Accessibility links

پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق یەکترى تۆمەتبار دەکەن


خۆپیشاندانەکانى عێراق، ناکۆکى لەنێوان پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان دروستکردووە، هەردوولایان یەکترى بە هۆکارى تۆڕەبوونى خەڵک تۆمەتبار دەکەن.

پەرلەمانى عێراق، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستى خۆپیشاندەران، ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەڵپەسارد، ئەنجومەنى پارێزگاکانیش، دژى بڕیارەکە هاتوونەتە دەنگ و پەنایان بۆ دادگاى فیدرالى بردووە.

لەکاتێکدا پەرلەمانى عێراق لەچوارچێوەى چاکسازیەکاندا، ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنەکان دەڵێن: حکومەت و پەرلەمان هۆکارى خراپبوونى دۆخى عێراقن و بە دژایەتیکردنى ئەنجومەنەکان، دەیانەوێت ڕاى گشتى بەلارێدا بەرن.

نەجات حسێن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پەرلەمان بەرپرسیارێتى شکست هێنانى خۆى، خستۆتە ئەستۆى ئەنجومەنى پارێزگاکان."

وتیشى"پەرلەمان بە تۆمەتبارکردنى ئەنجومەنەکان، دەیەوێت خۆى لە تۆمەتەکان قوتار بکات، بەڵام مەرجەعیەت و هەموو لایەک دەزانن، کە پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى هۆکارى خراپى دۆخەکەن."

هەڵپەساردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، یەکێکبوو لە داواکارى خۆپیشاندەران،بەتایبەت ئەو تێڕوانینە لاى عێراقیەکان دروستبووە، کە ناکۆکى نێوان پارێزگار و ئەنجومەنەکان هۆکارن بۆ سست بەڕێوەچوونى پرۆژەکان.

پەرلەمانى عێراق لەسەر داواى خۆپیشاندەران ئیش و کارى ئەنجومەنەکانى هەڵپەسارد، بەڵام ئامادە نیە، داواکاریەکانى ترى خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات، کە سەرەکیترینیان هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و پەرلەمانە.

جەمال ئەحمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هەڵپەساردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە دەسەڵاتى پەرلەمانى عێراقدایە، بۆیە بڕیارەکە نایاسایى نیە."

بەشێک لە ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، پابەندبوون بە بڕیارەکەى پەرلەمانى عێراقەوە و لەڕۆژى 28/10 ەوە کارەکانیان وەستاندووە، بەڵام بەشێکى تریان، گوێیان بەبڕیارەکە نەداوە.

نەجات حسێن، وتى"ئەنجومەنى پارێزگاکان لە دادگاى فیدرالى تانەیان لەبڕیارەکەى پەرلەمانى عێراق داوە، بڕیارە لە ڕۆژى 2/12 وەڵاممان بدرێتەوە."

وتیشى"بەشێک لە ئەنجومەنى پارێزگاکان، بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە کار، تا ئەوکاتەى دادگاى فیدرالى وەڵامى تانەکەمان دەداتەوە."

مشت و مڕى نێوان پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان و یەکترى تۆمەتبارکردنیان لەکاتێدایە، ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کۆتایى تەمەنیاندان، بڕیارە سەرەتاى ساڵى داهاتوو، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:28 0:00


XS
SM
MD
LG