Accessibility links

پـرۆژە یاسا خۆپـیشاندانەکانى عێراق هێور ناکاتەوە


خۆپیشاندەرانى عێراق خۆیان بۆ سبەینێ هەینى ئامادە دەکەن، بەمەبەستى ئەنجامدانى خۆپیشاندانێکى گەورە و بەرفراوان، حکومەت و پەرلەمانیش سەرقاڵى پرۆژە یاسا پێشکەش کردنن بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە.

پێناچێت پرۆژە یاسا پێشکەشکراوەکان، خۆپیشاندەرانى عێراق هێور بکاتەوە، هەروەک بەشێک لەو پرۆژە یاسایانە، ناکۆکى لەنێو کوتلە سیاسیەکانیشدا دروستکردووە، ئەمەش عێراقى بردۆتە نێو تونیلێکى تاریک و داهاتوو نادیارەوە.

شێرکۆ میروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق، گەشبین نیە بە داهاتووى پرۆسەى سیاسى عێراق، پێیوایە پرۆژە یاسا پێشکەشکراوەکان، خواستەکانى خەڵک تێر ناکەن.

شێرکۆ میروەیس، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"عێراق غەرقى گەندەڵى بووە، پرۆژە یاساکان وەکو چارەسەرکردنى لاق وایە، لەکاتێکدا سەرت شکابێت."

وتیشى"عێراق پێویستى بە هەڵبژاردنى پاک و بێگەرد و گۆڕینى یاسا و رێساکانى هەیە."

خۆپیشاندەرانى عێراق سورن لەسەر هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و گۆڕانکارى ریشەیى، حکومەتیش پاڵپشت بە پشتیوانى زۆربەى لایەنە عێراقیەکان، سەرقاڵى پێشکەشکردنى پرۆژە یاسا و ئەنجامدانى هەندێک گۆڕانکارى یە بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە.

چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانى سبەینێ هەینى فراوانتر بێت، بەو پێیەى چین و توێژەکان بەشدارى تێدا دەکەن و رابەرى ڕەوتى سەدریش، داواى لە زانایانى شیعە مەزهەب کردووە، لە حوسەینیەکانەوە جاڕى بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیەکان بدەن بەگوێى لایەنگرانیدا.

سەرچاوەیەک لەسەرۆکایەتى کۆمارى عێراق کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پرۆژە یاساکان پەلە پەلیان پێوە دیارە، چونکە هەموویان لەژێر فشارى شەقامدا پێشکەش دەکرێن."

وتیشى"بەشێک لە پرۆژەکان پێچەوانەى دەستورن، بۆیە وادەکان شکست بێنن و بەڵێنى دەسەڵاتدارانیش هیچیان لێ سەوز نەبێت."

ناسەقامگیرى دۆخى سیاسى عێراق، ترس و دڵەڕاوکێى لاى هەرێمى کوردستانیش دروستکردووە، بەو پێیەى بەشێک لە کوتلەسیاسیەکان دژى چۆنیەتى رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدان .

بەشێک لە کوتلە سیاسیەکانى عێراق ، هەرێم بە پابەند نەبوون بە رێککەوتنەکانى لەگەڵ بەغدا تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکرد لە ڕۆژانى رابردوودا، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم خۆى بگەیەنێتە بەغدا.

فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا، ئامانجى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى ڕوونکردەوە، ئاماژەى بەورد سەردانەکە لە کاتێکى هەستیاردا ئەنجامدراوە، وتى"بارزانى پەیامى هەرێمى گەیاندووەتە بەغدا، بەوەى هەرێم فاکتەرى سەقامگیرى دەبێت و نیگەرانە لە دۆخى ئێستاى عێراق."

پێک نەهاتنى حکومەت و خۆپیشاندەرانى عێراق لەکاتێکدایە، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى کوژراو و بریندارەکان بەرزتر دەبنەوە، ئەمەش لەیەکترنزیک بوونەوەیان ئەستەمتر دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:54 0:00


XS
SM
MD
LG