کاربەدەستانی ئاسایش و دەزگا تەندروستیـیەکان لە عێراق دەڵێن ئەمڕۆ هەینی لە خۆپـیشاندانەکانی ناو شاری بەغدا 3 خۆپـیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 25 کەسیش برینداربوون.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس هەواڵەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت 3 خۆپـیشاندەرەکە لە جادەی ڕەشید کوژران، دووانیان بە گازی فرمێسک ڕێژ و ئەوی دیکەیان بە گولـلە.
لە ئێستادا خۆپـیشاندەران لایەکی 3 مەیدان و 3 پـرد، جمهوریە و ئەحرار و سنەکی بەغدایان گرتووە و ڕووبەڕووی هێزە ئاسایشیـیەکان دەبنەوە.
هاوکات لە شارەکانی کوت و حلـلە و نەجەف و کەربەلا و ناسریە و دیوانیـیەی باشوری وڵاتەکە خۆپـیشاندانەکان بەردەوام بوون.
نەسر ئەلقەساب کە یەکێکە لە گەورەکانی خێڵی کەنانە لە کوت و بشداری لە خۆپـیشاندانەکان دەکات بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوتووە بەردەوام دەبن هەتا داواکاریـیەکانی خۆپـیشاندەران دێنەدی، ئەویش دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکان هەتا ئێستا زیاتر لە 340 کەس لە پـێکدادانی خۆپـیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش کوژراون، زۆربەیان خۆپـیشاندەر بوون.
لەلایەکی دیکە عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی ئەمڕۆ لە نوێژی هەینی وتاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی خوێندەوە. سیستانی جەخت دەکاتەوە کە پـێویستە پەلەبکرێت لە دانانی یاسای نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. دەڵێت ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە گەورەیەی وڵاتەکە پـیایدا تێپەڕدەبێت.