خۆپیشاندەرانى عێراق خۆیان بۆ فراوانکردنى نارەزایەتیەکان و خستنى دام و دەزگا دەوڵەتیەکان ئامادە دەکەن، حکومەتى عێراقیش لە دەوروبەرى بەغدا و بەسرە هێز کۆدەکاتەوە، لەپلانیدایە بەهێز دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.
ئامادەکارى خۆپیشاندەران بۆ چڕکردنەوەى فشارەکانیان و پەکخستنى سێکتەرە ئابوریەکان، پەیوەندى بە نائومێدبوونیانەوە هەیە لەجێبەجێکردنى خواستەکانیان، بەتایبەت هەست دەکەن حکومەت یارى بەکات دەکات.
لەگەڵ ئاڵۆز تربوونى دۆخى عێراق، هەرێمى کوردستان بە نیگەرانیەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت، خۆى بۆ بەرەنگاربوونەوەى کاریگەریە سیاسیى و ئابوریەکانى دۆخى عێراق لەسەر هەرێم ئامادە دەکات.
رێبوار تەها ئەندامى پەرلەمانى عێراق، دۆخى عێراقى بە "فەوزایەکى گەورە"ناوبرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"سەرەتا خۆپیشاندانەکان خۆرسک بوون، داواکاریەکانیان لە چوارچێوەى خزمەتگوزارى و باشکردنى ژیان و گوزەرانیاندا بوو."
وتیشى"دەست تێکەڵى خۆپیشاندەران بووە، بۆیە داواکاریەکانیان بۆ داواکارى سیاسى گۆڕاوە."
هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق، گۆڕینى سستمى حوکمڕانى، دادگایى کردنى بکوژانى خۆپیشاندەران و هەڵوەشاندنەوەى حکومەت، داواکارى ئێستاى خۆپیشاندەرانن، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش، وێراى رەتکردنەوەى دەست لەکارکێشانەوە، رایگەیاند"خۆپیشاندانەکان دەرئەنجامى کێشە کەڵەکە بووەکانى دواى ڕووخانى بەعسن، دەکرێت کێشەکان لەرێگەى هەموارى دەستورەوە چارەسەر بکرێن.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، دۆخى عێراقى بە ئاڵۆز وەسفکرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"عێراق لەپلانیدایە بە هێز مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دا بکات، خۆپیشاندەرانیش ئامادەکارى بۆ پەکخستنى دام و دەزگا دەوڵەتیەکان و گشتگیرکردنى نارەزایەتیەکان دەکەن."
سەرچاوەکە، وتیشى"عێراق هێزى لەبەغدا و بەسرە بۆ خۆپیشاندەران ئامادە کردووە، چونکە خۆپیشاندەرانى بەغدا رێگاکانیان داخستووە، لەبەسرەش گرفت بۆ ناردنە دەرەوەى نەوت دروست دەکرێت، خەریکە ئابورى عێراق زیانى بەر دەکەوێت."
خۆئامادەکردنى عێراق بۆ بەکارهێنانى هێز دژى خۆپیشاندەران، باڵیۆزخانەى ئەمەریکاى لەبەغدا هێنایە دەنگ و لە راگەیەنراوێکدا، ئیدانەى کوشتن و رفاندنى خۆپیشاندەرانى بێ چەکى کردووە.
ئەگەرچى خۆپیشاندان و نارەزایەتى زۆربەى ناوچە شیعەنیشینەکانى گرتۆتەوە، بەڵام تائێستا دۆخى ناوچە کورد و سونەنیشینەکان ئارامن، ئەمەش وایکردووە ئەم دوو پێکهاتە بە"تەماشاکەر"و ناوببرێن، شیعەکانیش ڕۆڵى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بگێڕن.
رێبوار تەها، رەتیکردەوە کورد و سونە تەماشاکەر ببن، وتى"کورد و سەرۆکى پەرلەمانیش کە سونەیە، لەسەرەتاوە تا ئێستا ڕۆڵیان هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەیاسا کار بکرێت."
هەرچەندە هەرێم هەوڵى خۆبواردنى لە کێشە و ئاڵۆزیەکانى عێراق داوە، بەڵام ئاڵۆزیەکانى عێراق بێ کاریگەر نەبوون لەسەر هەرێم، بۆیە سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم جم و جۆڵیان دەستپێکردووە و سەرۆک کۆمارى عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە خۆى گەیاندە هەولێر.
بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، سەرۆک کۆمارى عێراق داواى ئامادەکارى لە هەرێم کردووە، تا لە حاڵەتى کەوتنى حکومەتى عێراق دا، گرفتى سیاسى و دارایى گەورە بەرۆکى هەرێم نەگرێت.
هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کەزۆرینەى ئەندامەکانى کوردبوو، یەکەم کاریگەرى نارەزایەتیەکانى عێراق بوو لەسەر لاوازکردنى یەکجارى دەسەڵاتى کوردى لەو شارە، چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامى خۆپیشاندانەکان، کاریگەرى ئابوریشى لەسەر هەرێم هەبێت، هەموارى دەستوریش، مەترسى لەسەر قەوارەى سیاسى هەرێم دروست بکات.
خەسرەو گۆران ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هەرێم بەشێکە لە عێراق، هەر گۆڕانکارى و ئاڵۆزیەک لەبەغدا، بێ کاریگەری نابێت لەسەر هەرێم، بەتایبەت لەڕووى ئابورى و سیاسیەوە."
وتیشى"سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم ڕووداوەکانى بەغدایان بەجدى وەرگرتووە، چونکە دەزانن کاریگەریان لەسەر هەرێم دەبێت."
تا دێت ململانێى نێوان خۆپیشاندەران و دەسەڵاتى عێراق گەورەتر دەبێت، حکومەت داواکارى خۆپیشاندەران جێبەجێ ناکات و سەقفى داواکاریەکانى خۆپیشاندەرانیش تادێت بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە ئەم ململانێ یە، داهاتووى عێراقى خستۆتە بەردەم چەندین ئەگەرى نەخوازراوەوە.