Accessibility links

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە: خۆپیشاندان لە عێراق لە دژى "مەلیکەکانە"


خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە پارێزگاکانى عێراق بەردەوامە، حکومەت دەیەوێت لە رێگەى گۆڕانکارى وەزارى و ئەنجامدانى هەندێک چاکسازى، دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام سەقفى داواکارى خۆپیشاندەران بۆ ڕووخانى حکومەت بەرز بووەتەوە.

ئەنجامدانى چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى، داواکارى خۆپیشاندەران بوو، بەڵام کوژران و برینداربوونى هەزاران خۆپیشاندەر، دۆخەکەى تەواو ئاڵۆز کردووە و داواکارى خۆپیشاندەرانى بۆ ڕووخانى حکومەت گۆڕیووە.

بەپێى ئامارەکان، تەنها لەماوەى سێ رۆژى رابردوودا، نزیکەى 90 خۆپیشاندەر لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق کوژراون و ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەریش برینداربوون، بەڵام قەبارەى خۆپیشاندانەکان تا دێت گەورەتر دەبن.

شوان محەمەد بەرپرسى لقى بەغداى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێیوایە کوژران و برینداربوونى ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەر، دۆخى عێراقى تەواو ئاڵۆز کردووە، وەکئەو دەڵێت"سەرەتا خۆپیشاندەران داواى خزمەتگوزارى سەرەتاییان دەکرد، بەڵام ئێستا سەقفى داواکاریەکانیان بەرزتر کردۆتەوە."

رێوشوێنە توندەکانى دەزگا ئەمنیەکانى عێراق نەک دۆخەکەى هێور نەکردۆتەوە، بەڵکو شەقامى عێراقى توڕەتر کردووە، بۆیە زانکۆ و بەشێک لە سەندیکا پیشەییەکانیش مانگرتنیان لەدەوام راگەیاندووە.

گەورەترین گرفتى حکومەتى عێراقى ئەوەیە، تا خۆپیشاندان لەناوچەیەک کپ دەبێتەوە، لەچەند ناوچەیەکى تر نارەزایەتى و خۆپیشاندان سەرهەڵدەدات، ئەمەش تەواو حکومەتى نیگەران کردووە.

نەجات حسێن بەرپرس لە تەیارى حیکمەى سەربە عەمار حەکیم، پێیوایە داواکارى خۆپیشاندەران حەقن، دەڵێت"موچەى مانگانەى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمان، 75 ملیۆن دینارە، ملیارەها دیناریش نەسریەى بەردەستیانە."

نەجات حسێن، بەدەنگى ئەمەریکاى وت" ژمارەى پەرلەمانتارانى عێراق 329 پەرلەمانتارە، واتە عێراق 329 مەلیکى هەیە، چونکە سەرۆک و پەرلەمانتار و وەزیرەکان، وەک مەلیک دەژین، ئەوەى لە عێراق هەیە، لە دونیا بێ وێنەیە."

هەروەها وتیشى"70%ى بودجەى عێراق بۆ موچەى دەسەڵاتداران دەڕوات، تەنها 20%ى بودجە بۆ 35 ملیۆن هاوڵاتى دەمێنێتەوە، ئەمە ویژدان نیە و پەتى ئارامگرتنى میللەت بچڕا."

دروشمى نوێى خۆپیشاندەرانى عێراق ڕووخانى حکومەتە، لەکاتێکدا حکومەت سەرقاڵى ئەنجامدانى هەندێک گۆڕانکاریە، کە خۆپیشاندەران ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

گەرچى هەندێک لایەنى شیعى پشتگیرى داواى خۆپیشاندەران دەکەن، بەڵام هیچ لایەنێکیان رێوشوێنى کردارى یان دژى عادل عەبدولمەهدى نەگرتۆتە بەر، بەو پێیەى ئێران لەگەڵ مانەوەى سەرۆک وەزیراندایە.

ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى عەرەبى سونە و راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد دۆخى عێراق زۆر ئاڵۆزە، زانکۆ و پەیمانگاکان چوونەتە پاڵ خۆپیشاندەران، وتى"گەر داواکارى خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت، قەیرانى عێراق قوڵتر دەبێتەوە."

لەپاڵ هێرشکردنە سەر بارەگاى هەندێک لایەنى شیعى، خۆپیشاندەران لەهەندێک ناوچەى عێراق، دروشمیان دژى "دەستوەردانى ئێران"وتۆتەوە.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، سوتاندنى بارەگاى لایەنە شیعیەکان پەیوەندى بە ململانێى نێوانیانەوە هەیە، بەڵام بەرپرسانى ئەو لایەنانە، خوێندنەوەى جیاوازیان بۆ مەسەلەکە هەیە.

نەجات حسێن سەرکردە لە تەیارى حیکمەى شیعى، پێیوایە بەعسى و "بەکرێگیراوى وڵاتان"خۆیان خزاندۆتە نێو خۆپیشاندەران،لەرێگەى سوپاى ئەلیکترۆنى و هەندێک کەناڵى ئاسمانیەوە، کار بۆ تێکدانى دۆخى عێراق دەکەن.

زۆربەى ئەو ناوچانەى دژى دەسەڵاتى عێراق هەستاون، ناوچە شیعە نیشینەکانن، لەکاتێکدا دانیشتوانى ناوچە کوردى و سونەنیشینەکان تائێستا ڕۆڵى تەماشاکەر دەگێڕن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:24 0:00


XS
SM
MD
LG