Accessibility links

عێراق لە نێوان بەڵێنى حکومەت و بێ متمانەیى خۆپیشاندەران دا


خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق بەردەوامى هەیە، خۆپیشاندەران سوورن لەسەر داواکاریەکانیان و حکومەتیش ئامادەى جێبەجێکردنى خواستە سەرەکیەکانیان نیـیە.

داواکارى خۆپیشاندەران لە خزمەتگوزارى و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیەوە، گۆڕاوە بۆ ڕووخاندنى حکومەت و هەموارکردنەوەى دەستور و گۆڕینى سستەمى حوکمڕانى وڵات.

فشارى خۆپیشاندەران بۆ سەر حکومەتى عێراق تا دێت بەهێزتر دەبێت، بەتایبەت خۆپیشاندەران تەنها بە خۆپیشاندانەوە ناوەستن، بەڵکو کار بۆ یاخیبوونى مەدەنى و داخستنى دەروازە سنووریەکان و داخستنى فەرمانگە حکومیەکان دەکەن.

پۆڵا تاڵەبانى بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى نیشتیمانى، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"مامەڵەى نازانستیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران دا کرا، لەبرى جێبەجێکردنى داواکارى خۆپیشاندەران و هێورکردنەوەى شەقام، هێزیان لەدژ بەکارهێنرا."

وتیشى"بەکارهێنانى هێز خەڵکى توڕەتر کردووە، سەقفى داواکاریەکانى شەقامى بەرزتر کردۆتەوە."

خۆپیشاندەرانى عێراق، تەنها بە وتنەوەى دروشم دژى دەستوەردانى دەرەکى لەکاروبارى عێراق نەوەستاون، بەڵکو هێرشیان بۆ سەر کونسوڵخانەى وڵاتان بەتایبەت ئێران دەستپێکردووە.

هێرشى خۆپیشاندەران بۆ سەر کونسوڵخانەى وڵاتان، عێراقى نیگەران کردووە، بۆیە وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، جەختى لەسەر پاراستنى دپلۆماتکاران کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە"هێزە ئەمنیەکانى عێراق رێگر دەبن بەرامبەر بە هەر خراپەکاریەک بۆ سەر دپلۆماتکاران."

پـۆڵا تاڵەبانى، ئاماژەى بەوەکرد خۆپیشاندەرانى عێراق وایدەبینن، ئێران دەستوەردان لە کاروبارى عێراق دەکات، بەتایبەت لە سلکە هەستیارەکاندا، وتى"خۆپیشاندەران داواى گێڕانەوەى سەروەرى بۆ عێراق دەکەن."

حکومەتى عێراق سەربارى ئامادەنەبوون بۆ جێبەجێکردنى خواستە سەرەکیەکانى خۆپیشاندەران، هاوکات دۆخى عێراقیشى پێ هێور ناکرێتەوە، ئەمەش وایکردووە چاوەڕوانى ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخەکە بکرێت.

گرفتى حکومەتى عێراق ڕوودانى موفاجەئەى بەردەوام و تازەگەریە لە ناڕەزایەتیەکاندا، بەتایبەت خۆپیشاندانەکان ڕۆژانە سەر دەکێشن بۆ نارەزایەتى تازە و جیاوازترى وەکو: مانگرتنى سەندیکاکان، بڕینى رێگا سەرەکیەکان و هەوڵدان بۆ دانانى کاریگەرى لەسەر شوێنە ستراتیژیەکان.

ئازاد حەمید کاندید لە کوتلەى سەدرى لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، باسیلەوەکرد خۆپیشاندەران داواى گۆڕینى سستمى حوکمڕانى و ڕووخانى حکومەت دەکەن، بەڵام حکومەت ڕازیبوون بەمە ڕەتدەکاتەوە، وتى"خۆپیشاندەران هەوڵى پەکخستنى ئابورى وڵات و داخستنى دەوامى فەرمانگەکان دەدەن، فشارەکانیان گەورەو قورسن، بۆیە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، لایەنە شیعیەکان دوو بۆچوونى جیاوازیان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ نارەزایەتیەکانى عێراق دا هەیە، بەشێکیان بەپێویستى دەزانن هەرچى زووە، خواستەکانیان جێبەجێ بکرێت و دۆخەکە هێور بکرێتەوە.

بەشێکى تریان لەوە دەترسن، جێبەجێکردنى خواستى خۆپیشاندەران ببێتە مایەى تێکدانى ماڵى شیعى و دۆخەکە بەرەو خراپتر ببات، ئەم بۆچوون جیاییە، وایکردووە دەستەوەستان بن.

هەرێمى کوردستانیش بە نیگەرانیەوە لە دۆخى عێراق دەڕوانێت، بەتایبەت نارەزایەتیەکان بووە هۆى سڕکردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە زۆرینەى کوردە، دەشترسن بەردەوامى نارەزایەتیەکان هەموارى دەستورى عێراقى بەدوادا بێت.

ئەکرەم ساڵەح ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، ترسى هەرێمى لەهەموارى دەستورى عێراق نەشاردەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"دەبووایە پەرلەمانتارانى کوردى عێراق، داواى ئیستیسنا کردنى کەرکوکیان کردبا، لەو بڕیارەى کەپەرلەمانى عێراق بۆ سڕکردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان داى."

حکومەتى عێراق هێشتا نائومێد نەبووە لەهەوڵەکانى بۆ هێورکردنەوەى شەقامى عێراقى، لەرێگەى بەدادگایى گەیاندنى کۆمەڵێک بەرپرسى باڵاى تۆمەتبار بەگەندەڵى، کار بۆ هێمن کردنەوەى دۆخەکە دەکات، بەڵام خواستى شەقام گۆڕینى ریشەیى حوکمڕانى وڵاتە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:19 0:00


XS
SM
MD
LG