Accessibility links

خۆپـیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی باشوری عێراق بەردەوامن


خۆپـیشاندانەکان لە عێراق بەردەوامیـیان هەیە و ئەمڕۆ دووشەممە هەزاران خوێندکار ڕژانە سەر جادەکانی وڵاتەکە هەر لە بەغدای پایتەختەوە هەتا شاری بەسرەی باشوری وڵاتەکە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت خوێندکارەکان دروشمی دژی حکومەتیان دەگوتەوە، لەوانە "نە قوتابخانە هەیە نە دەوام، هەتا حکومەت دەڕوخێت."

هەروەها دروشمێکی دیکە کە زۆر دەگوترایەوە ئەویش"إيران برا برا.. بغداد تبقى حرة"، واتە ئێران بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە... بەغدا بە ئازادی دەمێنێتەوە.

هێزەکانی چالاکی سیڤیلی لە بەغدا لە دەوروبەری زانکۆکان بڵاوکراونەتەوە و هوشداری دراوە هەر کەسێک بە مەبەست خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان ڕابگرێت یان کاری دامودەزگاکانی حکومەت بوەستێنێت ئەوا زۆر بە توندی سزادەدرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەندیکای مامۆستایانی عێراق مانگرتنی گشتیـیان لە تەواوی قوتابخانەکانی عێراق ڕاگەیاند بۆ ماوەی 4 ڕۆژ، ئەمەش وەک هاودەنگیـیەک لەگەڵ خۆپـیشاندەراندا.

هاوکات قوسەی ئەلسهێل وەزیری خوێندنی باڵا داوایکرد خۆپـیشاندان و ناڕەزایی زانکۆکان نەگرێتەوە.

پەیامنێری فڕانس پـرێس دەڵێت خوێندکارێک لە مەیدانی تەحریری بەغدا گوتویەتی "نیشتمان نەبێت خوێندنیش نیـیە."

خۆپـیشاندەرێکی دیکە گوتویەتی" دەمانەوێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی کاتی پـێکبهێنرێت و دەستور هەمواربکرێت و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدرێت."

لە شاری دیوانیـیەی کە 200 کیلۆمەتر لە باشوری بەغدای پایتەختەوە دورە، خوێندکار و مامۆستا لە زانکۆکانی حکومەت و تایبەت بڕیاریان داوە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ مانبگرن تاوەکو حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە.

هەروەها خۆپـیشاندانی هاوشێوە شارەکانی حللە، سەماوە ناسریە، نەجەف و بەسرەشی گرتەوە.

XS
SM
MD
LG