارەکان زیاتر لە 400 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG