Accessibility links

گۆڕینى ناڕەزایەتیەکانى عێراق لە پرسیى نێوخۆییەوە بۆ پرسى نێودەوڵەتى


سەربارى هەوڵەکانى حکومەتى عێراق بۆ کۆتایى هێنان بە خۆپیشاندانەکان لەرێگەى بەکارهێنانى هێزەوە، بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایەتى لە زۆربەى ناوچەکانى عێراق بەردەوامى هەیە.

بەردەوام بوونى خۆپیشاندانەکانى عێراق، خەریکە نارەزایەتیەکان لە پرسێکى نێوخۆییەوە بۆ پرسێکى نێودەوڵەتى دەگۆڕێت، بەتایبەت دواى هاتنە خەتى وڵاتانى نێودەوڵەتى و پشتگیرى کردنیان لەخواستى خۆپیشاندەران.

هاتنە خەتى ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدایە ئێران هەوڵەکانى بۆ پشتگیرى کردنى حکومەتى عێراق و کۆتایى هێنان بە نارەزایەتیەکان چڕکردۆتەوە، بەڵام هەوڵەکانى تائێستا سەرکەوتوو نەبوون.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پێیوایە هاتنە خەتى ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆیشتنى سەرۆکى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لاى عەلى سستانى، دۆخى خۆپیشاندانەکانى عێراقى لە پرسێکى نێوخۆییەوە بۆ نێودەوڵەتى گۆڕى.

هۆشیار عەبدوڵا، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بەنێودەوڵەتى بوونى نارەزایەتیەکان، کاریگەرى لەسەر دەستەبژێرى سیاسى عێراقى دروست دەکات و گۆڕانکارى گەورەى بەدوادا دێت."

کۆشکى سپى ئەمەریکا، لەبەیاننامەیەکدا داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختى لە عێراق کرد، رایگەیاند"چیتر عێراقیەکان بەرامبەر دەستوەردانى ئێران بێدەنگ نابن."

هەروەک جنین پلاسخارت ى سەرۆکى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراق، دواى راگەیەنراوەکەى کۆشکى سپى، سەردانى عەلى سستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراقى کرد و دواتر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، وتى"سستانى وتویەتى: خۆپیشاندەران ناچنە ماڵەوە تا خواستەکانیان جێبەجێ دەکرێت."

هاتنە خەتى وڵاتانى دونیا و پشتگیرى کردنى خواستەکانیان لەلایەن مەرجەعیەتەوە، ڕەنگە هەوڵەکانى حکومەتى عێراق و هەندێک لایەنى سیاسى بۆ "سەرکوتکردن"ى خۆپیشاندەران ئەستەم بکات.

خواستى خۆپیشاندەرانى عێراق لەچاکسازى ریشەیى، کۆتایى هێنان بە دەستوەردانى دەرەکى، لەگەڵ هەموارى دەستور و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت و چەندین داواکارى تر پێکهاتووە.

هۆشیار عەبدوڵا، وتى"چیتر ململانێى نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراق ڕوون بوویەوە، بەتایبەت دواى پشتگیرى کردنى عەبدولمەهدى لەلایەن ئێران و بەیاننامەکەى کۆشکى سپى ئەمەریکا."

دەستوەردانى دەرەکى لەماوەى 14 ساڵى رابردوودا، عێراقیەکانى بەتەواوەتى توڕەو نیگەران کردووە، بۆیە دروشمى سەرەکى خۆپیشاندانەکان، گێرانەوەى سیادەیە بۆ عێراق و کۆتایى هێنانە بەو دەستوەردانانە.

عودەى زوبەیدى یەکێک لەچالاکوانانى خۆپیشاندانەکانى عێراق، رایگەیاندووە"حەلبوسى و عادل عەبدولمەهدى فەرمانبەرى ئێرانن، عێراق لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە، ئێمە کۆتایى هێنمانمان بە داگیرکارى دەوێت."

خۆپیشاندانەکانى عێراق لەسەرەتاوە بۆ داواکردنى خزمەتگوزارى بوون، بەڵام دواى کوژرانى ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەر و هەوڵى ئێران بۆ کپکردنەوەى نارەزایەتیەکان، دروشمەکانیان گۆڕاو سەقفى داواکاریەکانیان بەرزتر بوویەوە.

محەمەد عوسمان چاودێرى سیاسى، سستمى حوکمڕانى عێراقى "بەکارەسات" ناوبرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"میللەتى عێراق گشتى هەستاوە، بۆیە ئەم سستمە حوکمڕانیە ناتوانێت بەردەوام بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00


XS
SM
MD
LG